رووداو دیجیتاڵ
لە نێوان هەولێر و کۆیە، رووداوێکی هاتووچۆ روویدا. گوتەبێژی تەندروستیی کۆیە دەڵێت، لەوکاتەدا سەربازانی ئەڵمانیا لە رێگەکەدا بوون و چارەسەری سەرەتاییان بۆ بریندارەکان کردووە.
موقەدەم سەنگەر سەلاحەدین، بەڕێوەبەری گشتیی هاتووچۆی کۆیە، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "رووداوەکە ئەمڕۆ (دووشەممە، 24-3-2025) لەنێوان سێ ئۆتۆمبێلدا روویداوە و 5 کەس بریندار بوون و گەیێندراونەتە نەخۆشخانە".
لەکاتی رووداوەکە دا تیمێکی سەربازانی ئەڵمانیا لە هەرێمی کوردستان، بەو رێگەیەدا رۆیشتوون. موقەدەم سەنگەر دەڵێت "سەربازەکان هاوکاریی بریندارەکانیان کردووە".
هەروەها هاوکار عەلی، گوتەبێژی تەندروستیی کۆیە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "لەکاتی رووداوەکە کە سەربازانی ئەڵمانی بەوێدا تێپەڕیون، دابەزیون و چارەسەری سەرەتاییان بۆ بریندارەکان کردووە، دواتر بریندارەکان رەوانەی نەخۆشخانە کراون".
گوتەبێژی تەندروستیی کۆیە گوتیشی، سێ لە بریندارەکان رەوانەی نەخۆشخانەی کۆیە کراون و چارەسەری پێویستیان بۆ کراوە، دووانەکەی دیکەش رەوانەی هەولێر کراون.
تیمی بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی کۆیە چوونەتە شوێنی رووداوەکە. بەڕێوەبەرەکەیان دەڵێت، "تیمەکەمان هێڵکاریی بۆ رووداوەکە کردووە و دۆسیەی لێکۆڵینەوەیان کردووەتەوە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ