رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی شارەوانیی دارەتووی سەر بە پارێزگای هەولێر رایگەیاند، هەڵمەتی کۆکردنەوەی سەگ لە سنووری ناحیەکەیان بەردەوامە، تاوەکو ئێستاش زیاتر لە 500 سەگی بەرەڵڵایان کۆکردووەتەوە و ناردوویانن بۆ شەڵتەری سەگەکان.
رەوەند قادر، سەرۆکی شارەوانیی دارەتوو کە میوانی پۆکاستی مژار بوو لە رادیۆی رووداو بوو باسی هەڵمەتی کۆکردنەوەی سەگی بەرەڵلای کرد و گوتی: "10 هەڵمەتمان بۆ کۆکردنەوەی سەگ کردووە، لە هەر هەڵمەتێکدا زیاتر لە 50 سەگ کۆکراونەتەوە."
سەرەڕای کۆکردنەوەی ئەو ژمارە زۆرەی سەگ، بەڵام هاونیشتمانیان پەیوەندییان بە رووداوەوە کردووە و دەڵێن، بە دەست سەگی بەرەڵڵاوە بێزارن. لە ماوەی رابردووشدا رەوە سەگ لە سنووری دارەتوو پەلاماری منداڵێکیان دا و بەوهۆیەوە منداڵەکە گیانی لەدەستدا.
سەرۆکی شارەوانیی دارەتوو گوتی: "مانگی رابردوو 134 سەگ گیران، 50یان پێشتر لە شەڵتەر بوونە و دووبارە بەرەڵڵا کراونەتەوە، سەگەکان قردێلەی شەڵتەریان لە گوێ کرابوو."
پرۆژەکانی دارەتوو
رەوەند قادر، باسی لە پرۆژە خزمەتگوزارییەکانی سنووری ناحیەی دارەتوو کرد و گوتی، لە چوار ساڵی رابردوودا زیاتر لە 30 پرۆژەی خزمەتگوزاری جۆراوجۆر خراونەتەواری جێبەجێکردنەوە 25 پرۆژە لەوانە 100٪ تەواوکراون و پێنج پرۆژەکەی دیکەش کاریان تێدا دەکرێت.
بە گوتەی سەرۆکی شارەوانیی دارەتوو، ئەو پرۆژانەی جێبەجێکراون، بریتبوون لە ئاوەڕۆ و دروستکرنی شۆستە و شەقام، دروستکردنی باخچە.
سەرۆکی شارەوانیی دارەتوو ئاماژەی بەوەدا زۆربەی پرۆژەکان بۆ گەڕەکی ژین بوونە. بە جۆرێک لەو 11 ملیار دینارەی بۆ سنووری ناحیەکەیان خەرجکراوە، نزیکەی 7 ملیار دیناری بۆ گەڕەکی ژین بووە کە گرنگییەکی زۆر بەو گەڕەکە دراوە چونکە گەورەترین گەڕەکی ناحیەکەیە و نزیکەی 10 هەزار پارچە زەوییە، "بۆیە هەوڵمانداوە زۆرترین خزمەتگوزاری بۆ کەرتی هەزاری، دوو هەزاری و سێ هەزاری و نۆ هەزاری گەڕەکی ژین جێبەجێ بکەین"
گەیاندنی خزمەتگوزاری بۆ گەڕەکی ژین لە هەموو سێكتەرەکانی ئاو و ئاوەڕۆ، رێگەسازی، کارەبا، قوتابخانە و بنکەی تەندروستی، نزیکەی 35 ملیار دیناری پێویستە.
سەرۆکی شارەوانیی دارەتوو، گوتی، ئەم ساڵ قوتابخانەیەکی 18 پۆلی بەشێوازێکی مۆدێرن لە گەڕەکی ژین دروستکراوە، هەروەها لە گەڕەکی دارەتووی کۆن، دوو پرۆژە جێبەجێکراون؛ جووتسایدکردنی شەقامێکی 30 مەتری و شەقامی سەوزە و میوەفرۆشان چاککراوە، گۆڕەپانێکیش بۆ میوەفرۆشەکان دابینکراوە و لەسەر شارەوانی مێز و پێداویستییەکانیان بۆ دابین کردوون.
لەبارەی وەستانی کارکردن لە جووتسایدی گەڕەکی ژین، رەوەند قادر دەڵێت، پرۆژەکە 52٪ی جێبەجیکراوە، بەڵام بەهۆی زستان و گرفتی نەختینەوە پرۆژەکە وەستاوە، گوژمەی پرۆژەکە 3 ملیار دینارە، لەهەوڵداین لە وەرزی بەهار وەگەڕ بخرێتەوە.
چەند هاونیشتمانییەک پەیوەندیان بە بەرنامەی مژارەوە کردووە و دەڵێن، "کارگەیەکی کارتۆن لە ناوچەی پیشەسازی دارەتوو ژیانی تاڵکردووین و چەندین کەس خانووەکانیان فرۆشتووە."
سەرۆکی شارەوانی گوتی: "تائیستا هێچ هاونیشتمانییەک سکاڵای تۆمار نەکردووە و لەماوەی شەش مانگی رابردوودا سێ جار نووسرامان بۆ هاتووە بۆ چاودێری ئەو کارگەیە، بەڵام لەوانەیە لە شەوان کاری کردبێت، بەدواداچوونی بۆ دەکەین و هەر سەرپێچییەکی هەبێت، رووبەڕووی سزای دەکەینەوە."
یەکێک لەو کەرتانەی شارەوانی دارەتوو لە ماوەی ساڵی رابردوو کاری لەسەر کردووە، زیادکردنی رێژەی سەوزایی و چاندنی نەمام و دار بووە لە نێو ناحیەکە. رەوەند قادر گوتی: "لە دوورگە ناوەندییەکانی هەموو شەقامەکان دار چێنراوە." گوتیشی، هەر هاونیشتمانییەک خانوو دروست بکات، مەرجە دارێک لەبەردەم ماڵەکەیدا بچێنێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ