رووداو دیجیتاڵ
رۆژی یەکشەممە، 26-2-2023 لە دووەمین ساڵیادی کردنەوەی کۆنسوڵخانەی ئەرمینیا لە هەولێر، پێشانگەیەکی تایبەت بە ناوی "کەمینەکان لە ئەرمینیا، ئەرشیڤی دۆکیۆمێنت و وێنەکان" بەڕێوەچوو.
لە پێشانگەکەدا چەندین دۆکیۆمێنت و وێنەی کۆن نمایشکرابوون کە نووسینەکانیان بە ئەرمەنی نووسرابوو. پێشانگەکە دوو بەش بوو، بەشێکیان وێنەی مێژوویی کەمینەکانی ئەرمینیا بوو، بەشێکی دیکەشیان کۆمەڵێک دەستنووسی کوردی و ئەرمەنی بوون. هەندێک لەو نووسینانە کوردی بوون، بەڵام بە رێنووسی ئەرمەنی نووسرابوون کە مێژووەکەیان بۆ سەدەی 15 تاوەکو 17ـی زایینی دەگەڕایەوە.
وێنە و دۆکیۆمێنتەکان جۆراوجۆر بوون، لەوانە: وێنەی گوتنەوەی وانەی کوردی لە قوتابخانەکان، نمایشکردنی فیلمی سینەمایی، دۆکیۆمێنتی یەکەم رۆژنامەی کوردی لە ساڵی 1930 لە ئەرمینیا بەناوی رێیا تازە.
گۆر یەرانیان، لێکۆڵینڤان و مێژوونووس لە پرسی کورد لە پەیمانگەی ماتەنادران بۆ لێکۆڵینەوە لە رێنووسە کۆنەکان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، بەپێی لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونەکانی من، نووسینی کوردی بە رێنووسی ئەرمەنی بۆ سەدەی 15ـی زایینی دەگەڕێتەوە.
ژمارەیەک پەندی پێشینانیش لە پێشانگەکەدا دۆکیۆمێنت کرابوون، ئەو مێژوونووسە گوتی: ئەم پەندانەش کوردین و بە هەمان شێوە بە رێنووسی ئەرمەنی نووسراون. گۆر یەرانیان باسی لەوەشکرد، بەهۆی کۆمەڵکوژیی ئەرمەنییەکان، بەشێکی زۆر دەستنووسی مێژوویی سووتێندراون و لەنێوچوون.
بەپێی ئامارەکانی حکومەتی ئەرمینیا، کەمینەکان 2.2%ـی دانیشتووانی ئەرمینیا پێکدەهێنن. ئامارەکان بەپێی سەرژمێرییەکی ساڵی 2011ـیە.
گۆر یەرانیان راشیگەیاند، کۆنترین نووسینی کوردی بە رێنووسی ئەرمەنی لە ئەرمینیا دۆکیۆمێنت کراوە.
حەمەی حەمەسەعید، وەزیری رۆشنبیری و لاوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، کورد و ئەرمەنییەکان پەیوەندییەکی مێژووییان هەیە و ئەوەی لەم پێشانگەیەشدا دەرەکەوێت، مانای ئەو ئازادی و دیموکراسییە دەگەیێنێت کە ئەرمینیا و یەکێتیی سۆڤیەتی پێشوو بۆ پێکهاتە و کەمینەکان دابینیان کردووە، بەتایبەتی کورد.
وەزیری رۆشنبیری ئەوەشی گوت: سوود لەو دۆکیۆمێنت و بەڵگانە دەبینین. "خۆشمان سەردانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پاراستنی بەلگەنامەکانمان لە یەریڤان کردووە و چوار کتێبی کوردیمان دۆزییەوە."
ئەرشاک مانوکیان، کۆنسوڵی گشتیی کۆماری ئەرمینیا لە هەولێر بە رووداوی گوت: ئامانجمان ئەوەیە ژیانی کەمینەکانی ئەرمینیا لە هەولێر نیشان بدەین؛ لێرە ئەرشیڤێکی گەورەی کەمینەکان هەیە و ویستمان مێژوو پێشان بدەین و ئەوە بڵێین کە یەکەمین کتێب کە بە کورمانجی نووسراوە لە لایەن ئەرمینییەکانەوە نووسراوە، بۆیە ئەرمینییەکان لە راستیدا هاوکاریی کوردیان کردووە لە پاراستنی کولتووریان، جگە لەوە ئەرمینییەکان هونەر، میوزیک، شیعر و چەندین شتی دیکەی پەیوەست بە کوردیان پاراستووە، هەروەها لە سەدەی 15 یەکەمین کتێبی تایبەت بە نوێژ بۆ کورد لەلایەن ئەرمینییەکانەوە نووسراوەتەوە.