رووداو دیجیتاڵ
لەگەڵ نزیكبوونەوەی جەژنی قوربان، مەیدانی ئاژەڵانی هەولێر زیاتر جووڵەی تێكەوتووە، هەر لە بەرەبەیانەوە بازاڕەکە جممەی دێت لە کڕیار و فرۆشیار کە خەریکی سەوداکردنی کڕین و فرۆشتنی ئاژەڵی قوربانین.
حاجی محیەدین بایز خەیلانی، ئەندامی ئەنجوومەنی مەیدانی ئاژەڵانی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "ئەمساڵ بەگشتی بازاڕ زۆر باشە، گرانیی گۆشت و قەیرانەکان هیچ کاریگەرییەکیان نەبووە. رۆژانە ئاژەڵی خۆماڵی، ئەوەی دەهێنرێتە مەیدان هەمووی دەفرۆشرێت".
حاجی محیەدین باسی ئەوە دەکات "ئێستا لە تورکیا ئاژەڵ زۆر کەم دەهێنرێت. بەگشتی ئەوەی لە تورکیا و سووریاشەوە دێت، بەشێکی لێرە ساخدەبێتەوە و ئەوەی دیکەی رەوانەی ناوەڕاست و باشووری عێراق دەکرێت؛ هەولێر بووەتە بۆرسەی ئاژەڵی عێراق".
بەگشتی رۆژانە لە پێنج تاوەکو 10 هەزار سەرئاژەڵ لە مەیدانی ئاژەڵانی هەولێر دەفرۆشرێن، حاجی محیەدین دەڵێ "بەتایبەت شەممە، دووشەممە و چوارشەممە بازاڕ زۆر باشە".
نرخی گۆشت بەراورد بە پار گران بووە، ساڵی 2022 کیلۆیەک گۆشتی کاوڕ لەو مەیدانەی ئاژەڵانی هەولێر بە پێنج هەزار دینار بوو، ئەمساڵ بە 7 هەزار و 500 دینارە، کیلۆیەک گۆشتی جوانەگا لەنێوان چوار بۆ شەش هەزار دینار بوو، ئەمساڵ لە حەوت هەزار دینار کەمتر نییە، بەڵام بەگوتەی فرۆشیاران، "گرانبوونی نرخ کاریگەریی نەرێنی لەسەر بازاڕیان دروست نەکردووە". ئەندامەکەی ئەنجوومەنی مەیدانی ئاژەڵانی هەولێر دەڵێ "من، لە ساڵی 1987ـەوە لەم بازاڕە کاردەکەم، هیچ رۆژێک نەمدیوە هێندەی شەممەی رابردوو (24-6-2023) قەرەباڵخ بووبێت".
ساڵانە لەگەڵ نزیکبوونەوەی جەژنی قوربان، موسڵمانانی جیھان لەنێویشیاندا موسڵمانانی هەرێمی کوردستان، ئاژەڵ دەکەنە قوربانی. بەگوتەی ئەوانەی لەنێو بازاڕەکەدا کاردەکەن، ئەمساڵ بەتایبەتی دوای کۆتاییهاتنی یەکجاریی پەتای جیهانیی کۆرۆنا، خەڵک زیاتر قوربانی دەکەن.
رەفیق رەحمان، هاونیشتمانییەکە لە مەیدانی ئاژەڵانی هەولێر کاردەکات، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "ئەمساڵ بازاڕ گەرمە بۆ قوربانیکردن و، هەولێر زۆر بە گەرمی پێشوازی لەم جەژنە دەکات".
ئەو فرۆشیارە باس لەوەش دەکات "ئەوەی کێشەیە و کەمێک کاریگەریی خستووەتە سەر بازاڕ، بریارەکەی حکومەتە کە دەبێت ئاژەڵەکانی قوربانی بەهۆی پەتای خوێنبەربوونەوە لە سەربڕخانەکان سەرببڕێن، کە ئەمە زۆر ئەستەمە، چونکە ئەو قەسابانەی لە سەربڕخانەکان هەن، جیاوازییان نییە لەگەڵ قەسابەکانی دیکە".