قایمقامیەتی پارێزگاکان پلانی خۆپارێزی لە تای خوێنبەربوون جێبەجێ دەکەن

23-04-2025
سۆلین حەمەدەمین
سۆلین حەمەدەمین
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

لە هەرێمی کوردستان، رێکارەکانی خۆپارێزی لە تای خوێنبەربوون تووند دەکرێن، هەرکەسێک گۆشت لەسەر شەقامەکان بفرۆشێت یان لە سەربڕخانەکان ئاژەڵ سەرنەبڕێت، لێپێچینەوەی یاسایی لەگەڵ دەکرێت.
 
زیاتر لە هەفتەیەکە ڤایرۆسی تای خوێنبەربوون لە عێراق بڵاوبووەتەوە و سێ کەس بەو هۆیەوە گیانیان لەدەستداوە. تای خوێنبەربوون بە چەندین رێگە دەگوازرێتەوە بۆ مرۆڤ و دەکرێت بە سووکی تووشی بێت و جاروباریش دەبێتە هۆی گیانلەدەستدان.
 
رۆژی چوارشەممە، 23ـی نیسانی 2025، ئیسماعیل محەممەد، قایمقامی دهۆک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئێمە بەردەوام لیژنەی بەدواداچوونی بازاڕەکانمان هەیە، بەڵام لەم چەند رۆژەدا لیژنەکانمان زیاتر و ئاگادارتر بە کاری خۆیان هەڵدەستن، چونکە ڤایرۆسی تای خوێنبەربوون، یەکێکە لەو ڤایرۆسانەی لە رێگەی گۆشت و ئاژەڵەکانەوە دەگوازرێتەوە."
 
قایمقامی دهۆک دەڵێت، "هەر گۆشتێک بەدەر لە رێنماییەکانی وەزارەتی تەندروستی و ڤێتەنەری بفرۆشرێت، سەرپێچیکار دووچاری لێپێچینەوەی یاسایی دەبێتەوە، سزا دەدرێت بە پێبژاردن و لە ئەنجامی دووبارەکردنەوە شوێنەکەی دادەخرێت و دەدرێتە دادگە."
 
"چوار ساڵە لە زاخۆ فرۆشتنی گۆشت لەسەر شەقامەکان قەدەخەیە"
 
موشیر بەشیر، قایمقامی زاخۆ بە رووداوی گوت، نەک لەکاتی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکان، بەڵکو چوار ساڵە گۆشت فرۆشتن لەسەر شەقامەکان و سەڕبرینی ئاژەڵ لە هەموو شوێنێک جگە لە سەربڕخانەکان قەدەخەیە، بەڵام ئێستا لیژنەکانمان زیاتر بەدواداچوون بۆ ئەم بابەتە دەکەن بۆ خۆپاراستن لە بڵاوبوونەوەی تای خوێنبەربوون.
 
وەک قایمقامی زاخۆ گوتی، "هەر ئاژەڵێک مۆری رێگەپێدراوی لێنەدرابێت، هیچ سەربڕخانەیەک ناتوانێت سەریببڕێت و بیفرۆشێت، ئەو گۆشتانەی لە دەرەوە دێن کە بە گۆشتی 'هیندی' ناسراون، رێگە نادرێت بهێنرێتە نێو ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، هەر کەسێکیش سەرپێچی بکات سزا دەدرێت."
 
"لە سلێمانی هەڵمەتێکی گەورەی هۆشیارکردنەوەی خەڵک لەم نەخۆشییە گیراوەتەبەر"
 
گۆران قادر، سەرۆکی لێژنە هاوبەشەکانی قایمقامیەتی سلێمانی بۆ رووداو گوتی، "دەمێکە دیاردەی فرۆشتنی گۆشت لەسەر شەقامەکان و گۆشتی بێ مۆڵەت لە سلێمانی نەماوە، ئەگەر هەشبێت زۆر کەمە و ئەنجامدەرانیشی دووچاری لێپێچینەوەی تووند بوونەتەوە، لە هەندێک حاڵەتدا بەندیشکراون."
 
بە گوتەی گۆران قادر، لە سلێمانی هەڵمەتێکی گەورەی هۆشیاری لەسەر تای خوێنبەربوون دەستیپێکردووە، بەردەوامن لە رێکارەکانی خۆپارێزی و چاودێرکردنی بازاڕ، تیمەکانی ڤێتەنەری سلێمانی سەردانی گوندەکان و ئاژەڵداران دەکەن و ڤاکسینی تایبەت بەم نەخۆشییە بۆ ئاژەڵان بەکاردەهێنن.
 
سەرۆکی لێژنە هاوبەشەکانی قایمقامیەتی سلێمانی گوتی، فرۆشتنی گۆشت لەسەر شەقامەکان چەند پێشێلکارییەکە لە یەک کاتدا، مۆڵەت و مەرجی تەندروستییان نییە، مەترسی لەسەر ژیانی هاووڵاتییان دروستدەکەن و دەبنە هۆکاری شێواندنی جوانیی سلێمانی، بۆیە هەرگیز رێگە نەدراوە ئەم کارە بکرێت، سزای تووندی بۆ دانراوە و ئێمەش وەکو خۆی جێبەجێی دەکەین.
 
گۆران قادر هۆشداری دەداتە هاووڵاتییان و دەڵێت، دووربکەونەوە لە کڕینی ئەو گۆشتانەی مۆڵەتیان نییە و بە نرخێکی هەرزانتر لە بازاڕدا دەفرۆشرێت، بەڵام هەر گۆشتێک مۆری لەسەر بوو دەتوانن بەبێ دوودڵی بەکاری بهێنن، چونکە پێش سەربڕینی ئاژەڵ و دوای سەربڕینیش پشکنینیان بۆ دەکرێت.
 
هاوکات بەپێی زانیارییەکانی رووداو، لە هەولێریش هەموو رێکارەکانی فرۆشتنی ئاژەڵ لەسەر شەقام و سەربڕینی لە دووکانەکان تووندکراون و لیژنەکان گەڕان و بەدواداچوونەکانیان توندتر دەکەن، هەر کەسێکیش پابەند نەبێت سزا دەدرێت و دەدرێت بە دادگە.
 
دوێنێ وەزارەتی کشتوکاڵ رایگەیاند، کۆمەڵێک رێکاری نوێیان بۆ رێگری لە بڵاوبوونەوەی تای خوێنبەربوون لە هەرێمی کوردستان دەرکردووە، گرنگترینیان هاوردەکردنی پێست، گۆشت و خووریی ئاژەڵ لە عێراقەوە قەدەخە کراوە، هەروەها دەبێت هەموو ئاژەڵەکان لە سەربڕخانەکان سەرببڕدرێن و گۆشت لەسەر شەقامەکان نەفرۆشرێت و پێش بەکارهێنان نزیکەی 18 کاژێر لە ساردکەرەوەکاندا هەڵبگیرێت.
 
ساڵی 2023، لە هەرێمی کوردستان 9 کەس بە تای خوێنبەربوون گیانیان لەدەستدا، بەڵام پار هیچ کەسێک بەهۆی تای خوێنبەربوون گیانی لەدەست نەدا. ئەم ساڵ تاوەکو ئێستا لە سنووری کەرکووک (ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان) سێ کەس بە تای خوێنبەربوون گیانیان لەدەستداوە.
 
تای خوێنبەربوون چۆن دەگوازرێتەوە؟
 
تای خوێنبەربوون بە چەندین رێگە دەگوازرێتەوە بۆ مرۆڤ و دەکرێت مرۆڤ بە سووکی تووشی بێت و لە زۆر باریشدا دەیکوژێت، رێکخراوی تەندروستیی جیهانی دەڵێت: رێژەی مردن لەنێو تووشبووان 10٪ بۆ 40٪ـە. ڤایرۆسەکە لە رێگەی ئاژەڵ و مێشوولەوە دەگوازرێتەوە بۆ مرۆڤ کە رێگەکانی گواستنەوە بریتین لە:
 
- لەکاتی پێوەدانی مێشوولەیەکی هەڵگری ڤایرۆسەکە
 
- لەکاتی کوشتنی مێشوولەیەکی هەڵگری ڤایرۆسەکە
 
- لەکاتی سەربڕینی ئاژەڵێکی هەڵگری ڤایرۆسەکە
 
- لەکاتی بەرکەوتن بە ئاژەڵێکی هەڵگری ڤایرۆسەکە
 
- خواردنی گۆشتی ئاژەڵێکی هەڵگری ڤایرۆسەکە
 
- بەریەککەوتن لەگەڵ کەسێکی تووشبوو
 
- بەریەککەوتن لەگەڵ جرج و مشک
 
نیشانەکانی تووشبوون بە تای خوێنبەربوون:
 
- تا
 
- شەکەتی و هەستکردن بە بێهێزی
 
- سەرسووڕان
 
- ئازاری ماسوولکە، ئێسک یان جومگەکان
 
- هێڵنج و رشانەوە
 
- سکچوون
 
ئەو نیشانانەی کە مەترسی لەسەر ژیان دروستدەکەن:
 
- خوێنبەربوونی ژێر پێست یان ئۆرگانە ناوخۆییەکان یان لە دەم، گوێ و چاو.
 
- لەکارکەوتنی سیستەمی دەمار
 
- کۆما
 
- سستبوونی گورچیلە
 
- ناکارابوونی کۆئەندامی هەناسەدان
 
- ناکارابوونی جگەر
 
رێگەکانی خۆپارێزی لە چەند خاڵێکدا
 
- پۆشینی پۆشاک و دەستکێش لەکاتی سەربڕینی ئاژەڵ
 
- پۆشینی پۆشاکی قۆڵدرێژ لەو شوێنانەی گومانی بوونی ڤایرۆسەکەی لێدەکرێت
 
- رشاندنی ژینگەی کارکردن
 
- دوورکەوتنەوە لە ژینگەی گوماناوی
 
- دوو هەفتە بەر لە سەربڕین، پشکنین بۆ ئاژەڵ بکرێت
 
- دوورکەوتنەوە لە کەسی تووشبوو
 
- دەستشۆردن لەدوای سەردانی نەخۆش

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنێکی حەرەمی مەککە. وێنە: AFP

حەج و عومرە هۆشداری تووند لە حەجی بازرگانی دەدات؛ 'کێشەی شەرعی هەیە'

بەڕێوەبەرایەتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان، هۆشداری تووند لەبارەی بانگەشەی "حەجی بازرگانی" دەدات و دەڵێت، هەر کۆمپانیا و لایەنێک لەو بابەتەدا تێوەبگلێت رووبەڕووی تووندترین سزای یاسایی دەبێتەوە. سەرۆکی یەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستانیش دەڵێت، "ئەو جۆرە حەجە کێشەی شەرعی هەیە".