لە هەفتەیەکدا 9 دزیکردن و هەڵکوتانە سەر ماڵان و سەرانە وەرگرتن لە کەرکووک تۆمارکراون

24-06-2024
هیوا حوسامەدین
هیوا حوسامەدین
پۆلیس لە شەقامێکی کەرکووک لێپێچینەوە لە ناسنامە و ساڵیانەی شۆفێرێک و ئۆتۆمبێلەکەی دەکات
پۆلیس لە شەقامێکی کەرکووک لێپێچینەوە لە ناسنامە و ساڵیانەی شۆفێرێک و ئۆتۆمبێلەکەی دەکات
A+ A-
 
رووداو - کەرکووک

ماوەیەکە وەرگرتنی سەرانە لە خەڵک لە کەرکووک چەندبارە دەبێتەوە. بەپێی تۆمارێکی ڤیدیۆیی کە لە کامێرای چاودێری لە گەڕەکی دۆمیزی کەرکووک تۆمارکراوە، دوو ماتۆڕسوار دەردەکەون کە بە زەبری دەمانچە، مۆبایل و سەرانە لە سێ گەنجی ئەو گەڕەکە وەردەگرن؛ ئەم دیمەنانەش ماوەیەکە لە زۆربەی گەڕەکەکان چەندبارە دەبنەوە.
 
تۆمەتبارێک لە بنکەی پۆلیسی رەحیم ئاوا لە کەرکووک کە لەسەر وەرگرتنی سەرانە دەستگیرکراوە، ناوی "ع. ص. ع"ە و دەڵێت، "لە بنچینەدا خەڵکی پارێزگای سەڵاحەدینم، لە شارۆچکەی شەرگات، پێش ساڵ و نیوێک هاتینە نێو کەرکووک، پەیوەندیم بە هەندێک گەنجەوە کرد کە لەسەردەمی ئاوارەیی پێکەوە بووین، ئەوان رێگایان نیشاندام و پێیان گوتم با ئەم کارە بکەین، لەگەڵیاندا بەشداریی چوار چالاکیم کرد کە بریتی بوو لە رفاندنی مۆبایل و جانتا لە دەستی خەڵک، بەتایبەتی لە گەڕەکە قەرەباڵخەکانی وەکو رێگەی بەغدا و شەقامی قودس، لە دوایین چالاکیدا لەلایەن هێزەکانی پۆلیسەوە دەستگیر کرام."
 
بە گوتەی پۆلیس، زۆربەی ئەوانەی کاری دزی دەکەن و بە زۆر سەرانە لە خەڵک وەردەگرن، خەڵکی کەرکووک نین و لە پارێزگاکانی دیکەوە هاتوونەتە نێو شارەکە.
 
پۆلیسی کەرکووک هەڵمەتێکی فراوانی دەستبەسەرداگرتنی ماتۆڕسکیل و دەستگیرکردنی ئەو کەسانەی دەستپێکردووە، کە ماوەیەکە دۆخی ئەمنیی کەرکووکیان تێکداوە و بوونەتە هۆکاری ترساندنی هاونیشتمانیان.
 
عامر نووری، گوتەبێژی پۆلیسی کەرکووک دەڵێت، "دزیکردن یاخود کوشتن و هەندێکجار تاوانی گەورەش، هەر بە ماتۆڕسکیل ئەنجام دراوە، بۆیە وەکو پۆلیسی کەرکووک بڕیارمان دا جەخت لە هەڵمەتەکانی پێشوومان بکەین و بە هیچ شێوەیەک رێگە بە هاتووچۆی ماتۆڕسکیل نەدەین، ئەگەر حاڵەتێکی دزییش هەبێت یاخود زیاتر، ئەوە مانای ئەوە نییە رەوشی کەرکووک نائارام و ناسەقامگیرە؛ نەخێر دۆخەکە زۆر باشە و رەوشی کەرکووک ئارامە."
 
لە ماوەی یەک هەفتەدا، 9 دزیکردن و هەڵکوتانە سەرماڵان و سەرانە وەرگرتن لە کەرکووک تۆمار کراوە، تائێستا پۆلیس تەنیا یەک کەسی دەستگیر کردووە و گەڕان بەدوای ئەنجامدەرانی دیکەش بەردەوامە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە