رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی پەروەردە سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکان ئاگادار دەکاتەوە، بەپێی ساڵنامەی خوێندن پێویستە سبەی دەست بە دەوام بکرێتەوە و درێژە بە تاقیکردنەوەکان بدرێت.
رۆژی یەکشەممە، 23ـی ئاداری 2025، نەژاد عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "سبەی دەوام لە هەموو پەروەردەکان دەستپێدەکاتەوە، درێژە بە تاقیکردنەوەکانی نیوەی یەکەمی وەرزی دووەم دەدرێت."
چوار تاقیکردنەوە پێش جەژنی نەورۆز کرابوون. نەژاد عەبدوڵڵا دەڵێت، "سێیان ماون؛ لە سبەیەوە دەست بە تاقیکردنەوەکان دەکرێتەوە."
بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانی گوتی، "سبەی تەنیا ئەو قوتابییانە تاقیکردنەوە دەکەن کە لەگەڵ ساڵنامەی خوێندن دەستیان بە وانە خوێندن کردبوو، ئەوانەی کە لە ساڵنامەی خوێندن دواکەوتبوون، 13-4-2025 تاقیکردنەوە دەکەن و 22ـی نیسان تەواودەبن."
لەبارەی تاقیکردنەوەکانی کۆتایی وەرزی دووەمیش گوتی، "لەکاتی خۆیدا لەگەڵ هەموو پەروەردەکان دەکرێن."
ئەمڕۆ وەزارەتی پەروەردە لە راگەیێندراوێکدا سەرجەم قوتابخانە حکومی و ناحکومییەکانی پەروەردەی هەولێر، سلێمانی، دهۆک، هەڵەبجە، گەرمیان، راپەڕین، سۆران و زاخۆی ئاگادار کردەوە، پابەندبن بە ساڵنامەی خوێندن بەهۆی پشووەکانی ئادار و نەورۆزەوە دەوام نەبوو. لە کاتی خۆیشیدا دەست بە دەوام بکەنەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ