لە سلێمانی نرخی كرێی تاكسی دیاریدەكرێت

25-04-2016
تەرزە عەبدوڵڵا
.....
.....
نیشانەکردن تاكسی
A+ A-

رووداو - سلێمانی

سەندیكای كرێكاران و پیشەوەران سەرقاڵی ئامادەكردنی ئەو لۆگۆیانەن كە نرخی گواستنەوەی سەرنشینانی  لەسەر دیاریكراوە، بەوپێیەش لەمەودوا دەبێت شۆفێرانی تاكسی پابەندی ئەو نرخانە ببن تاوەكو لەڕێگەی كەمكردنەوەی نرخەكانەوە قورساییەكانی قەیرانی دارایی بۆ هاونیشتمانیان كەمبكەنەوە.

حەمەجەزا محەممەد، سەرۆكی لقی سلێمانی سەندیكای كرێكاران و پیشەوەران بە (رووداو)ی گوت "دیاریكردنی نرخ لە بەرژەوەندی هاونیشتمانیانە. بۆ جێبەجێكردنی لەلایەن شۆفێران لۆگۆ ئامادە دەكرێت و بڕیارەكەش بە رەزامەندی شۆفێران خۆیان بووە".

دوابەدوای وەرگرتنی لۆگۆی نرخەكان هەر شۆفێرێك سەرپێچی لەو بڕیارە بكات، بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هاتووچۆ بۆ ماوەی 10 رۆژ دەست بەسەر ئۆتۆمبیلەكەیدا دەگرێت و ئەگەر بۆ جاری دووەم سەرپێچیەكە دووبارە بكاتەوە بەبڕی 250 هەزار دینار سزا دەدرێت.

شۆفێرانی تاكسی ئاماژە بەوە دەكەن، هەرچەندە نرخی بەنزین دابەزیوە، بەڵام بەهۆی قەیرانی داراییەوە كاری ئەوانیش رووی لە كەمی كردووە.

قەیرانی دارایی هۆكارێك بوو بۆ ئەوەی بەرپرسانی پارێزگای سلێمانی ناڕەزایەتییەكانی فەرمانبەران و خەڵكی شارەكە لەسەر خۆیان كەمبكەنەوە، هەنگاوی یەكەمیشیان دابەزاندنی نرخی شمەك و كاڵاكان و دروستكردنی هەرزان بازاڕە لە شارەكەدا، هەنگاوی دووەمیشیان كەمكردنەوەی نرخی هاتووچۆی ناو شار و دەرەوەی شارە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە