رووداو دیجیتاڵ
بەستەڵەکی نێوان پارتی و یەکێتی بەرەو توانەوە دەچێت و هەردوولا گەشبینن و ئامادەن بۆ کۆبوونەوە و دانوستاندن. ئێستا هەردوولا رێککەوتوون لەسەر گۆڕانکارییەکانی نێو حکومەت و پەرلەمان و جێگرەوەکانیشیان دەستنیشانکردوون.
رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا گوتی: "بابەتی گۆڕانکارییەکان رەنگە زووتریش لەو کاتە بکرێن، چونکە نە پارتی گرفتی هەیە و نە یەکێتی." هەروەها دەشڵێت، ئەوان هەوڵ دەدەن هەمووان پێکەوە لە حکومەت بتوانن خزمەتگوزاریی زیاتر پێشکێشی خەڵک بکەن.
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئەحمەد عەسکەری، وەکو وەزیری هەرێم بۆ کاروباری دانوستاندن لەگەڵ حکومەتی فێدراڵیی عێراق لە شوێنی خالید شوانی دەستنیشانکردووە کە ئێستا وەزیری دادی عێراقە. هەروەها رێباز بێرکۆتی، وەکو وەزیری پێشمەرگە لە شوێنی شۆڕش ئیسماعیل دەستنیشان کراوە. هاوکات سەرکەوت حەسەن، دەبێتە بریکاری وەزیری ناوخۆ.
لەوبارەیەوە رێباز بێرکۆتی، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر بە رووداوی گوت: منیان پێشنیازکردووە بۆ خزمەتی پێشمەرگە و خۆشمان پێشمەرگەین ئومێد دەکەین لە چەند رۆژی داهاتوو ئەم بابەتانە تێپەڕببن.. چاوەڕوان دەکرێت دوای سەری ساڵ لە کاتی دەستپێکردنەوەی دانیشتنەکانی پەرلەمان بەرەوپێش دەچێت.
یەکێتی رازیبووە بەوەی فراکسیۆنەکەی دەنگ بە شوێنگرەوەی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان بدات، هەروەها دەنگ بە شوێنگرەوەی وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینیی بدات کە هەردووکیان لە پشکی پارتین.
گۆڕانکارییەکانی پارتی بەمشێوەیەن: زانا مەلا خالید شوێنی هێمن هەورامی دەگرێتەوە و دەبێتە جێگری سەرۆکی پەرلەمان؛ رێبوار بابکەیی لە شوێنی زانا مەلا خالید دەبێتە سەرۆکی فراکسیۆن. لەنێو حکومەتیش، ئەحمەد کانی، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی لە شوێنی پشتیوان سادق دەبێتە وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینیی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ