رووداو- هەولێر
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان وێڕای ئیدانە کردنی رووداوەکەی شاری میونشن-ی ئەڵمانیا ، سەرەخۆشیی خەڵك و حكومەتی هەرێمی كوردستانی بە خەڵك و حكومەتی ئەڵمانیا و كەسوكاری قوربانیانی ئەو ڕووداوە "نەخوازراوە" راگەیاند".
لە پەیامێکدا بەبۆنەی رووداوەکەی شاری میونشنی ئەڵمانیا کە 9 کوژراو و 21 برینداری لێکەوتەوە، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان پەیامێکی بۆ خەڵک و حکومەتی ئەو وڵاتە نارد و ئیدانەی کردەوەکەی کرد.
لە پەیامەکەی نێچیرڤان بارزانی کە رۆژی شەممە 23-7-2016 بڵاوکرایەوە، هاتووە: "مخابن شەوی هەینی 22-23/7/2016 چەكدارێك لە شاری میونشنی ویلایەتی باڤاریای ئەڵمانیا لە شوێنێكی گشتی بە شێوەیەكی هەڕەمەكی تەقەی لە خەڵك كرد و لە ئاكامدا ژمارەیەك خەڵكی سڤیل كوژران و برینداربوون".
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە پەیامەکەیدا رایگەیاندووە: "ئێمە لە حكومەتی هەرێمی كوردستان بە تووندی ئەو كردەوە تیرۆریستییە ئیدانە دەكەین و سەرەخۆشیی خەڵك و حكومەتی هەرێمی كوردستان بە خەڵك و حكومەتی ئەڵمانیا و كەسوكاری قوربانیانی ئەو رووداوە نەخوازراوە رادەگەیەنین و هیوای زوو چاكبوونەوەش بۆ بریندارانی رووداوەكە دەخوازین".
نێچیرڤان بارزانی لە درێژەی پەیامەکەیدا ئاماژەی بەوە کردووە کە "ئەم رووداوە نەخوازراوانە لە ئێمە دەخوازێت كە كاری هاوبەش بۆ بنەبڕكردنی ئەو دیاردە نامۆیانە تۆكمەتر بكەین كە خەریكە سەرتاسەری جیهان دەگرێتەوە، بەتایبەتی كە گروپگەلێك دروستبوون هانی خەڵك دەدەن بۆ ئەنجامدانی ئەو كردارە تیرۆریستیانە و كوشتنی خەڵكی سڤیل لە شوێنە جیاوازەكانی جیهان، بۆیە بەهێزكردنی كاری هاوبەش بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەو دیاردە تیرۆریستیانە پێویستە ببێتە یەكێك لە كارە هەرە لەپێشینەكانی كاری هاوبەش".
شەوی هەینی 22-7-2016، گەنجێکی 18 ساڵانی ئەڵمانی بەڕەگەز ئێرانی هێرشی چەکداریی کردە سەر بازاڕێکی شاری میونشن و تەقەی لەو خەڵکە کردکە لە دەورووبەری فرۆشگای ماکدۆناڵدز کۆبووبوونەوە. لە ئەنجامدا 9 کەس کوژران و 21 کەسی دیکەشی بریندار کرد، دواتریش خۆی کوشت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ