گالەری

شاخەوانیی لە وەرزشە سەخت و پڕ چێژەکانە، بارینی بەفر و سەرما و کرێوە ئەوەندەی دیکە سەرکەوتن بۆ سەر لووتکەی چیاکان سەختتر دەکات.
 
گرووپێک لە گەنجانی رێکخراوی نیان بۆ ژینگەپارێزی، گەشتێکی شاخەوانییان بۆ لووتکەی چیای برادۆست ئەنجامداوە کە وەک خۆیان دەڵێن، کارێکی سەخت و زەحمەت بووە بەڵام کۆڵیان نەداوە تاوەکو گەیشتوونەتە لووتکەی چیاکە.
 
مەهدی فەرەج، ئەندامی رێکخراوەکە کە وێنەکانی بۆ رووداو ناردووە، لەبارەی گەشتەکەیانەوە گوتی، کاژێر 06:00ـی سەرلەبەیانیی هەینی 24-12-2021 بڕیارماندا سەرکەوین بۆ لووتکەی چیاکە کە 2058 مەتر بەرزە، لە رێگای سەرکەوتنمان تووشی سەختیی بووین، کڕێوە و بەفر بوو و رێگامان ونکرد، بەڵام کۆڵمان نەدا تاوەکو گەیشتینە لووتکەی چیاکە کە زیاتر لە 50 سانتیم بەفری لێ باریبوو.
 
مەهدی فەرەج باس لەوە دەکات کە لە رێگاکەیاندا چەندین دیمەنی سەرنجڕاکێشیان بینیوە و وێنەیان گرتوون، وەک بەفری سەر دارەکان کە بەهۆی ئەو سەرمایەی لەوێ بووە وەک کریستاڵی لێهاتووە. 
 
هەروەها دەڵێت لە رێگا دوو گرووپی دیکەی شاخەوانییان بینیوە کە بەهۆی نەبوونی کەلوپەل و کەرەستەی پێویستی شاخەوانیی لەو کەشوهەوایەدا، نەیانتوانیوە بەردەوام بن لە رۆیشتن بەرەو لووتکەی چیاکە و پاشگەزبوونەتەوە. بۆیە وەک ئەزموونی خۆیان داوا لەو شاخەوانانە دەکەن کە لە وەرزی زستاندا دەیانەوێت بەرەو لووتکەی چیا بەرز و سەرکەشەکان بڕۆن کە وریابن ، کەلوپەلی پێویست لەگەڵ خۆیان ببەن و لەگەڵ کەسی شارەزا بڕۆن چونکە لەو شوێنانە نە هێڵی تەلەفۆن هەیە و نە هێڵی ئینتەرنێت.