چوار داواکاری لە نێچیرڤان بارزانییەوە بۆ کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن و وەڵامەکانیان

27-03-2024
سیروان عەباس
نیشانەکردن نێچیرڤان بارزانی
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

دادگەی فیدراڵیی عێراق، پەرلەمانی کوردستان و ئەنجوومەنی پارێزگاکانی هەڵوەشاندبووەوە کە دوو دەسەڵات راستەوخۆ لەلایەن گەلەوە هەڵدەبژێردرێن، لەپێناو دروستنەبوونی بۆشایی یاسایی، لە 3ـی ئاداری 2024، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە فەرمانێکی هەرێمی، رۆژی 10ـی حوزەیرانی 2024ـی بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاریکرد. 
 
دوای ئەو فەرمانەی نێچیرڤان بارزانی، حیزبەکانی هەرێمی کوردستان، دەستیان بە خۆئامادەکردن بۆ هەڵبژاردنەکە کرد و ئەو حیزبانەشی کە بەرەبەری لەدایکبوونیان بوو، کۆنگرەی دامەزردانیان بەست و ئەوانیش هاتنە ریزی ململانێکەوە.
 
بەڵام یاساکانی هەڵبژاردن و لادانی کورسییەکانی کۆتا، دەنگی ناڕەزایەتی لە چەند حیزبێک بڵند کرد و وایکرد، حیزبە کلدان سریان ئاشوورییەکان و حیزبە تورکمانەکان جگە لە بەرەی تورکمانی، بڕیاری بایکۆتکردنی هەڵبژاردن بدەن. هەروەها پارتی دیموکراتی کوردستانیش کە خاوەنی گەورەترین فراکسیۆن بوو لە خولی پێنجەمی پەرلەمان، هەڕەشەی کشانەوەی کرد.
 
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، وەکو باڵاترین دەسەڵات، جارێکی دیکە دەستی بە نەخشە و هەوڵەکانی کردەوە، بۆ ئەوەی هەڵبژاردن بکرێت و مافی هیچ لایەنێکی نەخورێت. 
 
نێچیرڤان بارزانی بۆ فایەق زێدان: گرنگە نوێنەری هەرێمی کوردستان لە دەستەی چاوخشاندنەوە بە تانە و سکاڵاکاندا هەبێت
 
رۆژی 10-03-2024، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان نووسراوێکی ئاراستەی فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق کرد و ئاماژەی بەوە کرد، گرنگە نوێنەری هەرێمی کوردستان لە دەستەی چاوخشاندنەوە بە تانە و سکاڵاکانی تایبەت بە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا هەبێت.
 
نووسراوەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێش راگەیێندراوەکەی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان بوو، کە رۆژی 18ـی مانگ بڵاویکردەوە و تێیدا نیگەرانیی خۆی بەرامبەر بڕیارەکانی دادگەی فیدراڵیی عێراق خستبووەڕوو.
 
دوای نووسراوەکەی نێچیرڤان بارزانی، دوو دادوەری کورد کرانە ئەندامی دەستەی چاوخشاندنەوە بە تانە و سکاڵاکان.
 
فایەق زێدان، لە رۆژی 12-03-2024 نووسراوێکی بۆ ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی هەرێمی کوردستان کرد، تێیدا ئاماژەی بە نووسراوەکەی نێچیرڤان بارزانی کرد و داوای سێ ناوی کرد. ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی هەرێمی کوردستانیش، ناوی دادوەرێکی سلێمانی، دادوەرێکی هەولێر و دادوەرێکی دهۆکی بۆ فایەق زێدان نارد.
 
سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراقیش، گۆڕانکاری لەو دەستەیەدا کرد کە ئەرکەکەی سەیرکردنی تانەکانی تایبەت بە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و یەکلاییکردنەوەیان دەبێت و رەمەزان حەسەن عەبید، جێگری سەرۆکی دادگەی تێهەڵچوونەوەی دهۆک کرایە ئەندامی سەرەکیی دەستەکە و کامەران حەسەن فەرەج، جێگری سەرۆکی دادگەی تێهەڵچوونەوەی سلێمانیش کرایە ئەندامی یەدەگی دەستەکە.
 
بەگوێرەى یاسای کۆمیسیۆنى هەڵبژاردنەکانى عێراق کە لە ساڵى 2019 دەرکراوە، ئەنجوومەنى باڵاى دادوەریى عێراق، دەستەى دادوەریى هەڵبژاردن پێکدەهێنێت کە لە سێ دادوەری سەرەکی و دوو دادوەری یەدەگ پێکدێن، بۆ ئەوەى تاوتوێى ئەو تانانە بکات و یەکلاییان بکاتەوە کە لەلایەن ئەنجوومەنى کۆمیسیۆنەوە رەوانەیان دەکرێن.
 
نێچیرڤان بارزانی، چ داوایەکی لە کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنی عێراق کردبوو؟
 
بەگوێرەی لێدوانێکی جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بۆ تۆڕی میدیایی رووداو، نووسراوەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان چوار تەوەری لەخۆگرتبوو، تێیدا داواکرابوو، کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان بڕیار و رێکار لەبارەی ئەو تەوەرانە بدات و چارەسەریان بکات.
 
لەبارەی تێبینییەکانەوە جومانە غەلای قسەی کرد و گوتی، "نەخوێندنەوەی پەنجەمۆر یەکێک بوو لە تێبینییەکان، کە مەزەندە دەکرێت نزیکەی 20%ـی دەنگدەران پەنجەمۆریان نەیخوێنێتەوە. ژمارەی کورسییەکانی بازنەی هەڵبژاردنی پارێزگای هەڵەبجە و ئەگەری زیادکردنی کورسییەکان بەشێوەیەک لەگەڵ دانیشتووانەکەی بگونجێت، یەکێکی دیکە بوو لە تێبینییەکان؛ هەروەها پێشنیاز کرابوو تەواوی پڕۆسەی هەڵبژاردن لە دەستەی کۆمیسیۆن و تەنیا لە هەرێمی کوردستان بێت، چونکە ئەو هەڵبژاردنە پەیوەستە بە هەرێمی کوردستانەوە؛ بابەتەکەی دیکە پەیوەست بوو بە راگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردن و بەراوردکردنی ئەنجامەکانەوە."
 
نەخوێندنەوەی پەنجەمۆر
 
بە گوتەی جومانە غەلای، کۆمیسیۆن لە وەڵامدا گوتوویەتی، "بابەتی پەنجەمۆر دەکەوێتە سەر شێوازی وەرگرتنی پەنجەمۆر لە هاووڵاتی لە کاتی پرۆسەی تۆماری بایۆمەتریدا. پەنجەمۆر بەپێی دۆخی دەنگدەر دەگۆڕدرێت. دەکرێت ئامێرەکان پەنجەمۆری هەندێک کەس نەخوێننەوە کە نەخۆشیی شەکرە و نەخۆشیی پێستیان هەیە، یان بەتەمەن بن و ئەو کارانە بکەن کە مادەی کیمیایی و پاککەرەوەیان تێدا بەکاردەهێندرێت. بۆیە ئەو پرسە پەیوەست نییە بە ئامێری خوێندنەوەی پەنجەمۆرەوە، هێندەی پەیوەستە بە دۆخ و پەنجەی دەنگدەرەوە."
 
گوتەبێژی کۆمیسیۆن دەڵێت، خشتەیەکی تایبەت بە دەنگدەرانی هەرێمی کوردستانیان لە هەولێر، سلێمانی و دهۆک ئامادە کردووە کە لە هەڵبژاردنی ساڵی 2021ـی پەرلەمانی عێراقدا پەنجەمۆریان نەخوێندراوەتەوە؛ لە ساڵی 2021ـدا لە هەولێر 742 هەزار و 550 دەنگدەر کارتی بایۆمەتریان هەبووە و 20%ـیان پەنجەمۆریان نەخوێندراوەتەوە؛ لە سلێمانی 883 هەزار و 423 دەنگدەر کارتی بایۆمەتریان هەبووە و 20%ـیان پەنجەمۆریان نەخوێندراوەتەوە؛ لە دهۆک 559 هەزار و 746 دەنگدەر کارتی بایۆمەترییان هەبووە و 15%ـیان پەنجەمۆریان نەخوێندراوەتەوە.
 
ئامارەکە، بە گوتەی جومانە غەلای، لە کۆتایی ساڵی 2023ـدا بەم جۆرە بووە: ژمارەی ئەوانەی بایۆمەترییان کردووە 962 هەزار و 239 دەنگدەر بوون و 14%ـیان پەنجەمۆریان نەخوێندراوەتەوە؛ لە سلێمانی ژمارەی ئەوانەی بایۆمەترییان کردبوو یەک ملیۆن و 113 هەزار و 302 دەنگدەر بوو و 13%ـیان پەنجەمۆریان نەخوێندراوەتەوە؛ لە دهۆک ژمارەی ئەوانەی بایۆمەترییان کردبوو 708 هەزار و 11 دەنگدەر بوون و 11%ـیان پەنجەمۆریان نەخوێندراوەتەوە.
 
گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان دەڵێت، تیبینییان کردووە ژمارەی ئەوانەی پەنجەمۆریان ناخوێندرێتەوە لە ساڵی 2021 بۆ 2023 کەمبووەتەوە. گوتیشی، ئەو کارەیان بە "زیادکردنی ماوەی نوێکردنەوە و گەڕانی چڕی تیمی گەڕۆک و هەوڵی دیکە بووە بۆ چارەسەکردنی ئەوانەی پەنجەمۆریان نایخوێنێتەوە تاوەکو گەرەنتیی ئەوە بکرێت لە بەشداریکردن لە هەڵبژاردن بێبەش نەبن."

 

رێژەی 5٪ـی ئەوانەی پەنجەمۆریان نایخوێنێتەوە دەنگ دەدەن 
 
بەگوێرەی وەڵامی کۆمیسیۆن بۆ سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، "بەپێی پێوەری جیهانی، ئەو رێژەی نەخوێندنەوەی پەنجەمۆرە "سرووشتییە"، نەوەک تەنیا لە هەرێمی کوردستان، بەڵکو لە تەواوی پارێزگاکانی عێراق لەنێوان 9% بۆ 15%ـی دەنگدەران پەنجەمۆریان نایخوێنێتەوە؛ هەروەها یاسای هەڵبژاردنیش رێگە دەدات 5%ـی ئەوانەی پەنجەمۆریان نایخوێنێتەوە دەنگ بدەن و کۆمیسیۆنیش بەوەوە پابەندە."
 
زیادکردنی ژمارەی کورسیی بازنەی چوارەمی هەڵبژاردن (هەڵەبجە)
 
سەبارەت بە ژمارەی کورسی بازنەی چوارەمی هەڵبژاردن، کە پارێزگای هەڵەبجەیە و داوای زیادکردنی کرابوو، کۆمیسیۆن وەڵامی ئەوە بووە کە "لە رێگەی پێداچوونەوە بە داتا و زانیارییەکانی تایبەت بە بازنەی پارێزگاکە بۆ هەڵبژاردن و بەگوێرەی سنووری کارگێڕی، کە بۆی کێشراوە، 79 هەزار و 920 دەنگدەر تۆمار کراون، کە پێنج ناوەندی تۆمارکردن لەخۆدەگرێت. پاڵپشت بە یاسای هەڵبژادن و بڕیاری دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق، پێویستە کورسیی بازنەی هەڵبژاردن سێ کورسی بێت لەگەڵ گەرەنتیی نوێنەرایەتیی ژنان لەو بازنەیەدا. دەبێت تەنیا خەڵکی ئەو ناوچەیە لەو بازنەیە دەنگبدەن و بەربژێرەکانیش خەڵکی هەمان ناوچە بن. بۆیە دیاریکردنی کورسییەکانی بازنەی هەڵبژادنی هەڵەبجە بەپێی یاسای هەڵبژاردن و بڕیاری دادگەی باڵای فیدراڵی و پێوەرە نێودەوڵەتییەکان بووە. دەشکرێت بڕیارەکانی دەستەی کۆمیسیارانی هەڵبژاردن لە دەستەی دادوەریی هەڵبژاردن تانەی لێبدرێت."
 
تەواوی پرۆسەی هەڵبژاردن لە دەستەی کۆمیسیۆن لە هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان بێت
 
سەبارەت بە بابەتی ئەوەی تەواوی پڕۆسەی هەڵبژاردن لە دەستەی کۆمیسیۆن لە هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان بێت، وەڵامی کۆمیسیۆن ئەوە بووە، "لیژنەی ناوەندی وەزاری بۆ بەڕێوەبردنی هەڵبژاردن بە سەرۆکایەتیی سەرۆکی بازنەی هەڵبژاردن لە عێراق پێکهێندراوە و لە 17ـی ئاداری 2024 لە هەرێمی کوردستان دەستی بە کارەکانی کردووە. هەرچی تایبەتە بە کارمەندی پسپۆری تەکنەلۆژیای زانیارییەکان، ئەوە کۆمیسیۆن کارمەندی تەکنیکیی خۆی لە هەموو پێکهاتەکان هەیە و دەتوانن ئەرک و کاری تەکنەکۆژیا تایبەت بە هەڵبژاردن ئەنجام بدەن. لیژنەی ناوەندییش ئەندامی کوردی تێدایە کە دوو ئەندامن و لە لیژنە لاوەکییەکانی دیکەش رەچاوی دانانی ئەندامانی کورد دەکرێت."
 
راگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردن
 
گوتەبێژی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئاماژەی بە وەڵامی داواکاریی چوارەم کرد و گوتی، "دوای 24 کاژێر لە دەنگدان، ئەنجامی بەرایی رادەگەیێندرێت لەسەر ئاستی پارت و بەربژێرەکان و لە ماڵپەری کۆمیسیۆن بڵاودەکرێتەوە؛ دوای 72 کاژێریش ئەنجامی بەرایی لەسەر ئاستی وێستگەکان رادەگەیێندرێت و لە ماڵپەری کۆمیسیۆن بڵاودەکرێتەوە؛ دوای 7 رۆژیش ئۆفیسەکانی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان دەبێت وێنە و راپۆرتی خۆیان لەبارەی کارتی دەنگدان بدەن."
 
سەبارەت بەوەی پێویستە نوێنەری هەرێمی کوردستان تایبەت بە تەکنەلۆژیای زانیاریی هەڵبژاردن لە ناوەندی تەکنیکی هەبێت، جومانە غەلای دەڵێت، "ئەوە کۆمپانیایەکی پشکنین لە کۆمیسیۆن هەیە و پشکنین بۆ ئامێرەکان دەکات؛ لیژنەیەکی تەکنیکی لەسەر ئاستی باڵا هەیە کە بەدواداچوون بۆ کۆمپانیای پشکنینکار دەکات و دوو ئەندامی لیژنەکە لە هەرێمی کوردستان دەبن کە پسپۆرییان تەکنەلۆژیای زانیاریی دەبێت."

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئۆتۆمبێلێک کە هێزەکانی هەسەدە  لە منبج تەقاندوویانەتەوە.

هەسەدە لە رۆژهەڵاتی منبج دەستی بە هێرشی پێچەوانە کرد

هێزەکانی سووریا دیموکرات - هەسەدە رایگەیاند، لە دەوروبەری بەنداوی تشرین و رۆژهەڵاتی منبج دەستیان بە ئۆپەراسیۆنێک لە دژی چەکدارانی 'سوپای نیشتمانیی سووریا' کردووە و دەیان چەکداریان کوشتووە و تانکێکیان تێکشاندووە. هەروەها چەند گوندێکیان رزگار کردووە.