سیمی کارەبای نیشتمانی جەستەی منداڵێکی 7 ساڵان دەسووتێنێت

25-08-2023
ئەبوبەکر ئیسماعیل
ئەو منداڵەی جەستەی سووتاوە
ئەو منداڵەی جەستەی سووتاوە
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

چوار مانگە لەتاو ئازاری برینەکانی جەستەی دەناڵێنێت. دانەر عوسمان تەمەن حەوت ساڵ دوای ئەوەی لەگەڵ باوکی بەسەردان دەچنە ماڵی دراوسێکەیان، دانەر دەچێتە سەربانی ماڵەکە و بەهۆی نزیکی سیمی کارەبای نیشتمانی لە دیواری ستارەی خانووەکە، تەزووی کارەبایی 11 هەزار کیلۆڤۆڵتی دەیگرێت.
 
دوای ئەنجامدانی شەش نەشتەرگەری بۆی دەستێکی لەدەستدەدات، سەر، پشت، سمت و قاچی بەسەختی بریندار دەبێت. 
 
دایک و باوکی دانەر دەڵێن، کوڕەکەیان بووەتە قوربانی خەمساردی مەرجەکانی رێگەپێدانی مۆڵەتی دروستکردنی بینا و نزیکبوونەوە لە سیمی کارەبای نیشتمانی. 
 
ژیان ئەحمەد، دایکی دانەرە و گوتی، برینەکانی کەمێک ساڕێژبوون، بەڵام ئازاری زۆرە بەتایبەت ئەو شوێنانەی دۆنەریان لێ وەرگرتووە، پێویستی بە نەشتەرگەرییەکی دیکەش هەیە لەسەری. 
 
عوسمان محەممەد، باوکی دانەرە و دەڵێت: کوڕەکەی ئێمە یەکەم قوربانی و کۆتا قوربانی نابێت، دوو ساڵ لەمەوپێش کەسێکی دیکەش بەهەمان سیم گیانی لەدەستدا کە خێزانداربوو.
 
رووداوەکە لە گەڕەکی قەندیل لە شارۆچکەی چوارقوڕنە بووە، ستوونی کارەبا و سەقفی خانووەکان هێندە لێک نزیکبوونەتەوە، بەناو یەکترداچوون. سەرۆکی شارەوانیی شارۆچکەکە دەڵێت، پابەند نەبوونی خەڵک بە رێنوێنییەکان مەترسی لەسەر ژیانیان دروستکردووە. 
 
حەسەن زرار، سەرۆکی شارەوانیی چوارقوڕنە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "خەڵکەکە پابەندنین بە رێنوێنییەکان زیادەڕۆیی دەکەن، مەترسی بۆ سەر ژیانی خۆیان دروست دەکەن، لێپێچینەوە دەکەین و هەموو ئەو کەسانە دەدرێنە دادگە." 
 
رووداو ئەم گرفتەی بردە لای بەڕێوەبەرایەتیی کارەبای راپەڕین، ئەوان دەڵێن، زۆربەی هێڵەکانی کارەبای 11 هەزار کیلۆڤۆڵتی لە هەرێمی کوردستان بەسیم گواستراونەتەوە، تەنیا رێگەچارە پابەندبوونی خەڵکە بەو 20%ـی زەوییەکان کە دەبێت دووربن لە ستوونەکانی کارەبا لە کاتی خانوو دروستکردن. 
 
عەلی محەممەد، بەڕێوەبەری گشتیی کارەبای راپەڕین بە رووداوی گوت: سیمەکانی کارەبا لەسەر رەسیفەکانن و نێوانیان کەمە، ئەوەش دەبێتە هۆی گرفت، داوا لە هاونیشتمانییان دەکەین پابەندبن بە رێنوێنییەکانی شارەوانی. 
 
لە ماوەی شەش مانگی سەرەتای ئەمساڵ، چوار کەس لە ئیدارەی راپەرین بەهۆی بەرکەوتنیان بەتەزووی کارەبا گیانیان لەدەستداوە. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە