رووداو - هەولێر
بۆ سێیەم ساڵ پێشەنگەی تەکنەلۆجیا لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمی کوردستان کرایەوە. لە پێشانگەی تەکنەلۆجیی هایتێکس دەیان کۆمپانیا لە چەندین وڵاتی جیاوازەوە بەشدارن.
پێشانگەکە لە هەولێر بە سپۆنسەری میدیایی تۆڕی میدیایی رووداو و هاوبەشیی روانگە بەڕێوەدەچێت، تێیدا 152 کۆمپانیا لە 30 وڵاتی جیاوازەوە بەشدارییان کردووە.
بەشێک لە پێشانگەکە ئەمساڵ تایبەت کراوە بەو گەنجانەی بیرۆکەی کاری تەکنەلۆجییان هەیە و 30 بیرۆکە خراونەتەڕوو، ئەو بیرۆکانەش لە هایتێکس پێشبڕکێ دەکەن و 5 بیرۆکەی براوە لە کۆتایی پێشەنگەکەدا بە بڕی 10 هەزار دۆلار پاڵپشتیی دارایی دەکرێن.
هایتێکسی 2022 تاوەکو 30ی ئەم مانگە بەردەوام دەبێت، لە پەراوێزی هەر چوار رۆژی پێشەنگەکەدا کۆمەڵێک دیدار و پانێڵ بەڕێوەدەچن، ئامانج لە پانێڵەکان و پێشانگەکە خستنەڕووی نوێترین تەکنەلۆجیاکان و گونجاندنیان لەگەڵ بارودۆخی هەرێمی کوردستانە، هەروەها هایتێکس هەوڵدەدات ببێتە پردی بەیەکگەیشتنی کەرتی تایبەت و گشتی لە هەرێمی کوردستان.