رووداو دیجیتاڵ
جارێکی دیکە لە سنووری هەردوو پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆکانی راپەڕین و گەرمیان، بایکۆتی مامۆستایان دژی دواکەوتنی مووچە دەستیپێکردەوە. بەرپرسێکی باڵای پەروەردە دەڵێت: "بەهۆی بایکۆتەوە زۆرینەی قوتابخانەکان داخراون".
ئاوات محەممەد، یەکێک لە نوێنەرانی مامۆستایانی ناڕازی لە سلێمانی ئەمڕۆ دووشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەمڕۆ زۆرینە لە قوتابخانەکانی سلێمانی بەهۆی بایکۆتەوە داخراون".
ئاوات محەممەد دەڵێت، داواکاری مامۆستایان دژی دواکەوتنی مووچە، راگرتنی پلەبەرزکردنەوەیە و داواش دەکەن، لە رێگەی بانکەکانی عێراقەوە "تەوتین" بکرێن.
هەر ئەمڕۆ فەرهاد قادر، ئەندامی دەستەی مامۆستایانی ناڕازی لە هەڵەبجە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لە سنوورەکەمان بایکۆت خۆڕسکە و ژمارەیەک مامۆستا بایکۆتیان کردووە. هەروەها قوتابخانەی ئامادەیی باڵانبۆ بە دەنگی زۆرینەی مامۆستاکانی بایکۆتیان راگەیاندووە و قوتابخانەکە داخراوە".
هەروەها بەرپرسێکی باڵا لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی سلێمانی ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "راستە و زۆرینەی قوتابخانەکان داخراون، داواکاری سەرەکیی مامۆستایانیش مووچەی مانگەکانی 12ی پار و 1ی ئەم ساڵە".
هاوکات عەبدولواحید محەممەد، جێگری سەرۆکی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ناڕەزایی مامۆستایان سەریهەڵداوەتەوە، بەڵام ئاگادار نیم چەند قوتابخانە بەهۆی بایکۆتەوە داخراون".
جێگری سەرۆکی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان ئاماژەی بەوەشکرد، مامۆستایانی ناڕازی بڕیاریانداوە سبەی خۆپێشاندان بکەن و ناڕەزاییەکانیان فراوان بکەن.
لە هەمان سنوور و بۆ هەمان ئامانج، لە 01-12-2024 زۆرینەی مامۆستایان بایکۆتی دەوامیان کرد، بەڵام لە کۆتایی مانگەکەدا و دوای وەرگرتنی مووچەی مانگی 10ـی ساڵی رابردوو رایانگەیاند، بۆ تاقیکردنەوەکانی وەرزی یەکەم دەگەڕێنەوە قوتابخانەکان.
لە سنووری پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک و هەردوو ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ و سۆران، دەوامکردن ئاساییە.
ساڵی رابردووش لەگەڵ دەستپێکی خوێندندا لە 13ـی ئەیلوول، لە پارێزگاکانی سلێمانی، هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆکانی سنوورەکە، مامۆستایان دژی دواکەوتنی مووچە بایکۆتیان کرد و بایکۆتەکەش تاوەکو 20ـی شوباتی ئەم ساڵ درێژەی کێشا.
کێشەی ساڵانەی بایکۆتی مامۆستایان، ناجێگیریی دابەشکردنی مووچەیە، کە ئێستا مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لەلایەن بەغداوە دەدرێت و تاوەکو ئەمڕۆ مووچەی مانگی 12ـی ساڵی رابردوو دابەش نەکراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ