گوتەبێژی حەماس لە بۆردوومانێکی ئیسرائیل دا کوژرا

27-03-2025
هاوار عەبدولڕەزاق @HawarAAli
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

ئیسرائیل دەڵێت، لە ئەنجامی بۆردوومانێکیان بۆ سەر باکووری کەرتی غەززە، گوتەبێژی بزووتنەوەی حەماسی فەلەستینی کوژرا.

رۆژی پێنجشەممە، 27ـی ئاداری 2025، میدیای فەرمیی حەماس رایگەیاند، گوتەبێژی بزووتنەوەکەیان لە کەرتی غەززە بەناوی عەبدولـلەتیف قانوع، لە ئەنجامی بۆردوومانی ئیسرائیل بۆ سەر جەبالیا لە باکووری غەززە کوژراوە و هەر لەو هێرشەدا ژمارەیەک خەڵکی سڤیلی دیکەش کوژراون و برینداربوون. 
 
بەگوێرەی میدیای ئەمریکا؛ لەوەتەی ئیسرائیل هێرشەکانی بۆ سەر کەرتی غەززە لە 18ـی ئەم مانگە دەستپێکردووەتەوە، شەش سەرکردەی حەماسیان لەنێو ئەو کەرتە کوشتووە، ئەمەش جگە لەوەی بەرپرسانی تەندروستیی غەززە رایانگەیاندووە، لەماوەی ئەم هەفتەیە لانیکەم 830 فەلەستینی کوژراون کە زۆرینەیان ئافرەت و منداڵ بوون. 
 
بەگوێرەی میدیای عەرەبی، لە سەرەتای سەرهەڵدانی جەنگی غەززە لە 7ـی ئۆکتۆبەری 2023ـەوە، لەکۆی 20 ئەندامی مەکتەبی سیاسیی حەماس، ئیسرائیل 11یانی کوشتوون. هەر لەم هەفتەیەدا، ئیسرائیل هەردوو ئەندامی مەکتەبی سیاسیی حەماس؛ ئیسماعیل بەرهووم و سەلاح بەردویلی کوشتووە. 
 
لەدوای دەستپێکردنەوەی هێرشەکانی ئیسرائیل، بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، حەماسی تۆمەتبار کرد بەوەی رەتیکردووەتەوە ئاگربەست درێژ بکرێتەوە و رۆژی چوارشەممەش هۆشداریدایە ئەو گرووپە فەلەستینییە ئەگەر بەزووترین کات، بارمتەکان ئازاد نەکەن، ئەوا ئیسرائیل دەستبەسەر کەرتی غەززەدا دەگرێت. 
 
بزووتنەوەی حەماسیش وەڵامی هەڕەشەکانی نەتەنیاهوویان دایەوە و رایانگەیاند، ئەگەر ئیسرائیل هێرشەکانی بۆ سەر کەرتی غەززە رانەگەرێت، ئەوا بارمتەکانیان "لەنێو کفن"دا رادەست دەکەنەوە.
 
ئیسرائیل رایگەیاندووە لە کۆی ئەو 251 بارمتەیەی چەکدارانی حەماس لە باشووری ئیسرائیل لە 7ـی ئۆکتۆبەر رفاندنی و بردنیە کەرتی غەززە، 59 لەنێو ئەو کەرتە ماون کە کوژرانی 34یان لەلایەن ئیسرائیلەوە پشتڕاست کراوەتەوە و داوای تەرمەکانیان دەکاتەوە. 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنێکی شاری مهاباد.

18 هەزار گەشتیار سەردانی شوێنە گەشتیارەییەکانی مهابادیان کردووە

سەرۆکی بەڕێوەبەرایەتی پاراستنی ژینگەی مهاباد لە پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان دەڵێت: "18 هەزار گەشتیار سەردانی شوێنە گەشتیارییەکانی شارەکەیان کردووە".