رووداو دیجیتاڵ
دوو هاونیشتمانیی خەڵکی گوندی بامشمش لە قەزای ئاکرێ، لە بۆردوومانێکدا گیانیان لەدەستدا. رێکخراوی (CPT)ـی ئەمریکی دەڵێت، "تورکیا بۆردوومانەکەی کردووە و پاریش بەهۆی بۆردوومانەوە 18 هاونیشتمانی گیانیان لەدەستداوە."
کامەران عوسمان، ئەندامی تیمی کوردستانی عێراقی رێکخراوی تیمەکانی دروستکەری ئاشتیی کۆمەڵگە (CPT) ـی ئەمریکی، ئەمڕۆ (دووشەممە) بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "دوو هاونیشتمانی لە سنووری پارێزگای دهۆک بەهۆی بۆردوومانی تورکیاوە شەهیدبوون؛ هەر ئەمساڵ بە هەمان هۆکار و هەر لە پارێزگای دهۆک، دوو هاونیشتمانی دیکە بریندار بوون."
بەگوتەی کامەران عوسمان کە رێکخراوەیان بایەخ بە تۆمارکردنی پێشێلکارییەکانی تورکیا و ئێران لە سنوورەکانی هەرێمی کوردستان دەدات، "پار بەهۆی بۆردوومانەکانی تورکیاوە؛ 18 هاونیشتمانی شەهید بوون و پێنجی دیکەش بریندار بوون."
هەر بەگوێرەی ئاماری سی پی تی، "لە 9 مانگی ساڵی رابردوودا، تورکیا نزیکەی هەزار و 600 جار خاکی هەرێمی کوردستانی بۆردوومان کردووە، لەکاتێکدا بەدرێژایی ساڵی 2023 هەزار و 548 جار بۆردوومانی کردبوو."
کامەران عوسمان گوتی "لە 01-01-1991ـەوە تاوەکو ئەمڕۆ، 720 هاونیشتمانی بوونەتە قوربانیی بۆردوومانەکانی تورکیا، کە 353ـیان کوژراون و 367ـیشان بریندارن".
بەگوێرەی ئاماری (CPT)، لە ئەنجامی شەڕی نێوان سوپای تورکیا و گەریلاکانی پەکەکە و بۆردوومان و تۆپبارانەکانی تورکیا، زیاتر لە 170 گوندی هەرێمی کوردستان بە تەواوی چۆڵکراون و 602 گوندیش مەترسی چۆڵبوونیان لەسەرە.
سوپای تورکیا لە سەرەتای ساڵانی 1990ـەوە، بە پاساوی لێدان لە گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)، بۆردوومان و تۆپبارانی ناوچە جیاکانی هەرێمی کوردستان دەکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ