لە رانیە پرسە بۆ کۆچبەرێکی بێسەروشوێنی بەلەمەکەی ئیتاڵیا دانراوە؛ 'سەروەتێک بوو بۆ کوردستان'

24-06-2024
ئەبوبەکر ئیسماعیل
وێنەی گەنجە بێسەروشوێنبووەکە
وێنەی گەنجە بێسەروشوێنبووەکە
A+ A-
 
رووداو - رانیە

خێزانێکی نیشتەجێی رانیە دوای 12 رۆژ لە بێسەروشوێنبوونی کوڕەکەیان لە رێگەی گەیشتن بە ئەورووپا، لەگەڵ بیستنی هەواڵی ژێرئاوکەوتنی بەلەمێکی کۆچبەران لە کەناراوەکانی ئیتاڵیا، بێ ئۆقرەن و لە چاوەڕوانیدا فرمێسک لە چاویان قەتیس ماوە.
 
ماڵباتی دەرباز ئارازی تەمەن 25 ساڵ، خەڵکی کەرکووکن و دانیشتووی رانیەن، سەرەڕای دانانی پرسە و ماتەم بۆ کوڕەکەیان، نە لە دەریا و نە لە وشکانی هیچ سۆراخێکیان لێی نییە.
 
محەممەد ئاراز، برای دەرباز دەڵێت، "قسەم لەگەڵ کەسێک کردووە، دەڵێت پێنجشەممە چووەتە لای یەختەکە، ئەو یەختەی کچێک بەناوی مژدە رزگاری بووە؛ دەڵێت 13ی مانگ بەڕێکەوتوون، بەڵام براکەم 9ی مانگ بەڕێکەوتووە، گومان دەکەین لەو یەختەدا نەبووە."
 
باوکی دەرباز دەڵێت، قاچاخچییەکان کڕین و فرۆشتنیان بە کوڕەکەیانەوە کردووە، تائێستا چارەنووسی نادیارە و بۆ دڵنیابوونەوە لەو تەرمانەی دۆزراونەتەوە سامپڵیان لێ وەرگیراوە و نێردراوە بۆ ئیتاڵیا، چاوەڕێی ئەنجامی پشکنینەکانن.
 
ئاراز عومەر، باوکی دەرباز ئاماژەی بەوە کرد، "قاچاخچی بەبێ ئاگاداریی ئێمە بە کەسێکی دیکەی فرۆشتووەتەوە، چۆن 76 کەس لە یەختێک بار دەکرێت؟! ئەوە کارەساتە، گەنجەکەی ئێمە سەروەتێک بوو بۆ کوردستان."
 
بەلەمە نقومبووەکەی کەناراوەکانی ئیتاڵیا، 76 سەرنشینی هەڵگرتبوو، 65 کەسیان گیانیان لەدەستدا، 12 کەسیان دانیشتووی ئیدارەی راپەڕین بوون. تاوەکو ئێستا تەرمی 35 کەسیان دۆزراونەتەوە و ئەوانی دیکەش بێسەروشوێنن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە