رووداو دیجیتاڵ
لە کۆی 46 پۆستی ئیداری لە خورماتوو، کورد تەنیا پۆستی بەڕێوەبەری نەخۆشخانەیەکی پێدراوە. هۆزێکی کورد داوای گەڕانەوەی پۆستەکان لە پارێزگاری سەڵاحەدین دەکات.
لە میوانخانەی هۆزی ساڵەیی لە خورماتوو، میوانداریی پارێزگاری سەڵاحەدین کرا و داوای لێ کرا پۆستەکانی پێشووی کورد بگەڕێنێتەوە.
غالیب ساڵەیی، سەرۆک هۆزی ساڵەیی دەڵێت: "ئێمە پێویستمان بەوەیە باڵانس هەبێت لە ئیدارەی خورماتوو و داوا لە پارێزگار بکەین کە پێکەوە ژیان لەم شارە بپارێزن و هەوڵ بدات بە چاوێکی یەکسان تەماشای هەموو پێکهاتەکانی خورماتوو بکات."
بەپێی ئەو رێککەوتنەی بۆ پێکهێنانی ئیدارەی سەڵاحەدین کراوە، دەبێت بەشێک لە پۆستەکانی خورماتوو بۆ کورد بگەڕێندرێنەوە، بەڵام لە بەڵێنی زارەکی زیاتر، تاوەکو ئێستا هیچ هەنگاوێک نەنراوە.
حەسەن گەرمیانی، کارگێڕی مەڵبەندی حەمرینی یەکێتی گوتی: "بەپێی سەنگ و قورسایی خۆمان و بەوپێیەی کە نوێنەری کوردی خورماتووین، داوای مافەکانی خۆمان دەکەین. هەنگاوی دووەمان لە خورماتوو لەگەڵ دۆستەکانمان لە حیزب و لایەنەکانی دیکە تاوتوێی ئەوە دەکەین و دیسان بەپێ قورسای خۆمان داوا دەکەین لاسەنگی لە ئیدارەی کەرکووک راستبکرێتەوە".
یەکێتی کورسییەکی لە ئەنجوومەنی پارێزگای سەڵاحەدین هەیە و لەوە تێگەیشتووە باڵادەستیی گرووپە چەکدارییە شیعەکان لە خورماتوو، رێگر دەبن لە پێدانی پۆستی قایمقام بە کورد، بۆیە دەیانەوێت لەبری ئەو پۆستە، چەند پۆستێکی ئیداری لە تکریت وەربگرن.
یاسین محەممەد، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سەڵاحەددین بە رووداوی گوت: "بەپێی خوێندنەوەمان بۆ دۆخی ئێستای خورماتوو، ئەگەر پۆستی قایمقامیش وەربگرین کە مافی کوردی ئەم شارەیە، رەنگە سەرکەوتوو نەبێت، بۆیە بیرمان لەوە نەکردووەتەوە پۆستی قایمقام وەربگرین، بەڵام ئێمە چاومان لە چەند پۆستێکی دیکەیە، ئەگەر کەسانی شارەزامان هەبێت و بتوانین ئەو پۆستانە پڕ بکەینەوە، رەنگە بتوانین چەند پۆستێک لە خورماتوو وەربگرین".
تورکمانی شیعە لە خورماتوو 32 پۆستیان لەدەستە، عەرەبی سوننە 13 و کوردیش یەک پۆستی هەیە، ئەمە لەکاتێکدایە پێشتر 60٪ـی پۆستەکانی خورماتوو لە دەستی کورد بوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ