رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری نەوت و کانزاکانی سۆران رایدەگەینێت، نزیکەی 50٪ی دانیشتوانی سنووری ئیدارەکەیان زیاتر لە هەشت ملیۆن لیتر نەوتیان بەسەردا دابەشکراوە و دابەشکردنی نەوت لە قەزاکانی رەواندز و خەلیفان لە قۆناخی کۆتاییدایە. دەشڵێت، لە مانگی ئەیلوولەوە زیاتر لە 10 بەنزینخانەی سنوورەکە سزادراون.
ئەمیر شانەدەری، بەڕێوەبەری نەوت و کانزاکانی سۆران، میوانی بەرنامەی مژاری رادیۆی رووداو بوو کە رۆژانە محەممەد رەحیم پێشکێشی دەکات و باسی پرۆسەی دابەشکردنی نەوتی سپی بەسەر هاونیشتمانیانی سۆران کرد و گوتی، لەدوای 12ی ئەیلوولەوە کە بڕیاری دابەشکردنی نەوت دراوە، لە سنووری قەزاکانی چۆمان، سیدەکان و مێرگەسۆر و تەواوی ناحییەکانیان پرۆسەی دابەشکردنی نەوت تەواوکراوە و نزیکەی 40 هەزار خێزان نەوتیان بەسەردا دابەشکراوە.
بەگوتەی ئەمیر شانەدەری، تا ئێستا زیاتر لە هەشت ملیۆن لیتر نەوتیان بەسەر دانیشتوانی چۆمان، مێرگەسۆر و سیدەکان دابەشکردووە و ئێستا دابەشکردنی نەوت لە هەردوو قەزای خەلیفان و رواندز لە قۆناخی کۆتاییدایە و لە دوو رۆژی داهاتوودا لە ناوەندی قەزای سۆرانیش دەست بە پرۆسەکە دەکرێت.
بەڕێوەبەری نەوت و کانزاکانی ئیدارەی سۆران دەڵێت، لە سنووری تەواوی ئیدارەی سۆران نزیکەی 88 هەزار خێزان سوودمەند دەبن لە وەرگرتنی نەوت کە بڕی 200 لیترە بە 104 هەزار دینار دەدرێتە هاونیشتمانیان.
دەشڵێت، "هەموو هەوڵێکمان ئەوەیە بەزوویی پرۆسەکە کۆتایی بێت و نەوت بگاتە هەموو خێزانەکان، پلانمان وایە لەناو سۆران رۆژانە 500 هەزار لیتر نەوت دابەش بکەین".
لە سنووری ئیدارەی سۆران تاوەکو ئێستا هیچ کۆگەیەکی هەڵگرتنی سووتەمەنی بوونی نییە بۆیە ئەو نەتەی دابەشی دەکەن، راستەوخۆ لە کۆگەکانی سووتەمەنی هەولێرەوە بەدەستیان دەگات.
لەبارەی چاودێریکردنی کاری بەنزینخانەکان، بەڕێوەبەری نەوت و کانزاکانی ئیدارەی سۆران گوتی، "لیژنەکانمان رۆژانە چاودێری کاری بەنزینخانەکان دەکەن و پشکنینیان بۆ دەکەن و لە ماوەی مانگی 9 و 10 نموونەی پشکنین لە زیاتر لە 70 بەنزینخانە وەرگیراون و 10 بەنزینخانەیان لە پشکنین دەرنەچوون و سزا دراون، هەروەها سێ بەنزینخانەش داخراون".
لە سنووری ئیدارەی سۆران، زیاتر لە 200 بەنزینخانە هەن، بەگوتەی ئەمیر شانەدەری، لە کۆی ئەو 200 بەنزینخانەیە نزیکەی 30 بەنزینخانەیان هاوچەرخن، ئەوانی دیکەیان لە ساڵانی رابردوو دروستکراون و بنەما و مەرجەکانی بەنزینخانەی هاوچەرخیان تێدا نییە.
بەڕێوەبەری نەوت و کانزاکانی سۆران، داوا لە هاونیشتمانیانی سنوورەکەیان دەکات چاودێر بن بەسەر کاری بەنزینخانە و دابەشکردنی نەوت و گازی شلی ماڵان و تەنانەت کاری کارگەکانی چەو و لم لەو سنوورە و هەر سەرپێچییەکیان بینی، راستەوخۆ پەیوەندییان پێوە بکەن بەم ژمارەیە: 07501001041.
لەبارەی پشکی سنوورەکەیان لە بەنزینی 750 دیناری حکومی، ئاماژەی بەوەکرد، مانگانە نزیکەی 100 هەزار لیتر بەنزینیان بۆدێت، و بەگوێرەی ژمارەی دانیشتوان دابەشی دەکەن.
لە سنووری ئیدارەی سۆران، زیاتر لە 20 کارگەی چەو و لم هەن، ئەمیر شانەدەری دەڵێت، "نزیکەی 24 کارگە و کانی چەو و لم هەن و مۆڵەتیان پێدراوە، هەر کارگەیەک سەرپێچی بکات بەگوێرەی رووبەری سەرپێچییەکەی سزا دەدرێت، هەروەها کارگەیەکی چیمەنتۆ لە گوندی سێناوەی قەزای خەلیفان، لە وەزارەتی سامانە سروشتییەکانەوە مۆڵەتی وەرگرتووە و دروستدەکرێت".
لەگەڵ هاتنی وەرزی زستان و سەرما، خواست لەسەر بەکارهێنانی گازی شل لە لایەن هاونیشتمانیان و نانەواخانە و چێشتخانەکان زیاد دەبێت و ئەو بڕە گازەش بۆ سنووری سۆران دابینکراوە کەمترە لە پێداویستی سنوورەکە.
ئەمیر شانەدەری بەڕێوەبەری نەوت وکانزاکانی سۆران دەڵێت، حەوت کارگەی گازمان هەن لە سنوورەکەدا، بۆ کۆنترۆڵکردنی پێداویستییەکان و گواستنەوەی گاز لەنێوان شارەکان قەدەخەیە، ئێستا مانگانە 1300 بۆ 1350 تۆن گازمان پێدەگات، بەڵام ئەو بڕە گازەی بۆمان دێت بەشمان ناکات و لە زستاندا زیاتر لە 2400 تۆن گازی شلمان پێویستە".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ