خۆڵبارینێکی چڕ هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە؛ کەی باران دەبارێت؟

24-04-2025
سۆران حوسێن
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

شارەزایەکی کەشوهەوا لە وەزارەتی کشتوکاڵ دەڵێت، ئەمڕۆ و سبەی خۆڵبارین بەردەوام دەبێت. هەروەها ئاماژە بە شەپۆلێکی بارانی سەرتاسەری لە هەرێمی کوردستان دەکات.
 
دوو رۆژە خۆڵبارینی چڕ باشووری کوردستانی گرتووەتەوە. لوقمان موفتی، پسپۆڕ لە سیاسەتی کشتوکاڵی و شارەزای کەشوهەوا لە وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ پێنجشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "سەرچاوەی ئەم خۆڵ و تۆزە بیابانەکانی نێوان سووریا و عێراقە".
 
لوقمان موفتی گوتی: "لە وەرزی بەهاردا ئاراستەی با لە هەرێمی کوردستان ئەو ناوچانەیە کە سەرچاوەی خۆڵبارینن، بۆیە لە بەهاردا خۆڵبارین زیاترە لە وەرزەکانی دیکە".
 
بە گوتەی ئەو شارەزایەی کەشوهەوا، ئەو خۆڵبارینەی لە دوێنێوە ناوچەکەی گرتووەتەوە سەرتاسەرییە لە هەرێمی کوردستان و سبەی هەینیش بەردەوام دەبێت.
 
لوقمان موفتی پێشبنی دەکات: "ئەمساڵ خۆڵبارین زیاتر دەبێت لە ساڵانی پێشوو، چونکە کەمبارانی بووە و بارانی پێویست نەباریوە".
 
لەبارەی شەپۆلی بارانبارینەوە ئەو شارەزایەی کەشوهەوا لە وەزارەتی کشتوکاڵ گوتی: "شەممە شەپۆلێکی بارانی سەرتاسەریی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە، باران لە ناوچە شاخاوییەکان زیاتر دەبارێت بەراورد بە سەنتەری شارەکان".
 
موفتی گوتیشی: "بارانبارینی شەممە لە سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە زیاتر دەبێت بەراورد بە هەولێر و دهۆک".
 
لوقمان موفتی گوتی: "بەگوێرەی پێشبینییەکان سێشەممە جارێکی دیکە باران دەبارێتەوە".
 
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی کەشناسیی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ پلەی گەرما بەمشێوەیە دەبێت:
 
هەولێر: 32 پلەی سیلیزی
سلێمانی: 30 پلەی سیلیزی
دهۆک: 31 پلەی سیلیزی 
کەرکووک: 34 پلەی سیلیزی 
زاخۆ: 31 پلەی سیلیزی
هەڵەبجە: 30 پلەی سیلیزی
سۆران: 28 پلەی سیلیزی
حاجی ئۆمەران: 19 پلەی سیلیزی
گەرمیان: 36 پلەی سیلیزی

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە