رووداو دیجیتاڵ
لە زاخۆ پێنج کەس بە چەقۆ هێرشیان کردە سەر کەسێک و کوشتیان. بەهۆی رووداوەکەوە، دوو کەس دەستگیر کراون.
رووداوەکە کاژێر 11:43ـی دوێنێ شەو (پێنجشەممە، 23ـی کانوونی دووەمی 2025) لە سەنتەری شاری زاخۆ روویداوە. ئەو کەسەی کوژراوە ناوی (ئـ. س. ع)ـە و کوڕێکیشی لەگەڵ بووە و بە سووکی بریندار بووە.
ئەمیر عەلی، گوتەبێژی تەندروستیی زاخۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، کەسەکە لە شوێنی رووداوەکە گیانی لەدەستداوە. دوای گەیاندنی بۆ نەخۆشخانەی فریاکەوتنی زاخۆ، تەرمەکەی رەوانەی دادپزیشکی شارەکە کراوە. دوای پشکنین و توێکاری، دەرکەوتووە هەشت چەقۆ بەر لەشی کەوتوون.
دواتر تەرمەکەی رادەستی خانەوادەکەی کرا و بەخاک سپێردرا.
سەبارەت بە بکوژەکانیش، موقەدەم ئەحمەد رەمەزان، گوتەبێژی پۆلیسی زاخۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، هێرشکارەکان پێنج کەس بوون، دووانیان دەستگیر کراون، یەکێکیان بریندارە، رەوانەی نەخۆشخانەی فریاکەوتنی دهۆک کراوە و چارەسەر وەردەگرێت.
پۆلیسی زاخۆ لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، کوژراوەکە تەمەنی 35 ساڵە و دەشڵێت، بە بڕیاری دادوەر، بە پێی بەندی 405 لە یاسای سزادانی عێراقی لێکۆڵینەوەیان لە رووداوەکە دەستپێکردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ