رووداو دیجیتاڵ
بڕیارە یەکشەممەی داهاتوو شاندی پارتی دیموکراتی کوردستان سەردانی سلێمانی بکات و لەگەڵ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کۆببنەوە.
بەپێی ئەو زانیارییانەی کە ئەمڕۆ پێنجشەممە دەست تۆڕی میدیایی رووداو کەوتوون، رۆژی یەکشەممەی داهاتوو 27ی نیسان، شاندی پارتی دیموکراتی کوردستان دەچێتە سلێمانی و لەگەڵ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەبارەی پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆدەبنەوە.
بەرپرسێکی باڵای یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە رووداوی گوت: "بڕیاربوو زووتر کۆبوونەوەکە بکرێ، بەڵام لەبەر دیداری یەکێتی دواخرا بۆ 27ی مانگ.
رۆژی 23ی مانگ، لە شاری سلێمانی دیداری یەکێتیی بە ئامادەبوونی نزیکەی چوار هەزار بەرپرس و کادیری یەکێتی بەڕێوەچوو.
بەرپرسە باڵاکەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئاماژەی بەوەکرد، هەفتەی داهاتوو ئەنجوومەنی سەرکردایەتی یەکێتی لەبارەی راسپاردەکانی دیداری یەکێتی کۆدەبێتەوە و دەنگی لەسەر دەدات.
پێنجشەممە، 24-04-2025، هیوا گەیلانی، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی و بەرپرسی لقی 11ـی پارتی دیموکراتی کوردستان لەبارەی پرۆسەی پێکهێنانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: ''وەکو پارتی هەوڵێکی باشمان هەیە بۆ رێککەوتن و پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەت، هەروەها گەشبینین لە داهاتوویەکی نزیکدا دەگەینە رێککەوتن.''
پێشتر چەند گەڕێکی دانوستاندن لەنێوان شاندی دانوستاندنی پارتی و یەکێتی بۆ پێکهێنانی حکومەت بەڕێوەچووە و هەردوولا ئاماژە بەوە دەکەن، ''بەرەوپێشچوونی باش'' لە گفتوگۆکان هەیە.
ئەو ئەندامەی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی لەبارەی دابەشکردنی پۆستەکان گوتی، حیزبەکەی داوای هیچ پۆستێکی نەکردووە، ''زۆر جار باس لەوە دەکرێت پارتی داوای پۆستە سیادییەکان دەکات، ئەوە ئێمە نین، بەڵکو ئەوە نەریتی هەڵبژاردنە و یاسایە کە کێ براوەی یەکەم بێت، پۆستی سەرۆکی حکومەت و سەرۆکی هەرێمی کوردستان لای ئەوان بێت.''
گوتیشی: ''ئەوە دەنگدەرانی هەرێمی کوردستانن ئێمەیان هەڵبژاردووە کە لەم قۆناخەدا، سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان و سەرۆکایەتیی حکومەت وەربگرین''.
ئەو ئەندامەی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی جەختی لەوە کردەوە، ''وەک جەنابی سەرۆک بە ئاشکرا رایگەیاندووە، ئەوە گرنگە خاوەنی یەک هەرێم، یەک پەرلەمان و یەک حکومەت بین، بۆیە پێمانوایە نابێت پۆستەکان ببنە رێگر لە بەردەم رێککەوتندا.''
هەڵبژاردنى خولى شەشەمى پەرلەمانى کوردستان لە 20ى تشرینى یەکەمی 2024 کرا. پارتى 39 کورسی و یەکێتى 23 کورسی بەدەستهێنا، لەدوای تێپەڕبوونی نزیکەی شەش مانگ، هێشتا لایەنەکان لەسەر پێکهێنانی حکومەت رێکنەکەوتوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ