رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، سبەی بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەستپێدەکات و تاوەکو 15ـی مانگی 10 بەردەوام دەبێت.
ئەمرۆ سێشەممە، 24-09-2024، حاکم عومەر ئەحمەد، سەرۆکی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا لە بەغدا رایگەیاند: "کۆمیسیۆن هەنگاوی گەورەی بڕیوە لە خشتەی کارەکانی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان".
عومەر ئەحمەد گوتی: "ئەمڕۆ ئەنجوومەنی کۆمیسیاران لە کۆبوونەوەیدا بڕیاری دا بە پەسندکردنی لیستی ناوی بەربژێرەکان، هاوپەیمانی و حیزبە سیاسییەکان کە بەشدار دەبن لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان".
سەرۆکی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق گوتیشی: "بڕیاردرا، رۆژی 25ـی ئەیلوول یەکەم رۆژی بانگەشەی هەڵبژاردن بێت. بەدیاریکراوی لە دوای کاژێر 12:00ـی ئەمشەوەوە دەستپێدەکات و تاوەکو کاژێر 12:00ـی شەوی 15-10-2024 بەردەوام دەبێت".
ژمارەی ئەو لیستانەی ئەمڕۆ کۆمیسیۆن پەسندیکرد 136 لیستن. هەروەها کۆی بەربژێرە پەسندکراوەکان هەزار و 191 بەربژێرن، لەنێویاندا 823 پیاو، 368 ئافرەت و 38 بەربژێری پێكهاتەکان هەن.
سەرۆکی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق داوای لە هەموو بەربژێر و لایەنەکان کرد پابەندی سیستمی بانگەشەی هەڵبژاردن بن. گوتیشی: "داوا لە حکومەتی هەرێمی کوردستان و تەواوی وەزارەتەکان دەکەین هاوکاریی کۆمیسیۆن بکەن لە سەرخستنی هەوڵەکان بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی بێگەرد".
عومەر ئەحمەد گوتیشی: "دووپاتی دەکەمەوە، پیشەییانە و بێلایەنانە کاردەکەین بە ئامانجی بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد".
مەروان محەممەد، سەرۆکی لقی هەولێری کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "هەر کەسێک رێنوێنییەکان بۆ بانگەشە پێشێل بکات، لەلایەن کۆمیسیۆنەوە لێپێچینەوەی یاسایی لەگەڵ دەکرێت."
بەگوێرەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان سزای ئەو کەسانە دەدرێت کە پێشێلکاری لە بانگەشەی هەڵبژاردندا دەکەن.
یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان
یاسای هەڵبژاردن ژمارە یەکی ساڵی 1992 و لەگەڵ هەموارکردنەوەکانی کە دواینیان هەموارکردنی حەوتەمە بە یاسای ژمارە 15ـی ساڵی 2013ـی پەرلەمانی کوردستان، سزا بۆ سەرپێچییەکانی بانگەشەی هەڵبژاردن دیاریکردووە.
لە مادەی 57ـی یاساکەدا ژمارەیەک بڕگە تایبەت کراون بە سزادانی ئەو کەسانەی پێشێلکاری لە بانگەشەی هەڵبژاردندا دەکەن.
لە بڕگەی یەکەمی مادەکەدا هاتووە، "هەر کەسێک بەیاننامە یان وێنە یان بڵاوکراوەی تایبەتی هەڵبژاردن لە دەرەوەی جێگە تایبەتکراوەکان هەڵبواسێ، ماوەیەک بەند دەکرێت کە لە یەک مانگ زیاتر نەبێت."
لە بڕگەی دووەمی یاساکەدا هاتووە، هەرکەسێک لە حوکمەکانی بڕگەکانی (چوارەم، پێنجەم، شەشەم و حەوتەم)ـی مادەی 25ـی یاساکە دەربچێت، زیندانی دەکرێت بۆ ماوەیەک لە مانگێک کەمتر و شەش مانگ زیاتر نەبێت و سزای پێبژاردنیش دەدرێ لە ملیۆنێک دینار کەمتر نەبێت و لە پێنج ملیۆن دینار زیاتر نەبێت. (بڕگەکان ئەمانەن باڵەخانەکانی حکومەت بۆ بانگەشە بەکاربهێنێت، داهاتی حکومەت یان فەرمانبەری حکومەت پلەکەی بەکاربهێنێت یان لە رۆژی هەڵبژاردن بانگەشە بکات یان لە بانگەشەدا دەنگدەر بخەڵەتێنێت یان گزییان لێ بکات).
لە بەشێکی بڕگەی سێیەمی مادەی 57دا هاتووە، هەر کەسێک بە ئەنقەست بە ناوی کەسێکی دیکەوە دەنگ بدات، هەرکەسێک نهێنی دەنگدانی دەنگدەرێک ئاشکرا بکات بەبێ رەزامەندی خۆی، یان کەسێک زیاتر لە جارێک دەنگ بدات، ئەوانە سزایەک دەدرێن بە زیندانی لە شەش مانگ کەمتر نەبێ و پێبژاردنێکیش لە 100 هەزار کەمتر و 500 هەزار دینار زیاتر نەبێت.
هەرکەسێک بۆ بەرژەوەندی کەسێک یان لایەنێک بە ئەنقەست وێنەی بەربژێرەکان یان بەرنامەی کارەکانیان کە هەڵیانواسیوە بدڕێنێت، بەگوێرەی یاسای هەڵبژاردن بەند دەکرێت بۆ ماوەیەک کە لە مانگێک کەمتر نەبێت و لە ساڵێکیش زیاتر نەبێت.
بەگوێرەی یاساکە، هەرکەسێک هەڕەشە بەکار بهێنێت دژی هەرکەسێک کە بە ئازادی دەنگی خۆی بدات، هەوەها کەسێک دروشمە ئاینییەکان یان ماڵەکانی خوداپەرستی بۆ کاری حیزبی بەکار بهێنێ بەند دەکرێ بۆ ماوەیەک لە ساڵێک کەمتر نەبێت.
رێنوێنییەکانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان بۆ بانگەشەی حیزب و بەربژێرەکان ئەمانەن:
- رێگە نادرێت وێنە و پۆستەری حیزب و بەربژێرانی لایەنە سیاسییەكان لەسەر دیوار، ستوون و بەربەستە گشتییەكان بە بزمار و لەزگە و سیكۆتین هەڵبواسرێن.
- رێگە نادرێت بە دانانی وێنە و پۆستەر لەسەر سەوزایی، دوورگەی ناوەندی و نێو پاركە گشتییەكان بە هەر جۆرە كەرەستەیەك.
- رێگە نادرێت بە بەكارهێنانی قوم، لم، چیمەنتۆ و بلۆك بۆ راگرتنی تابلۆ و كەرەستەكانی دیکەی بانگەشە.
- رێگە نادرێت بە هەڵواسینی وێنە و پۆستەرەكان لەسەر هێمای هاتووچۆ و تابلۆ رێنیشاندەرەكان، یان هەڵواسین لە شوێنی سووڕانەوەكانی ئۆتۆمبێل، كە ببێتە هۆی دروستبوونی رووداوی هاتووچۆ.
- رێگە نادرێت شوێنەوار و شوێنە كولتوورییەكان بۆ هیچ جۆرە بانگەشەیەك و هەڵواسینێك بە هیچ جۆرە مادەیەك بەكاربهێندرێن.
- رێگە نادرێت بە هەڵواسینی وێنە و پۆستەری بەربژێرانی حیزب و لایەنە سیاسییەكان لەسەر دیوار و شورای فەرمانگەكانی حكومەت و شوێنە گشتییەكان وەك مزگەوت، نەخۆشخانە، زانكۆ، قوتابخانە... هتد.
- هەر شارەوانییەك بەپێی تایبەتمەندیی دەڤەری خۆی، سەرەڕای ئەو خاڵانە، دەتوانێت رێكاری تایبەت بە خۆی بۆ بەرژەوەندیی موڵكی گشتی و پاراستنی پاكوخاوێنیی شار دەربكات.
- لە دوای تەواوبوونی بانگەشە، هەر بەربژێرێك بەرپرسیارە لە لێكردنەوەی وێنە و تابلۆكان و پاككردنەوەی شوێنەكە.
- ئەگەر بەربژێرێك پابەند نەبێت بە رێنماییەكان، ئەوە پۆستەر و بانگەشەكەی لەلایەن تیمەكانی شارەوانی لادەبرێت و كاردانەوەی یاسایی لەگەڵ دەكرێت.
بڕیارە 20ی مانگی داهاتوو هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەبچێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ