رووداو دیجیتاڵ
کۆڕبەندی هەولێر، کە ناوەندی لێکۆڵینەوەی رووداو، بە هاوبەشی لەگەڵ ژمارەیەک ناوەندە دیارەکانی لێکۆڵینەوە و دامەزراوەکان لەسەر ئاستی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و جیهان، بەڕێوەی دەبات، ئەمڕۆ دەستیپێکرد.
لە کۆڕبەندەکەدا گوتاری د. عەبدولەتیف رەشید، سەرۆککوماری عێراق، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق پێشکێش کران، هەروەها سێ چاوپێکەوتنی تایبەت لەگەڵ مەحموود مەشهەدانی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق و نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و زەکەریا یاپیجیۆغڵو، سەرۆکی هوداپار کرا.
هەر لە چوارچێوەی یەکەم رۆژی سێیەم کۆڕبەندی هەولێر دا، ئەمڕۆ چوار پانێڵ بەو ناونیشانانە بەڕێوەبردران:
1 - داهاتووی سووریا لەدوای ئەسەد؛ داڕشتنەوەی پێکهاتەی ئەمنی و سیاسی لە ناوچەکە
2 - حکومەتە رۆژئاواییەکان و پرسی پاراستنی مافی کەمینەکان لە سووریای دوای رژێمی ئەسەد. داهاتووی ئاسایش، هاوسەنگییە سەربازی و ئەمنییەکان لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست
3 - بەردەوامیی شەڕ و گرژییەکان یان هاوسەنگی و سەقامگیری، تێکەڵاوبوون بە دەوڵەت
4 - جێگیرکردنی دەسەڵات و قۆناخی راگوزەری سیاسی؛ تەگەرەکانی سووریای دوای ئەسەد
5 - دیدگاکانی سەردەمێکی راگوزەر لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست: خاڵەکانی وەرچەرخانی سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتی
بە گشتی لەو کۆڕبەندەدا 90 پانێلیست بەشدار دەبن. لە دەرەوەی هەرێمی کوردستان 140 میوان بەشدار دەبن. بەرپرسانی پارتەکانی تورکیا، جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران، بەرپرس و سەرکردەکانی عێراق، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، سەرۆکوەزیرانی عێراق، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بەشداری دەکەن. لە نوێنەرایەتیی وڵاتانیش 8 باڵیۆزی وڵاتان ئامادە دەبن، لەگەڵ 21 کۆنسووڵی وڵاتان.