رووداو دیجیتاڵ
هێزەکانی پاسەوانی سنووری عێراق خاڵێکی نوێیان لە گوندی پەرەخ لە زاخۆ داناوە، پێشتر ناوچەکە لەنێو جەرگەی شەڕی تورکیا و پەکەکەدا بوو، بەڵام دوای دانانی ئەو خاڵە، جۆرێک لە ئارامی بۆ گەڕاوەتەوە و بەشێک لە هاونیشتمانییانیش چوونەتەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان.
مام عەبدوڵڵا پەرەخی یەکێکە لە هاونیشتمانییانەی گەڕاوەتەوە نێو ماڵەکەی و خەریکی رەز و باخەکەیەتی، دەڵێت، پێشتر چوار بۆ پێنج جار مووشەک و گولـلەتۆپ بەر زەوییەکانی ئەو کەوتوون، بۆیە گوندەکەیان چۆڵ کردبوو.
ئێستا گوندەکە بۆ کاری مام عەبدوڵڵا ئارامە و بە بێ ترس کاری خۆی دەکات.
پاسەوانی سنووری عێراق 12 خاڵی سەربازییان لە گوندەکانی سەر بە ناحیەی دەرکار دانەوە. چوار لەوانیش هێشتا کار تێیاندا بەردەوامە.
مام گۆرگین، دانیشتوویەکی دیکەی گوندەکەیە و دەڵێت، "سوپاس بۆ خودا سەلامەتە، لەدوای رووداوەکەی گوندی پەرەخ، سەلامەتە. داسەکەم لەسەر ملی خۆم دادەنێم و دەچم بۆ نێو رەز و باخەکەم، هیچ ترس نییە."
ئەو جێگایانەی خاڵی سەربازییان تێدا دانراون، گەشتیارین، پێشبینی دەکرێت بە دابینکردنی ئەمن و ئاسایشی ئەو ناوچانە، ژمارەی گەشتیارانیش زیاد بکەن.
مەسعود عەلی، دانیشتووی ناوچەکەیە، گلەیی لە خزمەتگوزاریی ناوچەکە هەیە و دەڵێت، شەقامەکانیان بەشێکیان تەواو نەکراون و باش نین، هەروەها کارەباش تاوەکو دوو کاژێر هەیە، شەش کاژێر نییە.
لەلایەکی دیکەشەوە دەست بە خزمەتگوزاریی نۆژەنکردنەوەی شەقامەکانی بەشێکی گوندەکانی سنووری ناحیەی دەرکار کراوە.
جەهوەر محەممەد، بەڕێوەبەری ناحیەی دەرکار بە رووداوی راگەیاند، دوای ئەوەی ئەمن و ئاسایش بەرقەرارکرا، کار و پڕۆژەی خزمەتگوزاری بۆ ئەو ناوچەیە دەکەن، لەوانە دروستکردنی شەقام.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ