رووداو دیجیتاڵ
دوای زیاتر لە دوو هەفتە لە شەڕ و پێکدادان، ئێستا رەوشی بەنداوی تشرین ئاسایی بووەتەوە و شەڕ وەستێنراوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 25.12.2024، سەرۆکی روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ بە رووداوی راگەیاند، ئێستا رەوشی بەنداوی تشرین ئاسایی بووەتەوە و شەڕ و پێکدادان نەماوە.
بەنداوی تشرین لەنێوان منبج و کۆبانێیە و لەژێر دەسەڵاتی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)یە. لە دوای رووخانی رژێمی ئەسەدەوە و بە دیاریکراوی لە 10.12.2024ـەوە، گرووپە چەکدارەکانی سەر بە سوپای نیشتمانیی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا هێرش دەکەنە سەر ئەو بەنداوە و فڕۆکەکانی تورکیاش هاوکارییان دەکەن.
رامی عەبدولڕەحمان گوتی: "بەنداوەکە لە کۆنترۆڵی هەسەدە ماوەتەوە."
بەنداوەکە کارەبای سنووری کۆبانێ، منبج و گوندەکانی دەوروبەری دابین دەکات و 100 مێگاوات کارەبا بەرهەم دەهێنرا، بەڵام توانای گشتی 600 مێگاوات بووە. ئێستا بەهۆی راوەستانی کار لە بەنداوەکە و ئەو زیانانەی پێی گەیشتووە، 15 رۆژە کۆبانێ، منبج و گوندەکانی دەوروبەریان بێ کارەبان.
بەڵام موسلیم شێخ حەسەن، ئەندامی سەرکردایەتیی پارتی یەکێتیی دیموکراتی کورد لە سووریا (پارتی ئەلوەحدە) بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "هەرچەندە لە دوێنێوە شەڕ وەستاوە، بەڵام نزیکەی نیو کاژێرە (کاژێر 11:10 ئەم قسەیەی کرد) شەڕ لە بەنداوەکە دەستیپێکردووەتەوە و ناوەناوە گوێمان لە دەنگی تۆپ و تەقە دەبێت، بەڵام شەڕەکە چووەتە ئەوبەری رووباری فورات."
موسلیم شێخ حەسەن ئاماژە بەوە دەکات، هێزەکانی سووریای دیموکرات لە رووباری فورات پەڕیونەتەوە و حەوت گوندیان لە رۆژئاوای فورات کۆنترۆڵکردووە.
ئەندامی سەرکردایەتیی پارتی یەکێتیی دیموکراتی کورد لە سووریا، باسی ژیانی خەڵکی سڤیلی لە سنوورەکە کرد و گوتی: "خەڵکەکە لە ترس و دڵەڕاوکێدا دەژین و بەشێکیان ئاوارە دەبن."
رۆژی سێشەممە، 24-12-2024، هەسەدە رایگەیاند: "لە ماوەی بەرەنگاربوونەوەی هێزەکانمان بۆ هێرشەکانی داگیرکەری تورکیا و چەتەکانی لە ناوچە جیاوازەکانی باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا، 16 هاوڕێمان شەهید بوون."
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی هەسەدە 15 لەو شەڕڤانانە لە ماوەی 7 تاوەکو 9ی کانوونی یەکەمی 2024 لە ناوچەکانی گوندەواری حەلەب، منبج، پردی قەرەقۆزاق، بەنداوی تشرین و رۆژهەڵاتی دێرەزوور گیانیان لە دەستداوە. یەکێکیشیان رۆژی چواری ئەم مانگە بە نەخۆشی گیانی لەدەستداوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ