شارەوانییەکانی گەرمیان: هەر وەبەرهێنەرێک بیەوێت کارگەی ریسایکلین دابنێت هەموو هاوکارییەکی دەکەین

26-02-2024
محەممەد رەحیم کەریم @Mohammed_mrk
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەکانی گەرمیان دەڵێت، بەبەهای نزیکەی 30 ملیۆن دۆلار پرۆژەی خزمەتگوزاری لە سنوورەکە بەهۆی قەیرانی داراییەوە راگیراون. دەشڵیت، هەر وەبەرهێنەرێک بیەوێت کارگەی ریسایکلین دابنێت، "هەموو هاوکارییەکی دەکەین."
 
بەرزان کەریم، بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەکانی گەرمیان لە کاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی مژاری رادیۆی رووداو باسی لەو پرۆژانە کرد کە ساڵی رابردوو لە سنوورەکە جێبەجێ کراون و ئەوانەشی کە بەهۆی قەیرانی داراییەوە کارەکانیان راگیراوە. 
 
بەڕێوەبەرە گشتییەکە باس لەوە دەکات، لە ساڵی رابردوو بە گوژمەی زیاتر لە دوو ملیار و 194 ملیۆن دینار پرۆژەی خزمەتگوزاری لە کەرتە جیاوازەکانی دروستکردنی تۆڕی ئاو و ئاوەڕۆ، شەقام و شۆستە جێبەجێکراون.
 
ئەو پرۆژانەی جێبەجێکراون لە قەزا و ناحییەکانی سنووری ئیدارەی گەرمیان بوون (بێجگە لە کەلار)، لەوانە؛ پرۆژەی دروستکردنی ئاوەڕۆی بەشێک لە گەڕەکەکانی شاکەل و گەڕەکی گەرمیان لە ناحیەی رزگاری بە گوژمەی 740 ملیۆن دینار، دروستکردنی ئاوەڕۆی بەشێک لە گەڕەکی راپەڕین لە ناحیەی رزگاری بە گوژمەی 378 ملیۆن دینار.
 
هەروەها پرۆژەی ئاوەڕۆ و رێگەسازی، گەڕەکی خەبات و نەورۆز لە شارەدێی گردەگۆزینە بە گوژمەی 301 ملیۆن دینار.
 
گوتیشی، پرۆژەی قیرتاوکردنی دوو شەقام لە ناحیەی مەیدان بەشێوەی راستەوخۆ بە گوژمەی 73 ملیۆن دینار، هەروەها پرۆژەی رێگەسازی چوار رێیانی ساڵح ئاغا، بە گوژمەی 700 ملیۆن دینار کە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی رێگەوبانی گەرمیان جێبەجێکراون.
 
لەبارەی بودجەی ئەو پرۆژانە، بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەکانی گەرمیان گوتی، لەسەر بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاکان بووە و رێگەی ئیدارەی گەرمیانەوە سەرپەرشتی کراوە.
 
بەرزان کەریم دەڵێت، نەبوونی نەختینە "گرفتی گەورەی بۆ دروستکردووین، بەشێوەیەک پرۆژە هەیە کۆمپانیاکە ئامادە نییە وەریبگرێت، ئەگەر گەرەنتی پارەکەی نەکرێت. لەوانە، پرۆژەی دروستکردنی شەقام و ئاوەڕۆی دوو گەڕەکی کفری کە زیاتر دوو ملیار دیناری تێدەچێت."
 
بەگوێرەی بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەکانی گەرمیان، بە بەهای زیاتر لە 30 ملیۆن دۆلار پرۆژە لە سێکتەری شارەوانیدا راگیراون، "ئەو پرۆژانە کە لەسەر بودجەی پەرەپێدانی ناوچە جیاجیاکانی هەرێمی کوردستان بوون و ئەنجوومەنی وەزیران سەرپەرشتی کردوون، ئێستا لە هەوڵداین بۆ ئەوەی چارەسەری بکەین."
 
بەشێک لەو پرۆژانەی لە قەزای کەلار و کفری بەهۆی قەیرانی داراییەوە راگیراون لەوانە: 
 
- پرۆژەی رێگەسازی و تۆڕی ئاوەڕۆی گەڕەکی بنگرد و کۆڵانەکانی شارەدێی گردەگۆزینە لە کەلار، بە گوژمەکەی 2 ملیۆن و 31 هەزار دۆلار، هێشتا زیاتر لە 50٪ی پارەکەی خەرج نەکراوە.
 
- پرۆژەی رێگەسازی گەڕەکی راپەڕین لە کفری بە بەهای یەک ملیۆن و 250 هەزار دۆلار.
 
- دروستکردنی باڵەخانەی فەرمانگەی شارەوانی و ئاوی کفری بە بەهای یەک ملیۆن و 400 هەزار دۆلار.
 
- جووتسایدی کفری - کارێز، بە بەهای یەک ملیۆن و 882 هەزار دۆلار.
 
بەڕێوەبەرایەتی گشتیی شارەوانییەکانی گەرمیان پێکدێت لە 13 شارەوانی و بنکەیەکی شارەوانی خورماتوو.
 
بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەکانی گەرمیان دەڵێت، دابەشکردنی بودجە بۆ پرۆژەکان لەسەر بنەمای رێژەی دانیشتووانە، "لەمەدا ستەم لە گەرمیان و قەزای کەلاری ناوەندی ئیدارەی گەرمیان دەکرێت، چونکە بەشێکی زۆری دانیشتوانی گەرمیان، رەگەزنامە و پسوولەی خۆراکیان دەکەوێتە سنووری مادەی 140."
 
لەبارەی کۆکردنەوەی زبڵ و خاشاک لە سنووری ئیدارەی گەرمیان و بەشێک لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان، بەرزان کەریم دەڵێت، ئێستا رۆژانە بەشێوەیەکی ئاسایی نزیکەی 370 تۆن زبڵ و خاشاک کۆدەکرێتەوە و ژێر خاک دەکرێت."
 
هاوکات، دەشڵێت، گرفتی کۆکردنەوەی زبڵ وخاشاک لە رابردوودا "یەکێک بووە لە کێشەکانی ئێمە، بەهۆی گرفتی نەختینەوە چەندینجار کێشەمان بۆ دروستبووە، بەڵام  لە 1-1-2022ـەوە تا ئێستا لەلایەن سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانی کوردستانەوە، پارەی کۆمپانیای کۆکردنەوەی زبڵ و خاشاکی سنوورەکە دەدرێت."
 
لەبارەی دامەزراندی کارگەی ریسایکلین لە سنووری گەرمیان، ئاماژەی بەوەکرد، "ئەو شێوازەی کۆکردنەوەی زبڵ و خاشاک، مەترسیدارە و تەندروست نییە، ئێمە نزیکەی 100 دۆنم زەویمان لە کەلار دیاری کردووە و چەند جارێکیش داوامان لە وەزارەتی شارەوانی کردووە بۆ ئەوەی دەرخستە بۆ کارگەی ریسایکلین بکرێت."
 
جەخت لەوە دەکاتەوە، وەبەرهێنەران یان هەر کەسێک دەیەوێت کارگەری ریسایكڵینی گەرمیان جێبەجێبکات و وەبەرهێنانی تێدا بکات، "هەموو هاوکارییەکی دەکەین".
 
رۆژی 21ی شوباتی 2018 ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان رەزامەندیی لەسەر دابەشکردنی 11 هەزار و 141 پارچە زەویی پێشاندا بۆ ئەوەی کەسوکاری شەهیدانی ئەنفال لێیان سوودمەند بن؛ ئەو بڕیارە لە سنووری ئیدارەی گەرمیانیش ژمارەیەکی زۆر لە هاونیشتمانییان دەگرێتەوە.
 
بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەکانی گەرمیان دەڵێت،  لە ساڵی 2018 سێ فەرمانی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران هەبوون بۆ دابەشکردنی زەویی بەسەر کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراون.
 
فەرمانەکە لە کەلار، کفری، رزگاری، سەرقەڵا، ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم بوو، "ئەوەی ناویان لە فەرمانەکەدا هاتبوو زەوییان بەسەردا دابەشکراوە."
 
گوتیشی، لە کفری و سەرقەڵا و رزگاری، پرۆسەکە 100٪ تەواوکراون و نزیکەی 700 کەس سوودمەندبوون، هەروەها لە کەلار 958 پارچە زەویی تیروپشکیان بۆ کراوە بۆ ئەو کەسانەی فەرمانیان هەبووە؛ "ئێستا تەنیا لەسەر قەرەبووکردنەوەی جووتیارانی خاوەن زەوییەکە ماوە، بۆ سنووری خورماتوو نزیکەی 220 فەرمان هەبوون لەهەولداین لە نزیکترین شوێن بۆیان دابین بکەین."
 
 
 
 
 
 

 

 
 
 
 
 
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

وەزارەتی دارایی دەڵێت، تائێستا نزیکەی 700 هەزار مووچەخۆر لە 'هەژماری من' تۆمار کراون

وەزارەتی دارایی: ساڵی داهاتوو پڕۆژەی 'هەژماری من' رادەستی وەزارەتەکەمان دەکرێت

وەزارەتی دارایی دەڵێت، هەرێمی کوردستان دەتوانێت بۆ پڕۆژەی هەژماری من سوود لە سەرجەم ئەو بانکە ئەهلییانە وەربگرێت کە لەلایەن بانکی ناوەندیی عێراقەوە مۆڵەتی کارکردنیان پێدراوە.