دەستەی نەزاهە 25 دۆسیە لەسەر ئیدارەی پارێزگای كەركووك دەكاتەوە

24-09-2013
نیشانەکردن دەستەی نەزاهە پارێزگای كەركووك دەكات
A+ A-
ساڵح قادر
رووداو - كەركووك

ئەندامێكی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك رایگەیاند، بە گومانی گەندەڵی لە پرۆژەكانی كەركووكدا، چەندین دۆسیەیان لەسەر ئیدارەی پارێزگای كەركووك لە دەستەی نەزاهەی عێراق كردووەتەوە و بەشێك لەو دۆسیانە ئێستا لە دادگا لێكۆڵینەوەیان تێدا دەكرێت.

ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك كە نەیویست ناوی بڵاوبكرێتەوە بە (رووداو)ی راگەیاند “تاوەكو ئێستا نزیكەی 25 دۆسیە لە دەستەی نەزاهەی عێراق لەسەر ئیدارەی پارێزگای كەركووك كراونەتەوە”. هەروەها گوتی “ئەو دۆسیانە لەلایەن ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووكەوە لەسەر ئیدارەی شارەكە كراونەتەوە”.

دیارترین ئەو پرۆژانەی لە دەستەی نەزاهە دۆسیەیان لەسەر كراوەتەوە، بریتین لە: پرۆژەی تۆڕی ئاوەڕۆی باشووری كەركووك، كامێرای چاودێری، باڵەخانەی پارێزگای كەركووك، 27 مۆڵەتی دەستەی وەبەرهێنان، كڕینی چەند ئۆتۆمبێلێك بۆ فەرمانگەكانی كەركووك، رێگەی بازنەیی كەركووك، پرۆژەی 33kv لە ناوچەی رەشاد و چەندین پرۆژەی دیكە.

“7 ملیۆن دۆلار لە سامانی گشتی بە فیڕۆ دراوە”

بەپێی ئەو بەڵگەنامانەی دەست (رووداو) كەوتوون، سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك بەشی پرۆژەكان نووسراوێكی بە ژمارە 1208 لە 5/6/2013 ئاراستەی دەستەی نەزاهە/ فەرمانگەی لێكۆڵینەوەكان/ نووسینگەی لێكۆڵینەوەی كەركووك كردووەو داوای لێكۆڵینەوە لە پرۆژەی (پاراستنی كەركووك بە كامێرای چاودێری و ئامێری ئاشكراكردنی تەقینەوەكان و سەركردایەتی ناوەندی شاری كەركووك) دەكات.

پارێزگاری كەركووك بەنووسراوی ژمارە 146 لە 14/11/2012 گرێبەستێكی لەگەڵ كۆمپانیای فراكفنتسی نەمساوی واژوو كردووە بەبڕی 15 ملیۆن و 860 هەزار دۆلار بۆ دانانی كامێرای چاودێری لە شاری كەركووك. بەپێی گرێبەستەكە دەبێ كۆمپانیاكە لە ماوەی 365 رۆژدا پرۆژەكە جێبەجێ بكات، دوای 7 رۆژ لە واژووكردنی گرێبەستەكە.

بەڵام بەپێی نووسراوەكەی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك، چەندین سەرپێچی یاسایی لەو گرێبەستەدا هەن. هەرچەندە سەرەتا ئیدارەی پارێزگای كەركووك داوای 5 ملیار دیناری كردووە بۆ پرۆژەكە، بەڵام دواتر داوای لە ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك كردووە كە پارەكە زیاد بكەن بۆ 20 ملیار دینار، بەبیانووی ئەوەی پرۆژەكە دەستكاری تێدا كراوە و هەندێك شتی بۆ زیادكراوە، دواجار ئەنجوومەنیش رازی بووە بە زیادكردنی پارەكە.

نووسراوەكەی ئەنجوومەن چەندین تێبینی دەستنیشانكردووە لەسەر گرێبەستەكە، لەوانەش ئاگادارنەكردنەوەی ئەنجوومەنی پارێزگا لە گرێبەستەكە، هەروەها پرۆژەكە تەنیا یەك عەرزی بۆ وەرگیراوە لە كاتێكدا چەندین كۆمپانیای شارەزا لەو بوارەدا هەن.

نووسراوەكەی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك دەڵێت “دوای بەدواداچوون و پرسیار كردن لە هەندێك كۆمپانیای جیهانی ناسراو و پسپۆڕی ئەو بوارە، بۆمان دەركەوت تێچووی ئەو پرۆژەیە 9 ملیۆن دۆلارە ئەگەر ئامێری كواڵێتی بەرزی تێدا بەكاربهێندرێت، بەڵام گرێبەستەكە بە 15 ملیۆن و 860 هەزار دۆلار كراوە، واتە جیاوازییەكە 7 ملیۆن دۆلارە، ئەوەش بە فیڕۆدانی سامانی گشتییە”.

یەكێكی دیكە لەو پرۆژانەی گومان دەكرێت گەندەڵی تێدا كرابێ پرۆژەی دروستكردنی باڵەخانەی پارێزگای كەركووكە كە بە 48 ملیار دینار دراوەتە كۆمپانیایەك. ئەندامێكی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك رایگەیاند “ئێستا خەریكی لێكۆڵینەوەین لەو پرۆژەیەش، چونكە بەپێی زانیاری ئێمە پرۆژەكە رەنگە بە نیوەی ئەو پارەیە جێبەجێ بكرێ”.

 پرۆژەی ئاوەڕۆی باشووری كەركووكیش كە تێچووەكەی 32 ملیار دینارە، ئێستا لە دەستەی نەزاهە دۆسیەیەكی بۆ كراوەتەوە. بەپێی قسەی ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك “ئەو دوو كۆمپانیایەی پرۆژەكەیان بۆ دەرچووە خیتاب زەمانیان نەبووە، هەروەها پرۆژەكەیان راستەوخۆ وەرگرتووە، ئەو بۆڕییەی بەكاریان هێناوە لەو جۆرە نەبووە كە لە گرێبەستەكەدا داوا كراوە”.
ئەندامەكەی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك ئاماژەی بە پرۆژەی شەقامی بازنەیی شاری كەركووك كرد كە تێچووەكەی 70 ملیار دینارە “ئێستا خەریكی كۆكردنەوەی بەڵگەنامەین لەسەر ئەو پرۆژەیە و لە داهاتوودا دەینێرین بۆ دەستەی نەزاهە تاوەكو لێكۆڵینەوەی تێدا بكرێ”.

یەكێكی دیكە لەو دۆسیانەی نێردراوە بۆ دەستەی نەزاهە، پرۆژەی (قابلوی 33kv و بنیاتنانی وێستگەی 11/33kv یە لە نزیك كۆمپانیای تارق) كە تێچووەكەی 6 ملیار و 890 ملیۆن و 525 هەزار دینارە. سەرەتا پرۆژەكە لە 13/12/2012 دراوەتە كۆمپانیای (روعە وهب وایسو) بەڵام دوای 12 رۆژ پرۆژەكە لەو كۆمپانیایە سەندراوەتەوە و دراوەتە كۆمپانیایەكی دیكە. بۆیە ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك-بەشی پرۆژەكان بە نووسراوی ژمارە 1299 لە 19/6/2013 داوای لە دەستەی نەزاهە كردووە لێكۆڵینەوە لەو دۆسیەیەدا بكات.


سەبارەت بەو پرۆژانەی لە دەستەی نەزاهە لێكۆڵینەوەیان لەسەر كراوە، ئەندامەكەی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك رایگەیاند “ئەوەندەی ئاگادار بم دوو دۆسیە لە دەستەی نەزاهە تەواو بوون و رەوانەی دادگا كراون، ئەوانیش 27 مۆڵەتی دەستەی وەربەرهێنانە، لەگەڵ كڕینی چەند ئۆتۆمبێلێك لەلایەن ئیدارەی پارێزگەی كەركووك بۆ فەرمانگەكان”.


کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە