زەنگی مەترسیی لێدەدرێت؛ 'لە بەشێکی باشووری کوردستان نیشانەکانی وشکەساڵی دەردەکەون'

26-01-2025
سۆران حوسێن
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بەگوێرەی بەدواداچوونی تۆڕی میدیایی رووداو، تاوەکو ئەمڕۆ جگە لە سلێمانی کە تەنیا یەک ملیمەتر بارانی کەمتر لە پار باریوە، لە سێ پارێزگاکەی دیکە ئاستی باران رێژەکەی زۆر کەمترە لە پار. بەرپرسانی کشتوکاڵ لە هەولێر و دهۆک دەڵێن، نیشانەکانی وشكەساڵی دەرکەوتوون. جووتیارێکیش لە کەرکووک دەڵێت: "بە تەواوی وشکەساڵی دەرکەوتووە".
 
بەگوێرەی ئاماری بەردەستی رووداو، تاوەکو ئەمڕۆ 26-01-2025، لە هەولێر 72.2 ملیمەتر باران باریوە، لەکاتێکدا ساڵی رابردوو تاوەکو هەمان رێککەوت 202 ملیمەتر باران باریبوو. لە سلێمانی 209 ملیمەتر باران باریوە، پار تاوەکو هەمان رێککەوت 210 ملیمەتر باریبوو. لە دهۆک 37.6 ملیمەتر باران باریوە، لەکاتێکدا ساڵی رابردوو تاوەکو هەمان رێککەوت 377.4 ملیمەتر باران باریبوو. لە هەڵەبجەش تاوەکو ئەمڕۆ 255.1 ملیمەتر باران باریوە، لەکاتێکدا ساڵی رابردوو تاوەکو هەمان رێککەوت 334.4 ملیمەتر باریبوو.
 
مەترسی وشكەساڵی لە هەولێر و دهۆک
 
ئەمڕۆ یەکشەممە بەرپرسێک لە کشتوکاڵی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لە هەولێر نیشانەکانی وشکەساڵی دەرکەوتوون، چونکە بارانبارین زۆر دواکەوتووە. ئەگەر 20 رۆژی دیکە بە هەمان شێوە بەردەوام بێت، وشکەساڵی بە تەواوی فراوان دەبێت و روون دەبێتەوە".
 
بەگوێرەی ئاماری کشتوکاڵی هەولێر، تاوەکو ئەمڕۆ لە شاری هەولێر 72.2 ملیمەتر باران باریوە، لەکاتێکدا ساڵی رابردوو تاوەکو هەمان رێککەوت 202 ملیمەتر باران باریبوو.
 
بەرپرسانی کشتوکاڵ لە سنووری پارێزگای هەولێر ئاماژە بەوە دەکەن، هەندێک شوێن ئەگەر بارانیش ببارێت هەر نیشانەی وشکەساڵی تێدا دەبێت و کاریگەری لەسەر بەرهەمی گەنم دەبێت، بەتایبەت سنووری مەخموور، قەراج، کەندێناوە و دەشتی شەمامک.
 
بەگوێرەی ئاماری کشتوکاڵی دهۆک بۆ رووداو، تاوەکو ئەمڕۆ تەنیا 37.6 ملیمەتر باران باریوە، لەکاتێکدا ساڵی رابردوو تاوەکو هەمان رێککەوت 377.4 ملیمەتر باران باریبوو.
 
ئەحمەد جەمیل، بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی دهۆک ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "نزیکەی 900 هەزار دۆنم زەوی لە سنوورەکەمان بۆ چاندن گونجاوە، بەهۆی کەم بارانییەوە ئەم ساڵ تەنیا نزیکەی 60%ـی بە گەنم چێندراوە".
 
قەزای سێمێل لە پارێزگای دهۆک نزیکەی 150 هەزار دۆنم زەوی شیاوی بۆ چاندن هەیە. بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی دهۆک گوتی: "لە سێمێل مەترسییەکانی وشکەساڵی بە تەواوی دەرکەوتوون، بەڵام سنوورەکانی دیکەمان وەک ئاکرێ، شێخان و بەردەڕەش دۆخیان باشترە".
 
بارانبارین لە هەڵەبجە و سلێمانی باشترە لە پارێزگاکانی دیکە
 
هەر ئەمڕۆ جەوهەر حەمەلاو، لێپرسراوی بەشی کەشوهەوا لە بەڕێوەبەرایەتیی کەشناسی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "تاوەکو ئەمڕۆ 209 ملیمەتر باران لە سنووری پارێزگای سلێمانی باریوە، پار تاوەکو هەمان رێککەوت 210 ملیمەتر باران باریبوو".
 
جەوهەر حەمەلاو گوتی، زووە بۆ دیاریکردنی ئەگەرەکانی وشکەساڵی و تاوەکو کۆتایی وەرزی بارانبارین، ناتوانن دڵنیاببنەوە لە هەبوونی وشكەساڵی.
 
بەگوێرەی ئاماری کشتوکاڵی هەڵەبجە، تاوەکو ئەمڕۆ 255.1 ملیمەتر باران لە شارەکە باریوە، لەکاتێکدا ساڵی رابردوو تاوەکو هەمان رێککەوت 334.4 ملیمەتر باریبوو.
 
ستار مەحموود، بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی هەڵەبجە ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەو بارانەی باریوە بۆ دانەوێڵە باشە و مەترسیی ئەوتۆی لەسەر نییە، چونکە ناوبەناو هەر بە کەمی دەبارێت، بەڵام بۆ ئاوی ژێرزەوی کەمە و رێژەکەت دادەبەزێت".
 
بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی هەڵەبجە گوتی: "باشترین باران بۆ ئاوی ژێر زەوی بارانی پاییز و زستانە، پاییز تێپەڕیوە و زستانیش لە نیوەداین بڕی بارانی پێویست نەباریوە، ئەوەش مەترسی جیدییە بۆ ئاوی ژێر زەوی".
 
دۆخی چاندن لە کەرکووک و گەرمیان
 
هاوشێوەی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان، لە کەرکووکیش ئەم ساڵ بارانی کەم باریوە.
 
محەممەد ئەمین، جووتیار و سەرۆکی لیژنەی بەرگریکار لە جووتیارانی سەرگەڕان لە پارێزگای کەرکووک بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لە تەواوی کەرکووک نیشانەی وشکەساڵییەکی خراپ دەرکەوتووە. لەو زەوییانەی دێمن و پشت بە باران دەبەستن، تاوەکو ئەمڕۆ هەر نەیانتوانیوە تۆویش بکەن".
 
ئەو جووتیارە ئاماژەی بەوەشکرد: "ئەو زەوییانەشی بە تەواوی پشت بە ئاوی باران نابەستن، بەهۆی بڕێکی زۆر کەمی بارانەوە مەترسی زۆری وشکەساڵییان لەسەرە".
 
هەروەها نزیکەی مانگێکە لە گەرمیان بڕی بارانی پێویست بۆ دانەوێلە نەباریوە. گوتەبێژی کشتوکاڵی سنوورەکە دەڵێت، بەهۆی کەمبارانییەوە جووتیاران ترسی وشکەساڵییان هەیە.
 
بەگوێرەی ئاماری کشتوکاڵی گەرمیان بۆ رووداو، ملیۆنێک و 110 هەزار دۆنم زەویی کشتوکاڵی لە سنووری گەرمیان هەیە و ساڵانە زۆرینەی دەکرێنە گەنم کە 90%ـی زەوییەکان دێمن و پشت بە باران دەبەسەتن.
 
ستار عەلی، گوتەبێژی کشتوکاڵی گەرمیان ئەمڕۆ یەکشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەم ساڵ تاوەکو ئەمڕۆ 124.9 ملیمەتر باران باریوە و زیاترە لە بڕی بارانی ساڵی رابردوو کە تاوەکو هەمان رێککەوت 83.9 ملیمەتر باریبوو، بەڵام کاتەکانی بارین ئەم ساڵ باش نەبووە".
 
گوتەبێژی کشتوکاڵی گەرمیان گوتی: "دەخڵودان بارانی زۆر پێویستە و بڕی بارانی ناوچەکانیش جیاوازن، لە هەندێک ناوچە مەترسی لەسەر گەنم هەیە، بەڵام هێشتا کاتی بارین ماوە و ناتوانین لەسەر وشکەساڵی قسە بکەین".
 
وەزارەتی کشتوکاڵ: دۆخی کەم بارانی تاوتوێ دەکەین
 
لەوبارەیەوە هیوا عەلی، گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "وشکەساڵی دیاردەیەکی سرووشتییە و بەگوێرەی رێژەکەی مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت. بۆ هەرێمی کوردستان ئێمە تاوەکو ئەمڕۆ لە هیچ ناوچەیەک وشکەساڵیمان رانەگەیاندووە، چونکە ئەوە هاوئاهەنگی و بۆچوونی هەموو فەرمانگەکانی دەوێت".
 
گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ ئاماژەی بەوەشکرد: "چاوەڕوان دەکەین تاوەکو کۆتایی ئەم مانگە و دواتر لەگەڵ فەرمانگەکانی دیکە و حکومەتی عێراقیش دۆخەکە تاوتوێ دەکەین، چونکە بابەتەکە خوێندنەوەی وردی دەوێت".
 
ساڵی رابردوو بڕی پێویست بۆ بەرهەمی دانەوێڵە باران باری و بەرهەمی گەنم لە هەرێمی کوردستان ملیۆنێک تۆنی تێپەڕاند، لەو بڕە حکومەتی عێراق بڕیاریدا 700 هەزار تۆن گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان وەربگرێت بە نرخی هەر تۆنێک 850 هەزار دینار.
 
ساڵی 2023 حکومەتی عێراق 500 هەزار تۆن گەنمی هەرێمی کوردستان وەرگرت؛ هەرچی ساڵی ساڵی 2022ـە بەهۆی وشكەساڵی و کەمبارانییەوە بەرهەمی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان کەم بوو، بۆیە حکومەتی عێراق بێسنوور گەنمەکەی وەرگرت، کە زیاتر لە 300 هەزار تۆن بوو.
 

 

 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە