رووداو دیجیتاڵ
قایمقامی ئاکرێ دەڵێت، لە مانگی رەمەزاندا داشکاندن بۆ نرخی دەرمان لە دەرمانخانەکان بە رێژەی 30٪ دەکرێت و بلیتی چوونە ژوورەوەش بۆ بینینی پزیشک 25٪ تاوەکو 30٪ کەم دەکرێتەوە؛ ئاماژە بەوەش دەکات، هەندێک پشکنین دەکرێنە بێ بەرامبەر.
رۆژی پێنجشەممە، 27ـی شوباتی 2025، د. دلاوەر بۆزۆ، قایمقامی ئاکرێ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "کۆمەڵێک رێکار و بەرنامەمان بۆ مانگی رەمەزان داناوە. یەکێک لەوان داشکاندنی نرخی دەرمانە لە دەرمانخانەکان تاوەکو هاونیشتمانییان سوودمەند بن".
قایمقامی ئاکرێ گوتی، لە مانگی رەمەزاندا پشکنینی نەخۆشیی شەکرە و گوشاری خوێن دەکرێنە بێ بەرامبەر.
د. دلاوەر بۆزۆ ئاماژەی بەوە کرد، دابەزینی نرخ بەو جۆرەیە کە نرخی دەرمان "لە دەرمانخانەکان بە رێژەی 30٪ کەم دەکرێتەوە؛ بلیتی چوونە ژوورەوەش بۆ بینینی پزیشک بە رێژەی 25٪ تاوەکو 30٪ کەم دەکرێتەوە".
قایمقامی ئاکرێ دەڵێت، ئامانج لەو بڕیارانە "هاوکاریکردنی خەڵکی کەم دەرامەتە"؛ گوتیشی: "لیژنەکانمان بەدرێژایی مانگی رەمەزان چاودێریی جێبەجێکردنی ئەم بڕیارانە دەکەن. هەر شوێنێک پابەند نەبێت، سزا دەدرێت".
نەبەز ئیسماعیل، گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیی هەرێمی کوردستان بە رووداوی گوت: "بۆ دیاریکردنی مانگی رەمەزان، سبەی لیژنەی باڵا لە هەولێر و لیژنە لاوەکییەکانیش لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان چاودێری بینینی مانگ دەکەن".
چاودێریکردنی بینینی مانگ سبەی کاژێر 05:00ـی ئێوارە تاوەکو دوای بانگی شێوان دەبێت. گوتەبێژی وەزارە ئەوقاف دەڵێ: "سبەی مانگ بینرا، شەممە دەبێتە رەمەزان و نەبینرا رۆژی دواتر یەکەم رۆژی ئەو مانگە پیرۆزە دەبێت".
ساڵی رابردوو 11-3-2024، لە هەرێمی کوردستان و زۆرینەی وڵاتانی ئیسلام یەکەم رۆژی مانگی رەمەزان بوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ