یەکێتیی خانەنشینان: ئەوانەی ئەم ساڵ خانەنشین بوون، زۆرینەیان مانگی سێش مووچە وەرناگرن

24-03-2025
سۆران حوسێن
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

بەگوێرەی یاسای خانەنشینیی یەکگرتوو، ئەم ساڵ لەدایکبووانی سێ ساڵ پێکەوە لە هەرێمی کوردستان خانەنشین بوون. گوتەبێژی یەکێتیی خانەنشینان دەڵێت، ئەوانەی خانەنشینبوون مووچەی مانگەکانی یەک و دوویان وەرنەگرتووە و زۆرینەیان مانگی سێش مووچە وەرناگرن.
 
بەگوێرەی یاسای خانەنشینیی یەکگرتوو، ئەم ساڵ لەدایکبووانی ساڵانی 1962، 1963 و 1964 خانەنشین بوون. سادق شێخ عوسمان، گوتەبێژی یەکێتیی خانەنشینانی کوردستان، ئەمڕۆ دووشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بەهۆی تەواونەبوونی مامەڵەکانیان، زۆرینەی ئەوانەی ئەم ساڵ خانەنشین بوون، مووچەی مانگی ئاداریش وەرناگرن".
 
ئەم ساڵ بەهۆی یاسای خانەنشینینیی عێراقەوە، زیاتر لە 25 هەزار فەرمانبەری هەرێمی کوردستان خانەنشین بوون. 
 
سادق شێخ عوسمان گوتی: "دوو مانگی رابردوو کەمترین خانەنشین مامەڵەیان تەواو کراوە بۆ ئەوەی لە مانگی سێدا مووچەیان بۆ ببەسترێت؛ هۆکاری وەرنەگرتنی مووچەش هەر ئەوەیە".
 
بە گوتەی سادق شێخ عوسمان، لە زیاتر لە 10 هەزار خانەنشین لە پارێزگای سلێمانی، کەمتر لە 200 کەسیان مامەڵەی خانەنشینییان تەواوکراوە و بۆ مانگی سێ مووچە وەردەگرن.
 
سادق شێخ عوسمان گوتی: "بەڕێوەبردنی مامەڵەی خانەنشینان خاو بەڕێوەدەچێت، سەرەتا بڕیارێک درا کە بەڕێوەبەرایەتیی خانەنشینانی پارێزگاکان خۆیان مامەڵەکان بکەن، دواتر کاری پێنەکرا، ئێستا دەبێت بەڕێوەبەرایەتیی خانەنشینانی پارێزگاکان هەموویان مامەڵەکان ببنەوە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی خانەنشین لە هەولێر بۆ تەواوکردنی کارەکان، ئەوەش رێوشوێن و کاتی زیاتری پێویستە".
 
بەگوتەی گوتەبێژی یەکێتی خانەنشینان، ئەوانەی ئەم ساڵ خانەنشین بوون و مامەڵەکەیان تەواو کراوە، لەگەڵ مووچەی مانگی سێدا، مووچەی مانگەکانی یەک و دووش پێکەوە وەردەگرن.
 
سادق شێخ عوسمان گوتیشی: "مووچەی کەس نافەوتێت؛ هەر خانەنشینێک مانگەکانی داهاتووش مامەڵەکەی تەواو بکرێت و مووچە وەربگرێت، مووچەی هەموو ئەو مانگانەش پێکەوە وەردەگرێت کە تاوەکو ئەو کاتە وەرینەگرتووە".
 
دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق رۆژی 22-11-2022، حکومەتی هەرێمی کوردستانی بۆ بە جێبەجێکردنی یاسای خانەنشینی یەکگرتووی عێراق، ژمارە 9ی ساڵی 2014 پابەند کرد، بەڵام تاوەکو مووچەی مانگی تەممووزی 2024 جێبەجێ نەکرا.
 
ئەم ساڵ تاوەکو ئەمڕۆ مووچەی مانگەکانی یەک و دوو دابەشکراوە. بەگوێرەی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کورستان، رێوشوێنەکانی وەرگرتنی مووچەی مانگی ئاداریان تەواوکردووە و چاوەڕێی حکومەتی عێراقن بۆ خەرجکردنی پارە.
 
لە هەرێمی کوردستان نزیکەی 160 هەزار خانەنشینی شارستانی هەن؛ هەروەها نزیکەی 70 هەزار خانەنشینی سەربازی هەن.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە