رووداو دیجیتاڵ
کۆمەڵەیەکی خۆبەخش بۆ نەزۆککردنی سەگە بێلانەکانی هەولێر لە باکووری کوردستان و تورکیاوە هاتوونەتە هەرێمی کوردستان، خانمە هونەرمەندێکی کوردیش بۆ پاڵپشتیکردنیان پارەی کۆنسێرتێکی بۆ ئەو کۆمەڵەیە خەرج دەکات.
کۆمەڵەی ڤێتەرنەری و تەکنیککاری گۆنەل، ناوی ئەو کۆمەڵە خۆبەخشەیە بڕیارە لە ماوەی کارکردنیندا 200 سەگی بێلانە لە هەولێر نەزۆک بکەن، تێچووی نەزۆککردنی هەر سەگێکیش 50 بۆ 60 دۆلارە.
تیمە خۆبەخشەکە ژمارەیان سێ کەسە، وەکو خۆیان دەڵێن لەسەر داوای هونەرمەندی باکووری کوردستان (رۆژین) هاتوونەتە هەولێر. ئەو هونەرمەندە تێچووی ئەو پرۆژەیە لە ئەستۆ دەگرێت، تیمەکە باس لەوەدەکەن، ئەگەر داوایان لێبکرێت، دەتوانن پرۆژەکە لە شارەکانی سلێمانی و دهۆکیش ئەنجام بدەن.
ساڵی رابردوو، نزیکەی 1,600 حاڵەتی گەستنی هاووڵاتییان لەلایەن سەگە بێلانەکانەوە لە هەولێر تۆمارکراون. رۆژی 08-07-2023 هەڵمەتی کۆکردنەوەی سەگی بێلانە و رەوانەکردنیان بۆ پەناگەکان (شێڵتەرەکان) لە هەولێر دەستیپێکرد.
پەناگەی سەگە بێلانەکان لە هەولێر لەسەر رووبەری 20 دۆنم زەوی بەگوێرەی ستانداردی جیهانی دروستکراوە و توانای لەخۆگرتنی 12 هەزار و 500 سەگی هەیە.
عومەر سانچن، سەرۆکی کۆمەڵەی ڤێتەرنەری و تەکنیککارانی گۆنەل باسی پرۆژەکەیان بۆ رووداو دەکات و دەڵێت، "ئێمە لەسەر بانگهێشتی خاتوو رۆژین هاتین بۆ هەولێر، بڕیارە لەو ماوەیەدا 200 سەگ نەزۆک بکەین."
بە گوتەی عومەر سانچن تاوەکو ئێستا لە هەولێر نزیکەی 100 سەگ نەزۆککراون، سەرۆکی ئەو کۆمەڵەیە باسی لەوەشکرد کە تاوەکو "رۆژی چوارشەممە ئێمە و کارمەندانی شێڵتەرەکە پێکەوە 200 سەگەکە نەزۆک دەکەین."
کۆمەڵەکە دوو رۆژە هاتوونەتە هەولێر و دەستیان بە کارکردن کردووە، بڕیاریشە بۆ ماوەی دوو رۆژی دیکە بمێننەوە؛ بە هاوبەشی لەگەڵ کارمەندانی شێڵتەری هەولێر رۆژانە 50 سەگ نەزۆک دەکەن.
لای خۆیەوە، هونەرمەند رۆژین لە پەناگەی هەولێر بۆ ئاژەڵانی بێلانە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "پێش 25 رۆژ هەستم بەم بابەتە کرد و سەردانی شێڵتەرەکەم کرد. بەداخەوە نەزۆکی و برسێتیی ئەوانم بینی، بۆیە دەبێت هەموومان پێکەوە کار بکەین. لە جیهانیش هەر وایە. لە تورکیا پزیشکی خۆبەخش هەبوون، منیش نامەیەکیم بۆ ناردن، بە خۆشحاڵییەوە قبووڵیان کرد. ئێستا رۆژانە 50 سەگی بێلانە نەزۆک دەکەن بۆ ئەوەی رێگری بکرێت لە زیادبوونیان. من لە سەر ئەرکی خۆم تێچووی ئەم 200 سەگەم لە ئەستۆ گرت. پێویستە هەڵمەتێک بکەین و هەموو کەسێک بەشدار بێت بۆ نەزۆک کردنی سەگە بێلانەکان."
ئەم هونەرمەندە باسی لەوەش کرد ئەو پارەیەی بۆ سازدانی کۆنسێرت تەرخانی کربوو لە تێچووی نەزۆککردنی ئەم 200 سەگە خەرج کرد.
کۆمەڵەی پزیشکانی ڤێتێرنەری و تەکنیککارانی خۆبەخش ساڵی 2022 دامەزراوە، گرنگی بە بواری تەندروستیی ڤێتێرنەری دەدات. ئەم تیمە لە بوارەکانی تەندروستیی گشتیی ڤێتێرنەری، پزیشکیی ڤێتێرنەری و تەکنیککاری ڤێتێرنەری کاردەکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ