هەرێمی کوردستان ئامادەکاری بۆ رووبەڕووبوونەوەی لافاو دەکات

26-10-2024
سۆلین حەمەدەمین
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

کەشناسان پێشبینی دەکەن هەفتەی داهاتوو شەپۆلێکی بارانبارین تەواوی هەرێمی کوردستان بگرێتەوە و لە هەندێک شوێندا 50 ملیمتەر باران ببارێت. بەرپرسێکیش لە پارێزگای هەولێر دەڵێت، "بۆ تەواوی وەرزی زستان ئامادەکاریمان کردووە."
 
ئەمڕۆ (شەممە، 26ـی تشرینی یەکەمی 2024) بەرپرسێک لە پارێزگای هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئامادەکاریی تەواو کراوە بۆ رێگرتن لە دروستبوونی لافاو. "رێکار و ئامادەکارییەکانمان تاوەکو مانگی ئادار بەردەوام دەبن. مەنهۆڵەکان پاککراونەتەوە و پاشماوەکان لەسەر شەقامەکان لادراون." 
 
گوتیشی "بە گوێرەی ئامادەکارییەکان، ئەم ساڵ لافاو لە پار کەمتر دەبێت، پاریش دروستبوونی لافاو سێ بەرامبەر ساڵی پێش خۆی کەمتر بوو."
 
هاوکات ئیسماعیل مستەفا، گوتەبێژی شارەوانیی دهۆک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "پاککردنەوە و فراوانکردنی رووباری هیشکەڕۆ کۆتاییهاتووە، سەرەتا پاشماوەی 150 خانوو لابرا، دواتر پاشماوەی نێو رووبارەکە لادرا. کۆمەڵێک مەنهۆڵیش پاککراونەتەوە."
 
بە گوتەی ئیسماعیل مستەفا، لە دهۆک سێ لیژنە هەن، کە بە هاوئاهەنگی لەگەڵیان چەندین هەنگاو نراون، بۆ رێگرتن لە دروستبوونی لافاو لە وەرزی زستاندا.
 
گوتەبێژی شارەوانیی دهۆک گوتیشی، "بڕیارە لە هەفتەی داهاتوودا دەست بکەین بە دروستکردنی 9 پرد لەسەر رووباری هیشکەڕۆ، تاوەکو خەڵک لێی بپەڕنەوە."
 
سەبارەت بە ئامادەکارییەکانی رووبەڕووبوونەوەی لافاو لە پارێزگای سلێمانی، ئارام عەلی، گوتەبێژی پۆلیسی بەرگریی شارستانیی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "تیمەکانمان لە ئامادەیی بەردەوامدان، بە هاوئاهەنگی لەگەڵ سەرۆکایەتیی شارەوانی، هەموو مەنهۆڵەکان پاککراونەتەوە و ئامادەکاری تەواو کراوە."
 
لە هەڵەبجەش بە گوتەی فەرحان عیزەت مەجید، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەڵەبجە بۆ رووداو "بۆ هەر رووداوێکی نەخوازراو خۆمان ئامادەکردووە، مەنهۆڵەکانمان پاککردوونەوە و تیمەکانمان لە ئامادەیی بەردەوامدان."
 
ئەمە لەکاتێکدایە، محەممەد کەمال، شارەزای کەشناسی ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "هەفتەی داهاتوو لە 03ـی مانگی 11ـەوە، شەپۆلێکی بارانبارین سەرانسەری هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە، بەگوێرەی ناوچەکانیش لەنێوان 15 بۆ 50 ملیمەتر باران دەبارێت."
 
هەروەها شاڵاو هیدایەت، شارەزای کەشناسی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "سەرەتای مانگی داهاتوو بارانێکی زۆر لە عێراق و هەرێمی کوردستان دەبارێت و لە زۆرینەی ناوچەکان پەڵە دەدات".

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لەو چوار ساڵەدا زۆرترین کەس لە ساڵی 2021 خنکاون. وێنەکە بۆ روونکردنەوەی هەواڵەکەیە.

بەرگریی شارستانیی هەولێر: لە چوار ساڵدا 116 کەس لە ئاودا خنکاون

بەگوێرەی ئامارێکی بەڕێوەبەرایەتی بەرگریی شارستانیی هەولێر، لە چوار ساڵی رابردوودا 224 کەس لە رووداوی جیادا گیانیان لەدەستداوە کە 116یان لە ئاودا خنکاون. لە هەمان ئەو ماوەیەدا بەهۆی رووداوی جیاوە هەزار و 218 ئۆتۆمبێل سووتاون.