ئاسایشی سلێمانی لەبارەی خۆپێشاندانەکەی عەربەت: ئێستا هیچ کەس دەستگیر نەکراوە

25-02-2025
سۆران حوسێن
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

مامۆستایانی ناڕازی رایدەگەیێنن، ژمارەیەکیان بۆ ماوەیەک لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی سلێمانییەوە دەستگیرکراون. ئاسایشیش دەڵێت، "ئێستا هیچ کەسێک دەستگیر نەکراوە".
 
دوای داخستنی رێگە لە تانکەری گواستنەوەی نەوت بۆ ماوەی دوو رۆژ، نزیک کاژێر 11:00ـی شەوی رابردوو لە ناحیەی عەربەت گرژی لەنێوان مامۆستایان و شۆفێرەکاندا دروستبوو، ئەوەش وایکرد هێزە ئەمنییەکان بۆ کۆنترۆڵکردنی دۆخەکە دەستوەردان بکەن.
 
عادل حەسەن، ئەندامی ئەنجوومەنی مامۆستایانی ناڕازی لە سلێمانی ئەمڕۆ سێشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "من و ژمارەیەک رۆژنامەڤان پێکەوە دەستگیرکراین، دواتر بە کەفالەت ئازاد کراین، هەندێکیشیمان نزیک کاژێر 04:00ـی بەرەبەیانی ئەمڕۆ ئازاد کران".
 
هەر ئەمڕۆ بەرپرسێکی باڵای هێزە ئەمنییەکان لە سلێمانی بە تۆڕی میدیاییی رووداوی گوت: "هێزە ئەمنییەکان بۆ پاراستنی گیانی ئەو خەڵکە دەستوەردانیان کرد، دۆخەکەیان کۆنترۆڵکرد و  ئێستاش هیچ کەسێک دەستگیرنەکراوە و لە زینداندا نییە".
 
لەبارەی گرژییەکانەوە، دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ لە راگەیێندراوێكدا رایگەیاند، "بەهۆکاری رێگریی لەلایەن مامۆستایان و هاووڵاتییان لە تێپەڕبوونی ئوتومبێلی بارهەڵگر و مانەوەیان لەو شوێنەدا بۆ ماوەی دوو رۆژ، شۆفێرەکان گوشاریان کردبوو و هەوڵی تێپەڕبوونیان دابوو، بووە هۆی دروستبوونی گرژی و ئاڵۆزی چەند شۆفێر و هاونیشتمانییەک بریندار بوون".
 
ئەو بەرپرسەی ئاسایش دەڵێت: "دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان وەک لایەنی جێبەجێکاری یاسا دەستبەجێ بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ئەو بارودۆخە نەخوازراوە و رێگری لە تەشەنەکردنی ئاڵۆزییەکان گەیشتنە شوێنی رووداوەکە و رێکاری یاسایی گرتەبەر".
 
بەگوێرەی دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان، "دۆخەکە کۆنترۆڵکراوە. ئێستاش هیچ كەسێک دەستگیرنەكراوه و  بریندارەکانیش نەخۆشخانەیان جێهێشتووە".
 

 

 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە