گالەری

رووداو دیجیتاڵ 

بەشێکی کریستیانەکانی عەنکاوەی هەولێر روویان لە کەنیسەی 'سوڵتانە سەلام'ـی سریانی - کاسۆلیکی کردووە و نوێژ و نزا دەخوێنن. 
 
چەند رۆژێکی دیکە جیهان ماڵئاوایی لە ساڵی 2023 و پێشوازی لە ساڵی 2024ـی زایینی دەکات. نزیکەی دوو ملیار و 140 ملیۆن کریستیانی رۆژئاوایی و بەشێک لە کریستیانە رۆژهەڵاتییەکان، 25ـی کانوونی یەکەم بە رۆژی کریسمس یان رۆژی لەدایکبوونی پەیامبەر عیسا (د.خ) دادەنێن. 
 
کریستیانەکانی جیهان بە گشتی شەوی پێش کریسمس یان لە رۆژی کریسمس بۆ نزاکردن و گوتنەوەی سروودی ئایینیی تایبەت بە لەدایکبوونی مەسیح (د.خ) دەچنە کەنیسە.
 
لە نەریتەکانی دیکەی کریسمس بریتییە لە ئامادەکردن و هاوبەشیکردنی خواردنی تایبەت لە ئێوارەی 24 تاوەکو ئێوارەی 25ـی مانگ لەگەڵ کەسوکار و هاوڕێیان کە دیارترینیان کێکی کریسمس و قەلی سوورکراوەن. 
 
کریستیانەکان هەروەها بەم بۆنەیەوە وەکو جەژنانە دیاریی بەیەک دەبەخشن. بەو هۆیشەوە، لە کۆتایی هەموو ساڵێکدا بازاڕەکان دەبووژێنەوە. چاوەڕێدەکرێت بۆ ئەم کریسمسە هەر خێزانێک داهاتی مانگ و نیوێکی لە دیاری، خواردن، جوانکاری و ئامادەکارییەکانی دیکەی کریسمس خەرج بکات.