رووداو دیجیتاڵ
بۆ یەکەمجار لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان و عێراق پرۆژەی بەخێوکردنی ماسی بە سیستەمی نەرویجی لە شاری هەولێر قۆناخی یەکەمی تەواو بوو کە دوای تەواوبوونی هەموو قۆناخەکان دەتوانێت ساڵانە 3 هەزار تۆن ماسی بەرهەمبهێنێت.
پرۆژەکە لە رێگەی شەمامک دروستکراوە، کەوتووەتە باشووری خۆرئاوای شاری ھەولێر و 11 کیلۆمەتر لە شەقامی 100 مەترییەوە دوورە.
عەبدولکەریم ئەحمەد جەسیم، خاوەنی پرۆژەکە بە رووداوی راگەیاند، "لە ساڵی 2013 پرۆژەی بەخێوکردن و بەرهەمهێنانی ماسیمان بە هاوبەشی لەگەڵ کۆمپانیایەکی نەرویجی دامەزراندووە کە بۆ یەکەمجارە لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان و عێراق بە سیستەمی نەرویجی پرۆژەی بەخێوکردنی ماسی لە هەولێر دروستبکرێت. سەرەڕای بڕینی بودجەی هەرێمی کوردستان لەلایەن بەغداوە و دروستبوونی شەڕی داعش، ئەم پرۆژەیە نەوەستا و بەردەوام بوو، هەرچەندە کەمێک دواکەوت، بەڵام نەوەستا تاوەکو تەواومان کرد."
خاوەنی پرۆژەکە دەشڵێت، "لە وڵاتانی دەوروبەری عێراقیش لەم سیستەمە نییە. دوای سەرکەوتنی ئەم پرۆژەیە، داوایان کردووە لە ئیماراتیش ئەم پرۆژەیە جێبەجێ بکەین. هەروەها لەم رۆژانە لە تورکیا و ئێرانیش داوایان لێکردووین ئەم پرۆژەیە جێبەجێ بکەین. ئەم پرۆژەیە لە هەولێر بە پرۆژەی دایک دەناسرێت".
عەبدولکەریم ئەحمەد لەبارەی یەکەمین بەرهەمی ئەو پرۆژەیەوە دەڵێت، "لە ساڵی 2018دا یەکەم بەرهەمی ماسی بە سیستەمی نەرویجی ئامادەکرا کە رەنگ و بۆن و تامی لە هەموو ماسییەکانی دیکەی عێراق جیاوازە. ئێمە لەم پرۆژەیەدا تەنیا ماسی بەرهەمناهێنین، بەڵکو سیستەمەکەشی بڵاودەکەینەوە و پەرەی پێدەدەین. لەگەڵ ئەوەشدا هەر لەم پرۆژەیەدا دەتوانین رۆبیان بەخێو بکەین و بڵاوی بکەینەوە."
دوای سەرکەوتنی ئەم پرۆژەیە بەفەرمی، حکومەتی هەرێمی کوردستان و هەنگاریا گرێبەستێکیان کردووە.
لەبارەی ئەو گرێبەستەوە عەبدولکەریم ئەحمەد دەڵێت " ناوی من و پرۆژەکەم لەنێو گرێبەستەکەدا هەیە و خراوەتە بەرنامەی کاریان. لە رێگەی ئەم گرێبەستە لەگەڵ هەنگاریا دەتوانین باشترین ماسیی هەنگاریا، کە بە ماسیی کارب ناسراوە، لەم پرۆژەیەی خۆماندا بەخێو بکەین و بیدەینە هەموو عێراقیش."
ماسیی کارب لە ساڵی 1970 رێکخراوی فاو هێناویەتە عێراق و ئێستاش برەوێکی زۆری لەنێو خەڵکدا هەیە و لە عێراقیشدا ماسیی بەعقووبە باشترین و بەناوبانگترینە.
عەبدولکەریم ئەحمەد ئاماژە بەوە دەدات، "دەتوانین وابکەین ماسیی هەولێر ببێتە باشترین ماسی لە سەرتاسەری عێراقدا. ئێمە باشترین جۆری خواردن دەدەینە ماسییەکانمان کە خواردنەکە لەسەر ئاو دەوستێت و ناچێتە خوارەوە و ماسی بە ئاسانی دەیخوات. لەگەڵ ئەوەشدا حەوزی ماسییەکانیش بە باشترین شێواز دروستکراون کە پلاستیکە و کۆمپانیایەکی ئەمریکی بە گرێنتی 100 ساڵ دروستیکردووە و ئاوەکەی بەفیڕۆناچێت و شوێنی کەمتر دەگرێت و ئاسانتر ماسییەکان کۆنترۆڵ دەکرێن، لەگەڵ ئەوەشدا ماسییەکان تامی خۆڵیان لێ نایەت و پیسایی ناخۆن و خواردنی دروست دەخۆن".
وەک خاوەن پرۆژەکە دەڵێت، ئەگەر حکومەتی هەرێمی کوردستان هاوکاریان بکات دەتوانی ساڵانە 3 هەزار تۆن ماسی بەرهەمبێنین.