لە هەولێر پەردە لەسەر پەیکەری سیمبولیی شەهید شیفا گەردی لادرا

25-02-2018
هەڵات رێبوار
خەسرەو جاف پەیکەرەکەی دروستکردووە
خەسرەو جاف پەیکەرەکەی دروستکردووە
نیشانەکردن شیفا گەردی
A+ A-
رووداو - هەولێر

ئەمڕۆ لەبەردەم باڵەخانەی تۆڕی میدیایی رووداو لە هەولێر، لە یەکەمین ساڵیادی شەهیدبوونی شیفا گەردی لە موسڵ، پەردە لەسەر پەیکەری سیمبولیی شەهید شیفا گەردی لادرا.

خەسرەو جاف، پەیکەرتاش و کەسایەتیی دیاری باشووری کوردستان پەیکەرەکەی دروستکردووە، ئەو دەڵێ شەهیدبوونی شیفا گەردی کاریگەری لەسەری هەبووە "لەدوای بیستنی هەواڵەکە گریام، من لەوکەسانەم کە هەرچیم پێ جوان بێت ئەوە دەکەم... ویژدانی خۆم و هەستی نەتەوایەتیم پاڵی پێوەنام، کە پەیکەر بۆ ئەو خانمە بکەم".

لەبارەی چیرۆکی پشت دروستکردنی پەیکەرەکەوە، خەسرە و جاف دەڵێ "مایکەکەی دەستی شەهید شیفا (لە پەیکەرەکەدا) سیمبولی تەواوی مایکبەدەستەکانی جیهانە، ئەو بە بۆمب شەهید بووە، بۆیە من بیرم لەوە کردەوە ئەو بۆمبە داویەتی لە تەلەڤزیۆنێکی کۆن، گوللـە تۆپێکی 122 مللیمەتر (لەپشتی شاشەکەی داوە) و، شاشەکەی هەڵتەکاندووە، لەجیاتی گوللـەکە، دەستی شەهید شیفا بە مایکەکەی رووداوەوە لە شاشەکەوە دەرچووە".

خەسرەو جاف جەخت دەکاتەوە لەوەی ئەو شانازی بەوە دەکات کە سیمبولی مایکبەدەستانی جیهان، کچە کوردێکە و دەڵێ "ئەگەرچی (شیفا گەردیمان) لەدەستداوە، بەڵام ئەو شانازییەکەیە بۆ میللـەتەکەی و بۆ تۆڕی میدیایی رووداویش، چونکە مایکەکەی دەستی مایکی رووداوە و، من هیچ کارێکم نەکردووە تەنیا ئەرکێکی نەتەوەیی خۆمم ئەنجامداوە".

ئەمڕۆ (25-2-2018) یەک ساڵ بەسەر شەهیدبوونی شیفا گەردی، رۆژنامەڤانی دیاری تۆڕی میدیایی رووداو لە موسڵ تێپەڕدەبێت، کە بەهۆی تەقینەوەی بۆمبێکی چێنراو لەکاتی رووماڵی شەڕی کۆنترۆڵکردنەوەی موسڵ شەهید بوو. هەرچەندە بڕیاربوو لەمڕۆژەدا یەكەمین رێوڕەسمی ساڵانەی خەڵاتی جیهانیی شیفا گەردی سازبکرێت، "بەڵام نەكرانەوەی فڕۆكەخانەكانی هەرێمی كوردستان، ناچاریكردین ئەو رێوڕەسمە ئەمساڵ ئەنجامنەدەین".

ئەمڕۆ لەکاژێر 15:00 لە هۆڵی پێشەوا لە هەولێر، رێوڕەسمێکی تایبەت سازدەکرێت و رووماڵی تایبەتی تۆڕی میدیایی رووداو بۆ ئەو رێوڕەسمە دەستپێدەکات. لە بوڵتەنێکی یەک کاژێر و 40 خولەکیدا کە تایبەت دەبێت بە یەکەمین ساڵیادی شەهیدبوونی شیفا گەردی، گەشتیك دەکرێت بەنێو ژیان و دەنگدانەوەی شەهیدبوونیدا، بوڵتەنەکەش بەشێوەی راستەوخۆ لە تەلەڤزیۆن، رادیۆ، پۆرتاڵ و سۆشیاڵمیدیای تۆڕی میدیایی رووداو پەخشدەکرێت.
 


کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە