وەکو پاداشت داوای بڕە پارەیەک بۆ کارمەندانی سەرژمێری دەکرێت

25-02-2025
سۆران حوسێن
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

بەڕێوەبەری جێبەجێکاری سەرژمێری لە هەرێمی کوردستان دەڵێت، کارمەندانی سەرژمێری، یەک مانگ کاریان کردووە و شایستەی خۆیان وەرگرتووە. ئاماژە بەوەش دەکات، بە نووسراو داوای پاداشتیان بۆ هەموو کارمەندان کردووە و چاوەڕێی بەغدان.
 
مەحموود عوسمان، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری سەرژمێری لە هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ (سێشەممە) بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "کارمەندانی سەرژمێری، 14-11-2024 دەستبەکار بوون و 14-12-2024 کارەکانیان تەواو کرد، دواتر پارەی شایستەی ئەو مانگەیان لەکاتی خۆیدا وەرگرت." 
 
بەشێکی بژمێرەکان دەڵێن، بڕیار بووە دوو مووچەیان پێ بدرێت، بەڵام یەک مووچەیان وەرگرتووە. 
 
لەو بارەیەوە بەڕێوەبەری جێبەجێکاری سەرژمێرییەکە لە هەرێمی کوردستان گوتی "سەرەتا، حکومەتی عێراق پێیوابوو بۆ ماوەی دوو مانگ پێویستی بە کارمەندانی سەرژمێری دەبێت، بەڵام یەک مانگ پێویستی پێیان بوو."
 
مەحموود عوسمان گوتی، لە عێراق داوای پاداشتێک بۆ بژمێرەکان کراوە، لە هەرێمی کوردستانیش بە فەرمی و بە نووسراو داوای پاداشت کراوە. دەشڵێت، "ئێمە جەختمان لەوە کردەوە، بژمێرەکان پاداشت بکرێن، چونکە کارەکانیان بە رێکوپێکی کردووە، لە بەغداش بە ئێمەیان گوتووە کارەکان لە هەرێمی کوردستان سەرکەوتووترین بوون." 
 
کارمەندانی سەرژمێری لە هەرێمی کوردستان دوو جاریش بەشداریی راهێنانیان کردووە، جارێک 5 رۆژ و جارێکیش سێ رۆژ. 
 
بەڕێوەبەری جێبەجێکاری سەرژمێری لە هەرێمی کوردستان دەڵێ، "پارەی ئەو 8 رۆژەی راهێنان، جیا لە پارەی مانگانەکە دابەشکراوە." 
 
مەحموود عوسمان گوتیشی، بۆ خەرجکردنی پارەی پاداشت، بڕیار لای حکومەتی عێراقە و ئەگەر بۆ بژمێرەکانی نێوەڕاست و خوارووی عێراق خەرج بکرێت، بۆ هەرێمی کوردستانیش خەرج دەکرێت.
 
لە پڕۆسەی سەرژمێریدا کە دوای 37 ساڵ لە عێراق و هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو، لە هەرێمی کوردستان نزیکەی 20 هەزار کارمەند بەشدارییان کرد و لەبەرامبەر مانگێک کارکردن 250 هەزار دیناریان پێدرا.
 
سەرژمێریی گشتی بۆ ماوەی سێ رۆژ و لە 20 بۆ 22ـی 11-2024 لە عێراق و هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو.
 
25-11-2024، وەزیری پلاندانانی هەرێمی کوردستان ئاماری دانیشتووانی راگەیاند و گوتی، دانیشتووانی هەرێمی کوردستان 6 ملیۆن و 370 هەزار و 668 کەسە.
 
دوێنێش 24-02-2025، ئەنجامی بنەڕەتی سەرژمێرییەکە راگەیێندرا.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لۆگۆی سەندیکای رۆژنامەنووسانی یەکێتیی ئەورووپا.

سەندیکای رۆژنامەنووسانی یەکێتیی ئەورووپا: 70 - 80 رۆژنامەڤان دەبەینە هەرێمی کوردستان

سەندیکای رۆژنامەڤانانی یەکێتیی ئەورووپا، لە راپۆرتتێکدا باس لە وردەکاریی سەردانی شاندێکی باڵایان بۆ هەرێمی کوردستان دەکات و لە پێگەی فەرمی سەندیکاکەیان راپۆرتێکیان لەبارەی سەردانەکە بڵاوکردووەتەوە. ئەندامێکی سەندیکاکە بە رووداوی راگەیاند، لە داهاتوودا بەنیازن بە دەیان رۆژنامەڤانی ئەورووپی بێننە هەرێمی کوردستان و لەنزیکەوە دۆخی رۆژنامەڤانان ببینن.