رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانی دەڵێت، بەڕێوەبەری قوتابخانەی رازی، بەبێ رەزامەندیی بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردە لێدوانی بۆ دەزگاکانی راگەیاندن داوە و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی سلێمانیی تۆمەتبار کردووە بەوەی پێداویستییەکانی بینای قوتابخانەکەی بۆ دابین نەکردووە، بۆیە لێپێچینەوەی تووندی لەگەڵ دەکرێت.
دوێنێ لە قوتابخانەی رازیی بنەڕەتیی سنووری قەزای بازیان، بەڕێوەبەری قوتابخانەیەک سەری 7 قوتابیی تاشی. دوای ئەوەی هەواڵەکە لە رووداو بڵاوکرایەوە، بەڕێوەبەری قوتابخانەکە بۆ دەزگاکانی راگەیاندن قسەی کرد و هەواڵەکەی رەتکردەوە، باسی بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی سلێمانی کرد و گوتی: "بەپێی پێویست هاوکار نین لە دابینکردنی کەلوپەلەکانی بینای قوتابخانەکە."
رۆژی چوارشەممە، 23ـی نیسانی 2025، نەژاد عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لێژنەیەکمان پێکهێناوە بۆ لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون لەسەر ئەو بابەتە، پەیوەندیمان بە کەسوکاری قوتابییەکان و بەڕێوەبەری قوتابخانەکە کردووە، تاوەکو ئامادەبن لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی سلێمانی."
وەک نەژاد عەبدوڵڵا دەڵێت، "دوێنێ درەنگی شەو کۆمەڵێک کەس لە قوتابخانەکە ئامادە بوون و بەڕێوەبەری قوتابخانەی رازی لەبەردەم دەزگاکانی راگەیاندن گوتی 'ئەمە کەسوکاری قوتابیانن و کێشەیان نییە'، بەڵام هەندێک دەنگۆ هەیە کە رەتی دەکەنەوە ئەو کەسانە هەموویان دایک و باوکی ئەو قوتابییانە بن، بۆیە ئێمە بەدواداچوون لەوەش دەکەین."
بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانی گوتی "دوێنێ باوکی قوتابییەک پەیوەندیی پێوە کردین و گوتی سکاڵای هەیە، ئەمڕۆ سکاڵاکە دەکرێت و لە بەشی یاسایی تۆماری دەکات. هەروەها جیا لەوەش، ئێمەش لێپێچینەوەی تووندی لەگەڵ دەکەین، چونکە بەبێ مۆڵەتی بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردە لێدوانی داوە و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی سلێمانی تۆمەتبار کردووە بەوەی پێداویستیی بینای قوتابخانەیان دابین نەکردووە."
دوێنێ لە بەداواداچوونێکی تۆڕی میدیایی رووداو دا دەرکەوت، بەڕێوەبەری قوتابخانەیەک لە سنووری سلێمانی سەری 7 قوتابی تاشیووە، ئەوکات پشتیوان غازی محەممەد، بەڕێوەبەری قوتابخانەکە بە رووداوی گوت: "ئەو قوتابییانە دەستیان کورت بوو، من وەکو خێر ئەم کارەم کردووە."
دوێنێ، نەژاد عەبدوڵڵا بە رووداوی گوت: "هەر کارێک لە دەرەوەی پەروەردە و فێرکردن بێت، دەبێ رەزامەندیی وەزارەتی پەروەردەی هەبێت، ئەگەر ئەو مامۆستایە بە خێریش ئەو کارەی کردبێ، مادام رەزامەندیی بۆ وەرنەگرتووە بە سەرپێچی هەژمار دەکرێت، ئەگەر سەرتاشیش چووبێتە ناو قوتابخانە، ئەوەیش سەرپێچییە، چونکە مۆڵەتی بۆ وەرنەگیراوە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ