رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ دەڵێت، بەدواداچوون بۆ کێشەی گرانبوونی نرخی تەماتە دەکرێت و چارەسەری دەکەن، بەڵام قەدەخەی هاوردەکردنەکەی تاوەکو مانگی شەش هەڵناگیرێت.
چەند رۆژێکە تەماتە کەمی کردووە و بەو هۆیەوە نرخەکەی گرانبووە، سەندیکای عەلوەی سلێمانی دەڵێت، هۆکارەکەی قەدەخەی هاوردەکردنی تەماتەیە.
رۆژی دووشەممە، 24ـی ئاداری 2025، هیوا عەلی گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لەگەڵ وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق هاوئاهەنگیمان هەیە و بە یەک پاکێج کاردەکەین، بۆ ئەوەی تەماتەی عێراق لە هەرێمی کوردستان ساخ بێتەوە، هاوردەکردنی تەماتە تاوەکو مانگی شەش قەدەخەیە."
گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ گوتی: "بەپێی رۆژژمێری کشتوکاڵی لەگەڵ عێراق رێککەوتووین، لە کاتی پێگەیشتنی تەماتەی عێراق ئێمە هاوردەکردن رادەگرین، کاتێک تەماتەی هەرێمی کوردستانیش پێگەیشت بۆ ساخبوونەوەی لەبازاڕدا، عێراق هاوردەکردنی تەماتە رادەگرێت، تاوەکو لە عێراق بە بازاڕ بکرێت."
لەبارەی گرانبوونی نرخی تەماتە، هیوا عەلی گوتی: "لە عێراق تەماتەمان بۆ دێت، بەڵام وا دیارە خواست زیادیکردووە و تەماتە کەمە، پێویستە گۆڕانکاری لە بڕ و ناردنی بکرێت و کێشەکە کاتییە، لێکۆڵینەوەی لێدەکەین و چارەسەر دەکرێت."
سەروەر عەلی، بەرپرسی سەندیکای عەلوەی سلێمانی بە رووداوی گوت: "ئەمڕۆ نرخی یەک کیلۆ تەماتە بە کۆ، هەزار و 500 دینارە و لە بازاڕەکاندا کیلۆی بە نزیکەی دوو هەزارە".
رەجەب حاجی عەزیز، سەرۆکی ئەنجوومەنی عەلوەی هەولێر بە رووداوی گوت: "ئەمڕۆ تەماتەی عێراقی بە کۆ کیلۆی بە هەزار و 500 بۆ 750 دینار بووە، لە بازاڕدا کیلۆی دەگاتە دوو هەزار."
لە بەرژەوەندیی جووتیارانی نێوەڕاست و باشووری عێراق، لە 26-01-2025ـەوە هاوردەکردنی تەماتە بۆ هەرێمی کوردستان قەدەخە کراوە.
جگە لە بڕیارەکەی زستانی ئەم ساڵ، لە هاوینیشدا کە بەرهەمی تەماتەی هەرێمی کوردستان پێدەگات، هاوردەکردنی بە هەموو شێوەیەک قەدەخە دەکرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ