وەزیری دەرەوەی فەرەنسا: هەرێمی کوردستان فاکتەرێکی گرنگی سەقامگیرییە لە ناوچەکەدا

23-04-2025
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە وەزیری دەرەوەی فەرەنسا کرد. وەزیرە فەرەنسییەکە رایگەیاندووە "هەرێمی کوردستان فاکتەرێکی گرنگی ئاسایش و سەقامگیرییە لە ناوچەکەدا".
 
پێشوازیی مەسرور بارزانی و کۆبوونەوەی لەگەڵ ژان نوێل بارۆ، ئەمڕۆ چوارشەممە، 23-04-2025، بوو. بەگوێرەی راگەیێندراوی حکومەت، باسیان لە پەیوەندییەکانی فەرەنسا لەگەڵ هەرێمی کوردستان، پەیوەندیی هەولێر و بەغدا، هەناردەکردنەوەی نەوت و پێکهێنانی حکومەتیش کردووە.
 
وەزیری دەرەوەی فەرەنسا خۆشحاڵیی خۆی بە سەردانەکەی بۆ هەولێر دەربڕی، ئاماژەی بە دۆستایەتیی نێوان هەرێمی کوردستان و وڵاتەکەی کردووە و گوتوویەتی، "هەرێمی کوردستان فاکتەرێکی گرنگی ئاسایش و سەقامگیرییە لە ناوچەکەدا".
 
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی حکومەت، مەسرور بارزانی "سوپاس و پيزانینی هەرێمی کوردستانی بۆ پشتیوانیی بەردەوامی حکومەت و گەلی فەرەنسا دووپات کردەوە و جەختی لە گرنگیی پەرەپێدانی پەیوەندیی دوولایەنە لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا کردەوە".
 
لە کۆبوونەوەکەدا، "هەردوولا هاوڕابوون لەسەر پێویستی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کاتێکی نزیکدا".
 
حکومەت دەڵێت، پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ و گرنگیی دابینکردنی مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان و رێزگرتن لە سیستمی فیدراڵی و هەروەها دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان، تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکان بوون.

 

دیمەنێکی دیکەی کۆبوونەوەکە
 
دەقی راگەیێندراوی حکومەت:
 
ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە 4/23، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە ژان نوێل بارۆ، وەزیری دەرەوەى فەرەنسا کرد.
 
وەزیری دەرەوەی فەرەنسا، خۆشحاڵیی خۆی بە سەردانیکردنی هەولێر دەربڕی و ئاماژەی بە دۆستایەتیی بەهێزی نێوان هەرێمی کوردستان و فەرەنسا کرد و گوتی هەرێمی کوردستان فاکتەرێکی گرنگی ئاسایش و سەقامگیرییە لە ناوچەکەدا.
 
سەرۆکی حکومەت سوپاس و پيزانینی هەرێمی کوردستانی بۆ پشتیوانیی بەردەوامی حکومەت و گەلی فەرەنسا دووپات کردەوە و جەختی لە گرنگیی پەرەپێدانی پەیوەندیی دوولایەنە لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا کردەوە.
 
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەدا، هەردوولا هاوڕابوون لەسەر پێویستی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کاتێکی نزیکدا.
 
پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ و گرنگیی دابینکردنی مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان و رێزگرتن لە سیستەمی فیدراڵی و هەروەها دەستپێکردنەوە هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان، تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکان بوون.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە