لایەنە کوردستانییەکانی کەرکووک هەوڵی دروستکردنی هاوپەیمانێتی دەدەن

23-06-2023
هیوا حوسامەدین
هیوا حوسامەدین
ژمارەی کورسییەکانی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، 15 کورسییە و کورسییەکیش بۆ کۆتا دەبێت، بۆ بەدەستهێنانی زۆرترین کورسی، لایەنە کوردستانییەکان سەرقاڵی گفتوگۆی پێکهێنانی هاوپەیمانین.
ژمارەی کورسییەکانی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، 15 کورسییە و کورسییەکیش بۆ کۆتا دەبێت، بۆ بەدەستهێنانی زۆرترین کورسی، لایەنە کوردستانییەکان سەرقاڵی گفتوگۆی پێکهێنانی هاوپەیمانین.
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

لایەنە کوردستانییەکان لە کەرکووک هەوڵی دروستکردنی هاوپەیمانێتییەک دەدەن بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان کە بڕیارە لە کۆتایی ئەمساڵ بەڕێوەبچێت، شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێت، بۆ مانەوەی کورد لە کەرکووک وەک هێزی یەکەم پێویستە خوێندنەوەیەکی ورد بکرێت، ئەو هەڵبژاردنە لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی گرنگترە، چونکە چارەنووسی ئیدارەی شارەکە دیاریدەکات و براوە دەتوانێ پارێزگار دابنێت.
 
ژمارەی کورسییەکانی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، 15 کورسییە و کورسییەکیش بۆ کۆتا دەبێت، بۆ بەدەستهێنانی زۆرترین کورسی، لایەنە کوردستانییەکان سەرقاڵی گفتوگۆی پێکهێنانی هاوپەیمانین.
 
شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری دووەمی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، دەبێت خوێندنەوەیەکی ورد بکرێت بە شێوەیەک کە کورد وەکو هێزی یەکەم بمێنێتەوە، "ئەم هەڵبژاردنە زۆر لە هەڵبژاردنی پەرلەمان گرنگترە، چونکە چارەنووسی ئیداریی ئەم شارە دیاریدەکات و هەر هێزێک براوە بێت دەتوانێ پارێزگار دابنێت، لەو رێگەیەشەوە بتوانێت ئەو نادادیی و گەندەڵییەی چەندین ساڵە دەکرێت چاکبکاتەوە و کۆتای بەم پێشێلکارییانە بهێنێت."
 
لە پارێزگاکانی دیالە، سەلاحەدین و نەینەواش، پێناچێت کورد بە یەک لیستی هاوبەش بەشداری هەڵبژاردنەکە بکەن، لە سنووری پارێزگای سەلاحەدین کە تەنیا خورماتوو زۆرینە کوردن، حیزبە کوردستانییەکان بە سێ لیست شەڕ لەسەر یەک کورسیی ئەنجوومەنی پارێزگاکە دەکەن.
 
عەلی قەڵایی سەرۆکی دەزگای هەڵبژاردنی کەرکووک - سەلاحەدینی یەکێتی دەڵێت، "گرنگە کورد یەک لیستی هەبێت یان ئەگەر نەبوو لەگەڵ لیستە عەرەبی و تورکمانییەکان پێکەوە بەشداری بکەن، ئەو کات دەتوانن بگەنە ئەو ئاستەی کورسی ببەن و کەسێک دەربچێت، بەبێ ئەمە زۆر ئەستەمە کوردی بۆ کورد ببێت، بەڵام ئەو هەل و مەرجەی ئێستا لە سەلاحەدین هەیە باشترە و کورد لەچاو ناوچەکانی دیکە لەوێ تەبان، چونکە لەدوای رووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەر زۆر ئازاری کوردی ئەو شارە درا."
 
سەرۆکوەزیرانی عێراق بڕیاریداوە 18-12 ئەمساڵ، هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق ئەنجام بدرێت، پێشبینی دەکرێت کورد لە کەرکووک بە زیاتر لە سێ لیست بەشداری هەڵبژاردنەکە بکات.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە