رووداو دیجیتاڵ
رۆژی 18ـی ئەم مانگە لە کاتی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە کەرکووک سێ گەنجی کورد کەوتنە بەر هێرشی لایەنگرانی لیستە عەرەبییەکانی کەرکووک، بە دار، شەق و بۆکس لێیان دان، بە گوتەی خۆیان یەکێکیان قۆڵی درزی بردووە یەکێکیان لوتی شکاوە.
لە گرتە ڤیدیۆیەکدا کە ساتی هێرشەکەی تێدا تۆمارکراوە دەردەکەوێت چەندین لایەنگری ئەو لیستە عەرەبییانە هێرشدەکەنە سەریان و ئەو گەنجە کوردانە دەڵێن، "لەوێ چوار کەسی بە رەگەز عەرەب رزگاریان کردین."
عەبدوڵڵا محەممەد یەکێکە لەو هاونیشتمانییانەی هێرشیکراوەتە سەر و دەڵێت، "لە ناکاو کەوتینە نێو کۆمەڵێک خەڵکەوە، بە نەتەوە عەرەب بوون وەکو لە ڤیدیۆکەدا دیارە هێرشێکی زۆر زۆر دەکەنە سەرمان و یەک و دوو کەس نەبوون، من پێموایە هەزار کەس دەبوون کە هێرشیانکردە سەرمان، ئێمە پێشبینیی ئەوەمان نەکرد کە هەڕەشەی سووتاندنمان بکەن و هاواریان دەکرد بیانسووتێنن ئەمانە کوردن و جلی کوردیان لەبەرە."
محەممەد عەباس، یەکێکی دیکەیە لەو هاونیشتمانییانە و گوتی، "ئەو کاتە ئێمە لە ئۆتۆمبێلەکە دابەزین پێمان وابوو ئەوانە دێن و وێنەمان لەگەڵ دەگرن وەکو دوو نەتەوەی جیاواز لەو بۆنەیە، بەڵام هێرشیانکردە سەرمان بە جۆرێک کاتێک ئێمە لەنێو ئۆتۆمبێلەکە بووین و بینمان بەسەر ئۆتۆمبێلەکە کەوتن بۆ چرکە ساتێک هەستم کرد ئەم کۆتا ساتەکانی ژیانمانە و رزگار بوونمان مەحاڵە."
لەسەر سکاڵای ئەو سێ گەنجە، پۆلیسی کەرکووک دەستی بە لێکۆلینەوە و کۆکردنەوەی گرتە ڤیدیۆییەکان کردووە، بەپێی ماددەی 413ـی سزادانی عێراقی هەر کەسێک بەبیانووی جلوبەرگ یان زمانی نەتەوەیی هێرش بکاتە سەر کەسێکی دیکە لایەنی کەم سێ ساڵ زیندانی دەکرێت.
ئیدریس نەبیل یەکێکی دیکەیە لەو سێ گەنجەی هێرشی کرایە سەر باسی رووداوەکە دەکات و دەڵێت، "بۆ ساتێک بیرمان کردەوە کە ئەمە کۆتایی ژیانە و لەم رووداوە دەرناچین، چونکە ئەو کەسانە بەرق و قینەیەکی زۆرەوە هێرشیان بۆمان کرد، ئێمە لەوە تێدەگەین کە ئەوانە نوێنەرایەتیی هەموو پێکهاتەی عەرەب ناکەن، چونکە چوار کەسی عەرەب ئێمەی لەوێ رزگارکرد و خۆی بەسەر ئێمەدا دا تاوەکو لێدانی کەمترمان بەربکەوێت."
ئەو ئۆتۆمبێلەی کە سێ گەنجەکەی تێدابووە، ئۆتۆمبێلی یەکێک لە گەنجەکان بووە و زیانی زۆری پێگەیشتووە، تەنانەت هەوڵی سووتاندنی دراوە.
عامر نووری، گوتەبێژی پۆلیسی کەرکووک بە رووداوی راگەیاند، "ئێستا زانیارییەکی زۆرمان کۆکردووەتەوە و بەهاوئاهەنگی لەگەڵ هەواڵگری و ئاسایشی نیشتمانی کار دەکەین و سەرەداوی روون لەسەر کەیسەکە دۆزراوەتەوە و لە ماوەیەکی نزیکدا ئەو کەسانە دەستگیردەکرێن و دەدرێنە دادگا."
دوای ئەو هێرشە، ڤیدیۆیەکی دیکەی ئەو ئاهەنگگێرانە بڵاوبووەوە کە تێیدا وێنەی سەدام حوسێنیان بەرز کردووەتەوە و هوتاف دەدەن و دەڵێن، "بە گیان، بەخوێن، بە قوربانت دەبین سەدام. ئاساییشی نیشتمانیی عێراق رایگەیاند، بەهۆی ئەو هوتافانەوە 10 کەسیان دەستگیرکردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ