دەیان کۆرپەی لەبارچوو لەنێو قوتووی ماست و دۆشاو لە گۆڕستانێکی هەولێر دەخرێنە ژێر خاک

25-06-2024
بەختیار قادر
بەختیار قادر
وێنەی گۆڕستانەکەی هەولێر و چەند قوتوویەک کە کۆرپەی لەبارچوویان تێکراوە. وێنە: رووداو
وێنەی گۆڕستانەکەی هەولێر و چەند قوتوویەک کە کۆرپەی لەبارچوویان تێکراوە. وێنە: رووداو
A+ A-
 
رووداو - هەولێر

تاوەکو لێی بکۆڵییەوە کۆرپەی لەبارچوو لەنێو قوتووی ماست، دۆشاو و تەحین ژێرخاک کراون؛ هەیانە چوار بۆ پێنج کۆرپەی لەبارچوو، هەشیانە یەک دوو دانەیان تێدایە، لەسەر قوتووەکان ناوی ژمارەیەک ژن و پیاو نووسراون. کۆرپەی لەبارچوو هەیە تەمەنی زیاتر لە 16 هەفتەیە و بە تەواوی دروستبووە، هی تەمەن پێنج هەفتە و کەمتریشی تێدان.
 
لە گۆڕستانی ئیمام محەمەد لە گەڕەکی منارەی هەولێر، دوو گەنجی کاسبکاری نزیک گۆڕستانەکە شاهێدی ژێرخاککردنی کۆرپە لەبارچووەکانن.
 
سەعدون محەممەد، یەکێک لە گەنجە کاسبکارەکان دەڵێت، "لێرە بووین، تەکسییەک هات و پێی گوتین، کۆرپەلەم پێیە و یارمەتیم بدەن بیاننێژم. وامزانی یەک دووانێکن، کەچی 30 بۆ 40 دانە بوون؛ باوکیشم گوتی: ئێمە ئەوە ناکەین و گوناهە، دەبێت لایەنی پەیوەندیدار بزانێت."
 
تائێستا ئەو گەنجانە سێ بۆ چوار کەسیان بینیون، پێیشیان گوتوون، هاوکارییان بکەن بۆ هەر جارێک بڕی 50 هەزار دیناریان پێدەدەن.
 
یادگار دیار، یەکێک لە دوو گەنجە کاسبکارەکە ئاماژەی بەوە کرد، "زۆر جاری دیکە دێن و خەریکی شاردنەوەی کۆرپەی لەبارچوو دەبن، تەنها لەم گۆڕستانە نییە، لە گۆڕستانی دیکەش هەن و بە ئێمە دەڵێن، پارەتان دەدەینێ، 50 هەزار دەدەین و ئێمە نەمانکردووە."
 
جگە لە قوتووی پڕ لە کۆرپەی لەبارچوو، مۆبایل و دەستکێش و خاکەناز و کەلوپەلی دیکەش لە چاڵەکەدا دۆزراونەتەوە.
 
حەسیبە محەممەد، پزیشکێکە کە 30 ساڵە لە نەخۆشخانەکانی لەدایکبوون شاهیدیی لەدایکبوونی هەزاران منداڵە؛ دوای سەیرکردنی گرتە ڤیدیۆکان دەڵێت، "دڵنیاین لەوەی ئەمە کاری مامانێکی نەخوێندەوار نییە، بەڵکو شارەزایە و بە جوانی کۆرپەکانی خستووەتە نێو نایلۆنی تایبەت و قوتوو و سەرەکانیشی بەستوون، لەنێو دەرمانی موختەبەری تایبەتیش نراون."
 
ئاسایش، پۆلیس و تەندروستی لیژنەیەکی بەدواداچوونیان پێکهێناوە، ناوەناوەش سەردانی گۆڕستانەکە دەکەن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئەو بازاڕەی شارەوانیی کەلار دەڵێت تێکی دەدەن

شارەوانیی کەلار: بازاڕی سەنتەری شار تێکدەدرێ و دووکانداران قەرەبوو دەکرێنەوە

شارەوانیی کەلار 262 دووکانداری بازاڕی سەنتەری شارەکەی ئاگادار کردوونەتەوە، دووکانەکانیان چۆڵبکەن کە بە دووکانی گەنمفرۆشان ناسراون. دووکانداران ناڕازین و دەڵێن، شوێنی نوێ گونجاو نییە بۆ کار. 130 دووکاندار کرێچین و داوا دەکەن بێکار نەکرێن. شارەوانیی کەلار دەڵێت، هیچ دووکاندارێک بێکار ناکرێ و قەرەبوو دەکرێنەوە.