رووداو دیجیتاڵ
لە دوو هەفتەدا سێ کەس لە رووباری خازر لە سنووری قەزای بەردەڕەش خنکاون. محەممەد فەریقی 21 ساڵ دوایین کەس بووە کە خنکاوە، باوکی چووەتە شوێنی رووداوەکە و دەڵێت، "جەرگم سووتاوە."
فەریق تەها، باوکی محەممەد بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "جەرگی من سووتاوە، ئیشاڵڵا جەرگی کەسی دیکە نەسووتێت. دەبێت تیمێکی مەلەوانی بێتە ئێرە، هەروەها رێنمایی هەبێت کە خەڵك لە شوێنی مەترسیدار نزیک نەبێتەوە."
رۆژانە بە سەدان کەس دەچنە رووباری خازر بۆ بینینی دیمەنی جوانی ناوچەکە و مەلەکردن، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ تیمێکی مەلەوانی لەسەر رووبارەکە جێگیر نەکراوە و هیچ رێنماییش دانەنراون.
دڵدار ئەحمەد، پێشمەرگەیە و بۆ مەلەکردن چووەتە رووباری خازر، بە رووداوی راگەیاند، "ئەم رووبارە بەرز و نزمی تێدایە، هەندێک جێگە قوڵە و هەندێل تەنکە، بەڵام هەندێک کەس دێن شارەزا نین و مەلەوانی دەکەن، بۆیە دەخنکێن."
تاوەکو ئێستا هیچ بەڕێوەبەرایەتییەکی بەرگریی شارستانی لە بەردەڕەش نییە. بۆیە بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی ئاکرێ تیمێکی گەڕۆکی دروستکردووە و رۆژانی قەرەباڵخ سەردانی ناوچە گەشتیارییەکان و رووبارەکان دەکەن.
عەقید ئیبراهیم فەریق، بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی ئاکرێ دەڵێت، "ئامۆژکاریی خەڵك دەکەین کە تاوەکو بتوانن نەچنە شوێنی مەترسیدار بۆ مەلەوانی، چونکە رووبار بە شێوەیەکی گشتی مەترسیدارە، ئەگەر مەلەوانیش بکرێت با کەسانی خوار 18 ساڵ و سەروو 60 ساڵ و ئەوانەی کێشیان سەروو 100 کیلۆیە و نەخۆشییان هەیە، نەچنە ئەو شوێنانە و مەلە نەکەن."
رووباری خازر لە ناحیەی کەلەکچی تاوەکو سەر زێی گەورە لە سنووری پارێزگای دهۆک دیمەنێکی سەرنجڕاکێشی هەیە، لەگەڵ دەستپێکردنی وەرزی گەرما، رۆژانە سەدان کەس بە مەبەستی سەیران و مەلەوانی روو لە رووباری خازر دەکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ