رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری راگەیاندنی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان دەڵێت، لە ئەمڕۆوە پڕکردنەوەی فۆرمی پشکنینی توانای جەستەیی بۆ ئەوانەی دەچنە حەج لە هەولێر دەستپێدەکات؛ ئاماژە بەوەش دەکات، لە دهۆک 7 کەس بەهۆی نەخۆشییەوە لە چوون بۆ حەج بێبەش دەکرێن.
کاروان ستوونی، بەڕێوەبەری راگەیاندنی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ یەکشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەوانەی ناویان دەرچووە بۆ حەجی ئەم ساڵ، دەبێت فۆرمی پشکنینی توانای جەستەیی پڕبکەنەوە. ئەگەر لە پشکنین دەرنەچوون، رێگەیان پێ نادرێت بچنە سعودیە و ئەو وڵاتەش ڤیزەیان پێ نادات".
کاروان ستوونی گوتی: "ئەمڕۆ پڕکردنەوەی فۆرم لە هەولێر دەستیپێکردووە و نزیکەی 10 رۆژ بەردەوام دەبێت. لە زۆرینەی شارەکانی دیکە پڕکردنەوەی فۆرمەکە تەواو بووە یان لە کۆتاییدایە".
بەڕێوەبەری راگەیاندنی حەج و عومرە گوتی: "پڕکردنەوەی فۆرمەکە لەسەر داوای وڵاتی سعودیەیە و ئەویش بەو ئامانجەی ئەم ساڵ کەمترین کەس لە کاتی رێوڕەسمەکانی حەجدا گیان لەدەستبدەن".
کاروان ستوونی ئاماژەی بەوەشکرد، لە دهۆک بەهۆی نەخۆشیی جیاوە 7 کەس لە مافی چوونە حەج دوور خراونەتەوە؛ گوتیشی: "ئەوانەی دووردەخرێنەوە، دەتوانن کەسێکی نزیکی خۆیان لەجێگەی خۆیان دابنێن، ئەگەر بەو جۆرە نەکەن، کەسانی یەدەگ دەخرێتە شوێنیان".
بەڕێوەبەری راگەیاندنی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان گوتیشی: "ئەوانەی دەچن بۆ پڕکردنەوەی فۆرم ڤاکسینێکیان لێ دەدرێت و لە رۆژانی دواتردا دوو ڤاکسینی دیکەش وەردەگرن، کە هەمووی بۆ تەندروستیانە".
بە گوتەی کاروان ستوونی، ئەوانەی خاوەن پێداویستیی تایبەتن دەتوانن سەردانی سعودیە بکەن و حەجی خۆیان بکەن. ئەوانەی رەتدەکرێنەوە چەند نەخۆشییەکی جیاوازن، یان تەواو پەککەوتە و هیلاکن یان نەخۆشییەکەیان دەگوازرێتەوە.
بۆ پڕکردنەوەی فۆرم لە پارێزگای هەولێر ئەو کەسانەی ناویان دەرچووە لە ئەمڕۆوە دەتوانن سەردانی ئەم ناوەندە تەندروستییانە بکەن:
- بنکەی تەندروستیی مەلا فەندی- هەولێر
- بنکەی تەندروستیی برایەتی- هەولێر
- بنکەی تەندروستیی ئازادی- هەولێر
- بنکەی تەندروستیی نازدار بامەڕنی- هەولێر
- بنکەی تەندروستیی شەقڵاوە- شەقڵاوە
- بنکەی تەندروستیی شەهید دکتۆر هەندرێن- کۆیە
هەرکەس بچێت بۆ پڕکردنەوەی فۆرم، دەبێت دوو وێنە و کارتی نیشتمانی یان ناسنامەی باری شارستانی پێبێت.
پشکی حەجی 2025 بەراورد بە پار زیادکراوە. ساڵی رابردوو 4,174 کەس ناویان دەرچووبوو. لە 25-09-2024، تیروپشک بۆ ئەو ناوانە کرا کە ساڵی 2017 و 2023 ناوی خۆیان تۆمار کردبوو و لە تیروپشکەکەدا 5 هەزار و 120 کەس ناویان دەرچوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ