رووداو دیجیتاڵ
دەچنە سەر گۆڕستان و سەبوورییان بە کێلی گۆڕەکان دێت، بۆ لەدەستدانی کەسوکاریان لاواندنەوە دەکەن، بەڵام دڵنیانین کە ئەوانەی لەنێو ئەو گۆڕانەدان، کەسوکاری ئەوان بن. ئەمە دۆخی کەسوکاری ئەنفالکراوانی بادینانە دوای 35 ساڵ.
لە کەلی نزارکێ لە سنووری دهۆک گۆڕی 13 کەس هەن کە لە قەڵای نزارکێ لەکاتی ئەنفالی بادینان شەهیدکراون. ئەوانەی چوونەتە سەر گۆڕەکان، کەسوکاری حەوت کەسیانن، دەڵێن، لە ساڵی 1989 لەلایەن هێزەکانی رژێمی بەعسەوە دەستگیرکراون و دواتر زانیویانە کە گولـلەباران کراون.
نەسروڵڵا محەممەد، گومان دەکات تەرمی براکەی لەنێو یەکێک لەو گۆڕانەدا بێت، دەڵێت: "لە ساڵی 1989 براکەم و حەوت کەسی دیکە دەستگیرکران، ئەوان لە رێکخستنە نێوخۆییەکان بوون و لە مانگی ئادار دەستگیرکران، لە 16ـی مانگی نیسانیش خێزانەکەمانیان هەموو دەستگیرکرد و رایانگواستین بۆ سەماوە، کاتێک لە ساڵی 1991 گەڕاینەوە، لە خەڵک زانیمان کە براکەم گولـلەباران کراوە."
دامودەزگە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2007 ئەو رووفاتانەیان لە گۆڕستانی شاخکێ دەرهێنا کە بەکۆمەڵ نێژرابوون و گواستیانەوە بۆ گۆڕستانی ئەنفالکراوانی بادینان لە قەڵای نزارکێ، بەڵام پشکنینیان بۆ رووفاتەکان ئەنجام نەدا.
ژیان مستەفا، بەڕێوەبەری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانە، دەڵێت: "نموونە لە رووفاتەکان وەرگیراوە، بەڵام پشکنینی دی ئێن ئەی بۆ کەسوکاریان نەکراوە. داوامان کردووە هەر کەسێک کە گومانی هەیە ئەو رووفاتانە هیی کەسوکاری ئەوانن، بێن و ناو بنووسن تاوەکو پشکنینی دی ئێن ئەیان بۆ بکرێت، بەڵام ئەوەش کارێکی قورسە، کات و پارەیەکی زۆری دەوێت."
دوای تەواوبوونی قۆناخەکانی یەک تاوەکو حەوتی ئەنفال و وەستانی شەڕی هەشت ساڵەی نێوان عێراق و ئێران لە رۆژی 20ـی ئابی 1988، قۆناخی هەشتەمی دەستیپێکرد کە بە ئەنفالی بادینان دەناسرێت، ئەم قۆناخە لە رۆژی 25ـی ئابی 1988 دەستیپێکرد تاوەکو 6ـی ئەیلوولی 1988 بەردەوام بوو، سنووری زاخۆ، دهۆك، ئەترووش، زاوێتە، ئامێدی، كانی ماسی، باتیفا، دێرەلووك و سەرسەنگی گرتەوە.
لە ئەنفالی بادیناندا زیاتر لە پێنج هەزار کەس ئەنفالکران، نزیکەی 60 هەزار کەس ئاوارە و دەربەدەر بوون. 663 گوند بەر ئەو پرۆسەی تاوانە دژی کورد کەوتن، لە وانە 40 گوندی مەسیحی، 81 گوندی کوردانی ئێزدی. 79 گوندیش کیمیابارانکران.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ