گالەری


رووداو دیجیتاڵ

ئەمڕۆ سێشەممە پێشانگەی نێودەوڵەتیی هەولێر بۆ بیناسازی و ئاوەدانکردنەوە کرایەوە. 214 کۆمپانیا تێیدا بەشدارن کە لە وڵاتی جیاوازەوە هاتوون و پێشانگەکە تاوەکو 26ـی ئەم مانگە بەردەوام دەبێت. تۆڕی میدیایی رووداو سپۆنسەری پێشانگەکەیە.


لە یەکەم رۆژی کردنەوەی پێشانگەکەدا؛ مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بەشداریکرد و رایگەیاند، زۆربەی بەشداربووانی ئەم پێشانگەیە كۆمپانیاكانی بیانین، كۆمپانیای ناوخۆییش زۆرن كە هەندێكیان بەشدارییان كردووە، "بەشداریكردنی كۆمپانیای بیانی لەڕووی وەبەرهێنان لە كوردستان پێموایە ساڵ بە ساڵ زیاتر دەبێت."

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان باسی لەوە کرد، "20 هەزار یەکەی نیشتەجێبوون خراوەتە تەندەر، هەندێ بەرنامەمان هەبووە کە چۆن بتوانین بە بێ بەرامبەر یەکەی نیشتەجێبوون بۆ خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان دروست بکەین، لە سنووری دهۆک ئەوەمان کردووە و لە هەولێر خەریکە تەواو دەبێت، لە هەموو پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکانی دیکەش دەیکەین".

لە پێشانگەی نێودەوڵەتیی هەولێر بۆ بیناسازی و ئاوەدانکردنەوە 214 کۆمپانیا لە 15 وڵاتی جیاوازەوە بەشدارییان کردووە، 80٪ـی کۆمپانیاکان بیانین و 20٪ـیش کۆمپانیاکانی ناوخۆی هەرێمی کوردستانن. ئەمساڵ بەشێک لە کۆمپانیاکانی بیانی بۆ یەکەمجارە بەشداری لە پێشانگاکەدا دەکەن.

زیاتر لە 400 براندی جیھانی لە پێشانگەکەدا بەرهەمەکانی خۆیان نمایشکردووە. پێشانگەی نێودەوڵەتیی هەولێر بۆ بیناسازی و ئاوەدانکردنەوە کە ئەمڕۆ بە سپۆنسەری میدیایی تۆڕی میدیایی رووداو کرایەوە، تاوەکو رۆژی هەینی 26ـی مانگی ئایار بەردەوام دەبێت و رۆژانە لە کاژێر 10:00ـی بەیانییەوە تاوەکو 07:00ـی ئێوارە کراوە دەبێت.