تەعریبێکی نوێ لە کەرکووک؛ 60%ی پۆلیسە دامەزرێندراوەکان عەرەبن

25-09-2023
هیوا حوسامەدین
هیوا حوسامەدین
راهێنانی سەربازی بە ژمارەیەک گەنج لە کەرکووک دەکرێت. وێنە: رووداو
راهێنانی سەربازی بە ژمارەیەک گەنج لە کەرکووک دەکرێت. وێنە: رووداو
A+ A-
 
رووداو - کەرکووک

بەپێی بڕیارێکی حکومەتی عێراق 37 هەزار گەنجی تەمەن 18 به 22 ساڵ بە مووچەی مانگانەی 500 هەزار و گرێبەستی سێ ساڵ لەسەر راژەی وەزارەتی ناوخۆ دادەمەزرێندرێن، کە 2550 کەسیان لە کەرکووکن و لەو ژمارەیەی کەرکووکیش 60%یان عەرەبن.
 
بەشێک لەو گەنجە کوردانەی کە خەڵکی رەسەنی کەرکووکن، ناویان بۆ دامەزراندنەکەی پۆلیس نەگەڕاوەتەوە و لە شوێنەکانی ئەوان عەرەبی پارێزگاکانی دیکەی عێراق دانراون؛ دژی بڕیارەکە ناڕەزایی دەردەبڕن.
 
عەدنان ئیسماعیل، دانیشتووی کەرکووک دەڵێت، "پێشکێشکردنی مامەڵەکە ئەلیکترۆنی بوو، ئێمەش ناوی خۆمان تۆمار کردووە و بڕوانامەی نۆ و دوازدەی بنەڕەتیمان هەیە، کەچی ناوەکانمان نەگەڕایەوە، هێشتا نازانین کێشەکە چییە و بە ئێمەیان گوتووە خەڵکی پارێزگاکانی دیکەی وەکو دیالە و موسڵ هاتوون و لەسەر پشکی کەرکووک دامەزراون، ئێمەش ئاگامان لە هیچ نییە."
 
ئەو عەرەبانەی دامەزرێندراون، کارتی نیشتەجێبوون و پسوولەی خۆراکی کەرکووکیان بۆ دەرهێندراوە، لە هەفتەی داهاتووەوە دەستبەکار دەبن و ئەوەش بە تەعریبێکی نوێ لە کەرکووک دادەنرێت.
 
ئەرشەد ساڵحی ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێت، "دەبێت وەزیری ناوخۆ رێنوێنیی ئەوە بۆ کەرکووک بنێرێت کە هەموو پشکەکان بە یەکسانی لەنێوان  پێکهاتەکانی کورد و عەرەب و تورکمان و ئاشوورییەکان دابەش بکرێت، کارکردن لە دەرەوەی ئەم شێوازە، دووبەرەکی دروستدەکات، لەنێو 50 ئافرەت، رەوایە دوو سێ کورد و دوو سێ تورکمان هەبن؟"
 
هاوشێوەی تورکمان، لایەنە کوردستانییەکانیش لە نایەکسانیی دابەشکردنی دامەزراندنەکان نیگەرانن و وێڕای تۆمارکردنی سکاڵا، هەڕەشەی جووڵاندنی شەقام دەکەن.
 
دیلان غەفوور، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێت، "لەم پرۆسەیەدا بەشێک لەو عەرەبانەی کە بڕیارە گرێبەستیان بۆ بکرێت خەڵکی پارێزگاکانی دیکەی عێراقن و لە پشکی کەرکووک دادەمەزرێن، ئەمە مایەی سەرسوڕمانە و بە هەموو شێوەیەک دژی دەوەستینەوە، گوشاری تووندی پەرلەمانی و مەدەنی دەستپێدەکەین بۆ راستکردنەوەی ئەم دۆخە نالەبارە و تاڕادەی هاتنە سەر شەقام و خۆپێشاندان لە ئەگەری بەدەمەوە نەهاتنی داواکانمان."
 
لە ماوەی سێ ساڵدا ئەمە چوارەمین جارە بەغدا هەلی دامەزراندن بۆ کەرکووک دەنێرێت و پشکی زۆرینە بە عەرەب و کەمینەش بە کورد و تورکمان دەدرێت؛ دوای ماوەیەک ناڕەزایی دەربڕین، دامەزراندنەکان لە بەرژەوەندیی عەرەب تێپەڕێندراون.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە